zdemirasaf1-1.jpg

دەستم لە هاتنت شۆردووە

ئۆزدەمیر ئاسف/ وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

ئیتر وەکوو جاران دڵتەنگت نابم

تەنانەت ئێستا جارجار ناشگریم

لە هیچ یەک لەو ڕستانەدا کە ناوی تۆیان تێدایە

چاوم تەڕ نابێت

ڕۆژژمێری ڕۆژانی نەهاتنیشتم فڕێ داوە

نەختێک ماندووم

نەختێک تێکشکاو

نەختێکیش نەبوونت تاریکی کردووم

ئەوەی چۆن دیسان باش دەبمەوە

هێشتا فێری نەبوومە

تەنیا "باشم"گەلێکم نووساندوون بە زمانمەوە

پەرێشانم...

لەبیرکردنی تۆ

سەرەڕای ئەوەی ملیۆنان جار

سەر لە زەینم دەدەم و

ناتوانم ڕووخسارت بە بیر بێنمەوە

منی ترساندووە

چیتر چاوەڕێی هاتنت نیم

تەنانەت ئیتر

دەستم لە داواکەم

بۆ هاتنت شۆردووە

ئەوەی لە بارودۆخت ئاگەدار بم

چیتر بۆم گرنگ نییە

هەندێک جار دەکەویتەوە یادم

بە خۆم دەڵێم: بە من چی؟

ئازار بەسمە

ئایا خووم گرتووە بە نەبوونتەوە؟

دەستم لە هەبوونت شۆردووە؟

پەرێشانم...

ئەی ئەگەر

عاشقی کەسێکی تر بم؟

ئەو ڕۆژە

باوەڕ کە

هەتا لە ژیاندا مابم

هەرگیز

ناتبەخشم

 

 

 

 

 

| ئۆزدەمیر ئاسف، شاعیری ناوداری تورک، لە ١١ـی جوونی ١٩٢٣ لە ئەنکارا لە دایک بووە. ٢٨ـی جێنیوەریی ١٩٨١ لە ئیستانبووڵ کۆچی دواییی کردووە.


ئەم بابەتە 82 جار خوێندراوەتەوە