plate11.jpg

عاشقانەکانی دەستفرۆشێک

شیعری فۆلکلۆری ئەرمەنی/وەرگێڕانی شاڵاو حەبیبە

 

 

گۆرانیم بۆ چاوت گوتووە

لە ترسی دایکت

تەنانەت

خۆم سەرخۆش کردووە

 

ئەمڕۆ کۆنە دەکڕم

سبەی بارەدار دەفرۆشم بە کوورەدارەکان

دووسبەی شانە و ئاوێنە دێنم

ئەگەر هەر نەهاتیتە دەر

سێسبەی دەچمە کۆڵانێکی تر

 

وەرە سەردانم خۆشەویستم

ژنەکەم پێی زانیوە کە تۆم خۆش دەوێت

ئێستا

لە ماڵەبابیەتی

 

باوکت زۆر ناحەزە خۆشەویستم

قەتیش هیچم لێ ناکڕێت

 

سەرینەکەتم پێ بفرۆشە خۆشەویستم

سەرم پڕە

لە خەون

 

حەز دەکەم ببم بە تەسریحە

چیم داوە لەم دەستگێڕییە

 

لەو کۆڵانانەی دی کچی زۆم ماچ کردووە

بە شانەیەکی تەختە

ئاوێنەیەکی عەتیقە

یان کرێمێک بۆ زیبکەکانیان

بەڵام تۆ هیچت لێم ناوێ جوانی من

کەچی من دەستم لەم کۆڵانە نابێتەوە

 

دوێشەو نەمتوانی بێم خۆشەویستم

بە ئەستێرەکانیشم گوت پێت بڵێن

ویستیشم بای شەماڵ ڕاسپێرم هەڵی نەکرد

ئاخری کوڕەکەمم خەبەر کردەوە

بێ پێت بڵێ نەخۆش کەوتووم

 

بە بیانووی نوێژێک هاتمە ماڵتان

تۆ لەسەر بان بوویت

من ڕقم لە زەوی بووەوە

 

بە دایکمم گوتووە

دوعایەکت لێ بکات

ڕووخسارت گشتی ببێ بە پەڵە

جا دەتبینم دێی بۆ لام بۆ مەرهەمکڕین

زیزەگیان

 

 


ئەم بابەتە 155 جار خوێندراوەتەوە