Ahmad_kaya.jpg

لە یادى (19) ساڵەى کۆچى دوایى ئەحمەد کایادا

لە رۆژى 16 ئەم مانگەدا (19) ساڵ بەسەر کۆچى دوایى گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و موزیکژەنی کورد ئەحمەد کایا تێدەپەڕێت.

کایا، لە رۆژى 28/10/1957 لە شاری مەلەدیی باکووری کوردستان لە دایکبووە، لەگەڵ خێزانەکەى بە ھیوای ژیانێکی باشتر رووى کردۆتە شارى ئەستەمبوڵ و لەوێ تێکەڵ بەکارى سیاسى بووە، بەڵام سیاسەت نەبۆتە رێگر لە بەردەم کارە هونەرییەکانى، بەڵکو لە پاڵ سیاسەتیش خۆی فێرى موزیک کردووە.

کایا، لە نوسینى شیعردا دەستێکى باڵاى هەبووە، لە ساڵی 1985 ئە یەکەم ئەلبوومی بەناوی (مەگری کۆرپەکەم) بڵاوکردۆتەوە، بەڵام هەرزووی نۆبەرەکەی رووبەڕووی رق و تووڕەیی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەبێتەوە و قەدەغە دەکرێت.

بە گۆرانییە کۆمەڵایەتییەکانی لایەنگری خەڵکی ھەژار و کوردی باکورى کوردستانى کردووە، ئەمەش بوەتە گرفت بۆى، هەرزوو لەلایەن دەسەڵاتدارانى تورکیاوە قەدەغەى گۆرانیەکانى کراوە و هەوڵى زیندانى کردنیان داوە.

لە رۆژى 10/2/1999 کاتێک بووە براوەی خەڵاتێکی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی چاپی تابلۆی، وەک باشترین گۆرانیبێژی ساڵی دیاریکرا و لە مەراسیمەکەدا خەڵاتى وەردەگرت، وتی: "من گۆرانییەکی کوردیم لەناو ئەلبومە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم، گومانم نییە چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی بوێر هەن کە ئەلبومە تازەکەم بڵاوبکەنەوە"، دوای تەواو بوونی قسەکانی، چەندین ھونەرمەندی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد: خاین! بڕۆ دەرێ، لە رۆژى 30/4/199 دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا، تۆمەتی خەیانەت بە نیشتمانی، دایە پاڵی و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە تووندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری و ھەندێ رۆژنامە و دەزگای راگەیاندن داوای حوکمی لە سێدارەدانیان بۆ کرد.

لە ماوەى تەمەنى ژیانیدا چەندین تۆمەتى خراوەتە پاڵى لەوانە، گوایە لە بەرلین کۆنسێرتی کردوە و پارەی بۆ پەکەکە کۆکردۆتەوە. لە بەردەم یەکەمین دانیشتنی دادگا ئامادەبوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی رەت کردەوە کە درابوونە پاڵی.

لە ساڵی 2000  بەیەکجاریی رووی لە فەرەنسا کرد، بەڵام تاراوگە نەیتوانی برینەکانی ئەو ساڕێژ بکات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەبارەی غەریبیی خۆیەوە بە چاوی فرمێسک تێدا قەتیزماودا، دەڵێت: "هاوین بێت و زستان بێت شەوانە زۆر سەرمام دەبێت، لەبەر ئەوە نییە کە گەرمکەرەوە نییە، بەڵکو یەک هۆکار هەیە، ئەویش لەبەر دووری وڵاتە سەرمام دەبێت، کۆتایی تەختی ئەم سیناریۆیە بە کەوالیسێکی کوشندە دادەپۆشرێت، ڕۆژێک دێت هەر دەگەڕێینەوە"، لەو ماوەیەى لە ئەورووپا بووە، دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی خۆى، سزای (10) دە ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

لە ساڵی 2000 لە فەرەنسا کۆنسێرتێکی گەورەی سازکرد، کە نزیکەی ملیۆنێک کەس بەشدارییان تێداکرد و لەو کۆنسێرتێەدا بۆ یەکەم جار گۆرانییەکی بەناوی وەڵاهی بیری ئاپۆ دەکەین چڕی.

لەماوەی ژیانی هونەریدا (17) ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە،لە دوای خۆشی (گوڵتەن)ی ھاوسەری ئەلبوومە تەواو نەکراوەکەی بەناوی (گوێ بگرە وڵاتە خۆشەویستەکەم) بڵاوکردەوە، چەن ئەلبوومێکی دیکەشی دوای خۆی بڵاوکرانەوە.

لە رۆژى 16/11/2000 لە شارى پاریس کۆچى دوایى کردووە و هەر لەوێش لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس (پیرلاشیز) لە تەنیشت گۆڕی سینەماکاری بەناوبانگی کورد یەڵماز گۆنا بەخاکسپێردراوە، لە دواى کۆچى دوایشى لەبەرامبەر هونەرە گەوەرەکەى، لە رۆژى 28/10/2013، لە سالڕۆژى لە دایکبوونیدا، عەبدوڵا گول سەرۆکی ئەوکاتەى تورکیا خەڵاتی (گەورە)ی بەخشیە کایا.


ئەم بابەتە 191 جار خوێندراوەتەوە