architectural-design-architecture-art-262577.jpg

یونیسکۆ سلێمانی وەک شاری ئەدەب دیاریکرد

گەلاوێژ

لە رۆژی جیهانیی شارەکاندا کە ساڵانە لە رۆژى 31/10 بەڕێوەدەچێت، رێکخراوی یونسکۆ (66) شاری جیهانی خستە ناو لیستی شارە داهێنەرەکانی جیهانەوە، کە یەکێکیان شارى سلێمانییە و وەکو شاری ئەدەب دەستنیشانیکردووە.

دیاریکردنى سلێمانی وەک شاری ئەدەب له لایەن یونیسکۆوە، هەوڵ و کارکردنی هاوڕێیانی کەشکۆڵە کە پڕۆژەیەکی کولتوورییە و کارى زۆرى بۆ کردووە.

 هاوڕێیانی کەشکۆڵ بۆ ئەوەی سلێمانی وەک شاری ئەدەب له لایەن یوونیسکۆوه بناسێنن، هەوڵێکی زۆریاندا، له کۆتاییدا سلێمانی چووه لیستی (264) شاری ئەندام لەو تۆڕەی که یونیسکۆ هەڵی بژاردوون وەک شاری ئەدەب و هونەر لە سەرتاسەری جیهاندا.

 ئەو شارانەی که دەخرێنە ناو تۆڕەکەوه دەبێت پلانی ستراتیژیی وردییان هەبێت له بواری کولتووردا به گشتی و گەر له ساڵانی داهاتوودا ئەو پلانانه جێبەجێ نەکەن ئەوا دەکرێنه دەرەوەی تۆڕەکە.

بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ ساڵانە لە شارى سلێمانى گرنگیى زۆر دەدات بە بوارى ئەدەب، تاکو ئێستاکە (22) ساڵە لەسەر یەک فێستیڤاڵى گەلاوێژ لەم شارە ئەنجام دەدات و (23)یەمین فێستیڤاڵیش بەڕێوەیە کە تیایدا سەدان ئەدیب و هونەرمەند لە هەر چوارپاچەکەى کوردستان و دەرەوەى کوردستان و مێوانان لە دەرەوەى کوردستان بانگهێشت دەکات لەماوەى رۆژانى فێستیڤاڵیش دەیان شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە پێشکەش دەکرێت و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و یەکەم و دووەم و سێیەمیش وەک هاندان و بەردەوامی بۆیان خەڵات دەکرێن، بۆیە دەکرێت گەلاوێژ بکەین بە وەرچەرخانێک و دەروازەیەکى گرنک بۆ هەموو ئەوانەى لە خەمى ئەوەدا بوونە سلێمانى بکرێتە شارى ئەدەب.

سلێمانی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵی 2012 وەکو پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان دەستنیشانکرا.

لە لیستەکەدا بە تەنیشت سلێمانییەوە ئەم شارانە دەبینین:

باکۆ/  ئازەربایجان، وەک شاری دیزاین

ئەساهیکاوا/ ژاپۆن، وەک شاری دیزاین

بەیرووت/  لوبنان، وەک شاری ئەدەب

هاڤانا/ کیووبا، وەک شاری میوزیک

کوهمۆ/  فینلەندا، وەک شاری ئەدەب

میتز/ فەڕەنسا، وەک شاری میوزیک

سنە/ رۆژهەڵاتى کوردستان، وەک شاری میوزیک

پۆتسدام/ ئەڵمانیا، وەک شاری فیلم

سلێمانی/ هەرێمى کوردستانى عێراق، وەک شاری ئەدەب

وارشۆ/  پۆڵەندا، وەک شاری ئەدەب


ئەم بابەتە 201 جار خوێندراوەتەوە