_.jpg

لە وڵاتێکی تاڵانکراو و خەمگیندا

عەبدولعەزیم فنجان، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: تەیب جەبار

 

خۆشتم دەوێ چونکە دڵم وەک مەشخەڵی ئارەزووت دەگەشێتەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی تامی سوێری لە فرمێسکتدا دەمگەڕێنێتەوە بۆ قوڕ، کە باپیرانم وێنەی ڕووخساری تۆیان لەسەر کێشا، نووسینیان دۆزییەوە.

 

خۆشتم دەوێ چونکە هەڵەکانم ڕاستن، چونکە کاروکردەوەی ڕاستم هەڵەیەکی مسۆگەرە، چونکە تۆ شوورا دەسڕیتەوە، چونکە تۆ ئەو پاچەی تەیمانی نێوان جەستە و جەستە دەڕووخێنی.

 

خۆشتم دەوێ چونکە تۆ ئازادییەکی ئازادی، منیش باڵدارێکی بێهێلانەم، قەت دەستی ئاسمانیش نەیگرتووە، چونکە ئەوە ئازادیم لە چنگی زەمەن دەڕفێنێ، هەر ئەوەش وا دەکا مردن لە بزەم ڕابمێنێ، کاتێ لەنێو کەڵبەکانی ئەودام.

 

خۆشتم دەوێ بۆ ئەوەی لە دزێویم، لە گێژەڵووکەی ناخم ڕابکەم، هەروەها لەو خەمەی وەک گەردەلوولێکی تووڕە پەلاماری کێڵگەکانم دەدا، بۆ ئەوەی لە قورساییی بوونم لەم دنیایە دەرباز بم، یاخود لە قورساییی دنیا لەسەر بوونم، بۆ ئەوەی زانین بگرم، لەگەڵ ئەو هونەرەی گەردوون جوانتر دەکا.

 

خۆشتم دەوێ...

ئاخ، ئەمە زۆرترین ڕووناکییە دەتوانم بیڕێسم، لە وڵاتێکی تاڵانکراو و خەمگیندا.

 

 

 ژیاننامەی شاعیر

*شاعیرێکی عەرەبی عیراقییە

*ساڵی 1955 لە شاری (ناسریە) لە دایک بووە

*قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە ناسریە تەواو کردووە.

*ساڵی 1980 کۆلێژی پزیشکیی ڤێتێرنەری لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە

*لە کۆتاییی حەفتاکانی سەدەی پێشووەوە دەستی بە شیعرنووسین کردووە

*یەکەم بەرهەمی شیعری لە ساڵی 1993 بڵاو کردووەتەوە

*تا ئێستا 6 کۆمەڵەشیعری بڵاو کردووەتەوە.

*ساڵی (1996) ئاوارەی ئێران بووە.

*لە ساڵی 2000 بۆ 2003 لە سلێمانی ژیاوە.

*دوای ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە سەر ئەرکەکەی وەک پزیشکی ڤێتێرنەری لە کەرکوک.

* ئێستا خانەنشینە.


ئەم بابەتە 122 جار خوێندراوەتەوە