11.jpg

پاریس.. کۆنفرانسی (عێراق دەوڵەتی بێ نەتەوە؟ ناڕەزایەتییەکان، دەستێوەردانەکان، بەمیلیشیاکردن) بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/12/2019، لە یەکێک لە هۆڵەکانی پارلەمانی فرەنسا (کۆلبێر) لە پاریسی پایتەخت و بە ئامادەبونی ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژەر و سیاسەتکار و تایبەتمەندانی بواری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆنفراسی هاوبەشی (پلاتفۆرمی دابڕان و په‌یمانگای تاوتوێکردن و توێژینه‌وه‌ی دەریای ناوەڕاست و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ـ iReMMO) بە ناونیشانی (عیراق دەوڵەتی بێ نەتەوە؟ ناڕەزایەتییەکان، دەستێوەردانەکان، بەمیلیشیاکردن) بەڕێوەچو.

لە دەسپێکی کۆنفرانسەکەدا، ژۆن ژاک بریدی، سەرۆکی گروپی دۆستایەتیی فرەنسی ـ عیراقی لە ئەنجومەنی نیشتمانیی فرەنسا لە وتەیەکدا باسی گرنگیی کۆنفرانسەکەی کرد.

پاشان، مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری پلاتفۆرمی (دابڕان)، وتارێکی پێشکرد، کە تێیدا بە بیری ئامادەبوانی هێنایەوە، کە چەند رۆژێک پێش ئەمڕۆ، ساڵیادی واژۆکردنی پەیماننامەی (سایکس ـ پیکۆ) بو، لەو ساڵەوە تائێستا (فرەنسا و بریتانیا) بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان نەخشەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوینیان کێشا، کورد لە هەمو مافەکانی بێبەشکرا، هەروا ویسترا نیشتمانێک لە عیراق بۆ هەموان دروست بکرێت، ئێمە بەشبەحاڵی خۆمان لە سەرەتاوە وتومانە ئەمە وا دروست نابێت، سەرەنجام ئەوە دەرکەوت کە، ئەوکاتەی (سایکس ـ پیکۆ) واژۆکرا سێ ئەزمون بۆ (مافی چارەنوس) لە دنیادا هەیە، یەکەمیان هی پاشایەک بو کە (پاشای سوید)ـە، دوەمیان هی کۆمۆنیستێک بو کە (لینین)ـە، ئەزمونی سێیەمیشیان هی سەرۆکوەزیرانی وڵاتێکی دیموکراسییە کە (وڵسن)ـی سەرۆکی ئەمەریکایە، پاشای سوید مافی چارەنوسی (نەرویج)ـی دا، بو بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، لینین مافی فینلەندای دا، بو بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بە قسەی سەرۆکی ئەمەریکا نەکرا، کە (کورد و ئەرمەن و فەلەستینی) دەوڵەتی سەربەخۆیان هەبێت، تائێستاش رۆژهەڵاتی ناوین بە دەست کێشەی ئەو میللەتانەوە دەناڵێنێت.

وتیشی: "کە ئێمە لە عیراق بوین، تائێستا کێشەکان چارەناکرێن، لە 1958ـەوە تا روخانی سەدام 44حکومەت دامەزراوە، لە دوای روخانی سەدامیشەوە پێنج حکومەت، نەک کێشەی نەتەوەیی و سیاسیی، کێشەی ئابوریشی چارەسەرنەکراوە، ئەوە کورد نیە لە بەغدا و بەسڕا راپەڕیوە، ئێمەنین بە عیراقمان وتبێ گەندەڵ بە، ئێمەنین بە عیراق دەڵێین دەستور جێبەجێ مەکە، ئێمەنین بە عیراق دەڵێین کێشەکان چارەسەر مەکەن، خۆیان کێشەکان چارەسەرناکەن، دەرکەوت کە ئەم عیراقە ناتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، تەنها دەبێ دەوڵەتێکی دیموکراسیی بێت، ئێمە پێمان خۆشە عیراق ببێتە دەوڵەتێکی دیموکراسیی و لە سایەی دەوڵەتێکی دیموکراسیدا بژین، ببێتە نیشتمانی هەمومان، هەمو مافەکانمان دەستەبەر بکات."

