Iptisam1.jpg

د. ابتسام اسماعیل: ئەم نازناوە نامۆ نییە بە شارێکی وەکو سلێمانی

بەڕێزان ئامادەبوان

ئەم کاتەتان باش بەخێربێن بۆ ئەم ئێوارە تایبەتە بە بۆنەی بەخشینی نازناوی شاری داهێنانی ئەدەب بە شارەکەمان شاری شاران، سلێمانی.

بەخێر بێن سەرچاوان.

بەڕێزان....

هەڵبەتە ئەم نازناوە نامۆ نییە بە شارێکی وەکو سلێمانی، کە لە مێژوی کەمی دروستبوونیدا چەندین سەروەری تۆمار کردووە، خەرمانێک لە داهێنان و شاڕایەکی لە شیعر و ئەدەب.. لە ئەدەبی زارەکی تا دەگاتە نێو قوڵایی خامە و پەڕەمووچی زاناکانمان هەر لە تەکییە و خانەقاکانی تا دەگاتە لووتکەی دەزگا ئەکادیمییەکان.

سلێمانی بە بارتەقای چیاکانی ئەدیب و مێژونوس و روناکبیریی لە هەناویدا بە میهر و سۆزی گۆش کردووە.. چەندین ئەستێرەی هەڵکشاوە بەرەو بەرزایی ئاسمان سەر قافڵەیان گرتووە لەگەڵ ئەستێرەکان پێکەوە کەوتنە گفتووگۆ و لەو سەرەوە بە کۆمەڵێک ملوانکەی زێڕین و یاقووت نیشتنەوە لەسەر دەفتەری سەروەرییەکانی کورد...

سلێمانی شارێکە (235) ساڵە دروست بووە، بەڵام بە گەورەیی خەمخۆرانی.... بە بەردەوامی پەخشی مەعریفە و کۆڕەکانی... بە بەرزی دەزگای ئەکادیمییەکانی... بە پەرۆشی ڕۆڵەکانی لە بواری پەروەردە و هونەر و خزمەتی مرۆڤایەتی.. ئەمڕۆ ناوی دەچێتە پاڵ چەندین شاری تری جیهان و نازناوی شاری داهێنان وەردەگرێت.

پایتەختی ڕۆشنبیری بە هەوڵ و کۆششی خەمخۆرانی شار و خۆشەویستانی دەبێتە شاری داهێنان و ئەدەب کە هیوامان وایە چەندین نازناوی شایستەی تری پێ ببەخشرێت....

بەڕێزان....

بنکەکەمان، بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەتا ئەمڕۆش، سەر مەشقە و نێوەندی پێشبڕکێی روناکبیران بووە، هەوڵەکانی دەستەی دامەزرێنەر و کارمەندانی بە درێژایی ئەم چەندین ساڵە جێگەی بەرز نرخاندنە، ئەوانیش پشکێکیان هەبووە لە وەرگرتنی ئەم نازناوە... (22) ساڵ پێشبڕکێی ئەدەبی و هێنانی ژمارەیەکی بەرچاوو لە وڵاتانی جیهان و ئاڵووگۆڕی فیکری و ئەدەبی جێگەی خۆی دەگرێ... ئەم بەردەوامییە بۆتە هۆی ئەوەی مەشخەڵی فکری ئازاد لەم شارەدا کڵپە بسەنێت.

ئێمە لە کاتێکدا سوپاسی هەوڵەکانی گرووپی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی دەکەین... دەمانەوێت سوپاسی بەڕێزان پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەرێتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی بکەین... سوپاسی زۆرمان بۆ ڕێکخراوی یونسکۆی جیهانی کە پێزانینیان بەرامبەر بە داهێنانەکانی ئەم شارە هەبووە و بەرز نرخاندوویانە.

لێرەوە داوا دەکەین لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم کە بودجەیەکی تایبەت بۆ بەردەوامبوونی ئەم چالاکییانە تەرخان بکرێت، چونکە ئەم نازناوە کۆمەڵێک بەرپرسیاریەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت...

- چۆن بپارێزرێت؟

- چۆن هەوڵ بدرێت فراوانتری بکەین؟

- چۆن لە کایەکانی تردا هەمان نازناو بەدەست بهێنین؟

دووبارە جارێکی تر سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە ماندوو بوون لە پێناوی بەدەستهێنانی ئەم نازناوە.

سوپاس بۆ مێژووی ئەدەبی ئەم شار، کە شاعیرانی وەک نالی و مەحوی و سالم و کوردی و سەجادی و چەندین و چەندینی تری هێناوەتە ئەفراندن... سەربەرزین سلێمانی شاری ئەدەبە... سلێمانی بە ئەمەکە بۆ ئێوە و داهێنانەکانتان.

سڵاو لە شاری شاران، شارە حەیاتەکە سلێمانی.

سوپاس بۆ ئامادە بوونتان


ئەم بابەتە 251 جار خوێندراوەتەوە