cemal-sureya-forneo_(1).jpg

گۆرانییەکی خەمگین لە وێستگەکەدا

جەمال سورەیا/ وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

 

چەند شیعرێک

 

ئیستانبووڵ

شارێک کە هەم تۆیت

هەم منم

بەڵام ئێمە نیین

*

 

لە دووتوێی چیرۆکێک لە گوڵەکانی شەو

بە بەهای ماندوویەتیی ئەسپەکان

وەک بڵێی، کەسێک بە ناوی ئەو بوو

کە زارێکی جوانی بوو

 

پاش چەندین سەعات خۆشەویستی

لە پشت تەلەفۆنەوە

دەڕۆیشت و دەنگی دەشووشت

 

لە گیرفانیدا

دوگمەیەکی مەزن و پرچێکی درێژی هەبوو

ئەودەم کە پێکە شەرابەکەی هەڵدەدا

ئاپۆڕە و ترسێکی نامۆ لە نێوان پەنجەکانیدا بوو

 

ئەو شەوەم لە ئەکسەرای

هەرگیز لە بیر ناچێتەوە

کە دەستت هێنا بە ڕووخسارمدا

وەک بڵێی

هەرچەند لە دەریا نزیک دەبوومەوە

باوەڕم دەکرد کە مەزنیی ئەم ڕووناکییە

لە ڕووخساری منەوە بوو

 

بارانبارین

بە کاتی ئارامبوونەوەی ئازار

لە خۆشیی بوونەکەی

ڕووداوێکی دەگمەن بوو

چەشنی هارمۆنیکای قەرەجەکانی باشوور

ڕەنگاوڕەنگ و

وەکوو کیسەیەکی پڕ لە باڵندە

نەوایەکی خۆش لە گەروویدا بوو

*

 

هەر جارێک

هەوای ڕۆیشتن لە دڵم بدات

دەڕۆم

لە گۆشەیەکدا

تەنیا، دادەنیشم

 

تا ئەم سەودایە

لە خەیاڵم

دەربچێت

 

دەزانم

ئەگەر بڕۆم

هەرگیز بۆ ئێرە

ناگەڕێمەوە

*

 

گەر ببوویتایەتە بارانیش، لە نێوان هەزاران دڵۆپدا

تۆم بە جامێکی بلوورین دەگرت

دەترسام

چونکە

خاک هەر شتێک بگرێت نایداتەوە

*

 

نووشتامەوە ئارام

چرپاندم بە گوێی قەڵەمەکەمدا

ئەگەر یەک جاری تر ناوی بنووسی

تۆیش دەشکێنم

*

 

منت خۆش بوێ

چەشنی تێپەڕین لە لایەکی شەقامەوە

بۆ لایەکەی دیکە...

سەرەتا تەماشای من بکە

پاشان تەماشای من بکە

جا پاشان،

دیسان تەماشای من بکە

*

 

بارودۆخم

نەختەنەختە

وێرانتر دەبوو

 

فرمێسکیش

لە چاوەکانمدا

زیاتر و زیاتر

 

وا بزانم

نیوەشەو

شتێک چەشنی تۆ

لە دەروونمدا

دەستی بە بارین کردبوو

*

 

نێوان من و تەنیاییم

سەرەتا

دەستەکانی تۆ بوو

پاشان دەرگاکان تا ئاخر

کرانەوە

پاشان ڕووخسارت

چاوەکان و لێوەکانت و

پاشان تێکڕای تۆ

یەک لە دوای یەک هاتن

 

نێوان من و تۆ

حەسارێک لە بوێری هەڵچنرابوو

تۆ

شەرمەزارییەکەت لە جەستەت

داکەند و

بە دیوارەکەوە هەڵتواسی

من تێکڕای یاساکانم

لەسەر میزەکە دانا

 

ئەرێ...

هەموو شتێک سەرەتا بەم جۆرە دەستی پێ کرد

*

 

لە وێستگەکەدا

سێ کەس

وەستاون

 

پیاوێک

ژنێک و

منداڵێک

 

دەستەکانی پیاوەکە

لە گیرفانەکانیدا و

ژنە

دەستی منداڵەکەی

گرتووە

 

پیاوەکە خەمگین

پیاوەکە

وەکوو گۆرانییە خەمگینەکان، خەمگین

 

ژنەکە جوان

ژنەکە

وەکوو بیرەوەرییە جوانەکان، جوان

 

منداڵەکەیش

وەکوو بیرەوەرییە جوانەکان خەمگین و

وەکوو

گۆرانییە خەمگینەکان، جوان

 *

 

تۆ ئەڤین بووی
بە بۆنی جەستەت ئەمەم زانی
لەوانەشە زۆر درەنگ
بە تۆ گەیشتبم
زۆر درەنگ...

بەڵام مەگەر
یاسا ئەمە نەبوو
کە ئەوەی درەنگ دێت
سەرەنجام ڕۆژێک
دەگاتە ماڵەکەمان؟

خوومان گرتووە
بە نەبوونییەکان و
لەوانەشە بە خەم

ئەرێ
تۆ ئەڤین بوویت
ئەمەم
بە ڕۆیشتنت زانی

دەنا
ئیستانبووڵ
هەرگیز بەم جۆرە
بێڕەحم نەبوو

 

 

 

 

جەمال سورەیا، لە ساڵی ١٩٣١ لە پولومور-تورکیا لە دایک بووە. لە ٩ـی جێنیوەریی ١٩٩٠ـدا لە ئیستانبووڵ کۆچی دواییی کردووە. گۆرانییە سپییەکان ناوی یەکەم شیعری بوو کە لە گۆڤاری مەلەکییەدا بڵاو بووەوە. یەکێکە لە بینادنەرانی ڕەوتی دووەمی شیعری نوێی تورکی. ئەو ٥٩ ساڵ ژیا.

 

 


ئەم بابەتە 162 جار خوێندراوەتەوە