لە وتارەکەیدا، مەلا بەختیار راشیگەیاند، کورد لە هەمو کێشە گەورەکانی عیراقدا بەشێک بوە لە چارەسەر، بەڵام عیراق هەرگیز ئامادەنەبوە کێشە بنەڕەتییەکانی ئێمە چارەسەر بکات، ئێستاش ئێمە ئومێدەوارین رایگشتیی ئەوروپیی لەوە تێبگەن کە عیراق تاکو کێشەکانی خۆی چارەسەرنەکات، ناتوانێت ببێتە دۆستی ستراتیژیی هیچ دەوڵەتێک بێت، ناتوانێت کۆمەکی بەرژەوەندیی کۆمەڵ بکات، ئاسایشی ناوچەکە و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیش دەستەبەر بکات.

هەر لە دەسپێکی کۆنفرانسەکەدا، ژۆن پۆل شانیۆلۆ، سەرۆکی (ئیریمۆ)، باسی کۆنفرانسەکە و کۆنفرانسەکانی رابردو و سەردانی خۆی بۆ کوردستان کرد.

دوای ئەمە و لە پانێلی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا بە ناونیشانی (گەڕانەوە بۆ مێژو: عیراق لەژێر دو داگیرکارییدا، بریتانیا و ئەمەریکادا)، هەریەک لەم توێژەرانە بابەتیان پێشکەشکرد:  د. پیێخژۆن لویزار، سەرۆکی بەشی توێژینەوە لە سەنتەری نیشتمانیی فرەنسا بۆ توێژینەوە، د.مریەم یەعقوبی، مامۆستا لە زانکۆی تولوز لە فرەنسا فیلیپ گولوب، مامۆستا لە زاکۆی ئەمەریکی لە پاریس ئینجا لە پانێڵێکی تایبەت بە (بزاڤی ناڕەزایەتیی لە عیراقدا)، هەریەک لە د. ئیرادە ئەلجبوری، زانکۆی بەغداد، د. هیشام داود، سەنتەری توێژینەوەی فرەنسا تێڕوانینەکانیان لەوبارەیەوە خستەڕو.

پاشان پانێڵی دوەمی کۆنفرانسەکە بە ناونیشانی (مەرجەکانی بونیادنانەوەی نەتەوەیەکی عیراقیی) بەڕێوەچو، کە ئەم توێژینەوانەی تێدا پێشکەشکران: د.عادل باخەوان، سەرۆکی سەنتەری کۆمەڵناسیی عیراق لە زانکۆی سۆران: ئەفسانەی دەوڵەتی عیراقی د.هێمن عەزیز، پلاتفۆرمی دابڕان، زانکۆی کۆیە: سیستمی پەروەردە و پرۆسەی شوناسی نیشتمانیی لە عیراقدا د.بەسمە حەبیب، پلاتفۆرمی دابڕان، کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عیراق: گرفتی ناسنامەی نیشتمانیی لای کورد لە عیراقدا/ خوێندنەوەیەک بۆ هۆکارەکان و رێگاکانی چارەسەر.

بۆ دوانیوەڕۆش، پانێڵی سێیەم بە ناونیشانی (بەسەربازگەکردنی کۆمەڵی عیراق و روانگەکان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی) بەڕێوەچو، ئەم توێژەرانە بەشداریان تێداکرد: د. لولوئلوء ئەلڕەشید، شارەزا لە کاروباری عیراق د.هێرش رەسوڵ، پلاتفۆرمی دابڕان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیی: رۆڵی راگەیاندن لە روبەڕوبونەوەی توندوتیژیی ئاینیی لە عیراقدا/ توێژینەوەیەکی مەیدانییە، د. مێشێل ڤیڤیۆریکا، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە قوتابخانەی خوێندنی باڵا بۆ زانستەمرۆییەکانی، سەرۆکی خانەی زانستەمرۆییەکان.

لە کۆتاییشدا، د. عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فرەنسا، تیشکی خستەسەر پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی فرەنسا و عیراق، دواتر ئەنجامگیریی کۆنفرانسەکە لەلایەن ژۆن باتیست فێڤر، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی باکوری ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی فرەنساوە پێشکەشکرا.


ئەم بابەتە 93 جار خوێندراوەتەوە