11053136_1016404941721322_521555109607279306_o.jpg

ئەدۆنیس دەبێتە نەوەد ساڵ

 

عەلی ئەحمەد سەعید ناوسراو بە ئەدۆنیس، لە ١ـی جێنیوەریی ١٩٣٠ لە گوندی قەسسابین- سەر بە پارێزگای لازقییە لە سووریا لە دایک بووە. ئەو شاعیر، وەرگێڕ، نووسەر، ڕەخنەگری ئەدەبی و ئیدیتۆری سوورییە. یەکێکە لە کاریگەرترین و بەرجەستەترین شاعیرانی مۆدێرنی عەرەب. کۆتاییی ئەم مانگە، لەگەڵ جەژنەکانی سەری ساڵدا تەمەنی دەبێتە نەوەد ساڵ. ڕەنگە سەرەڕای پڕتەمەنییەکەی فریای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات نەکەوێت، کە ساڵانی ساڵانە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە ناوی لەنێو ناوانە.

 

ئەدۆنیس لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا شۆڕشێکی مۆدێرنیزمیی سەرپەرەشتیی دەکرد کە کاریگەرییەکی مەزنی بۆ سەر شیعری عەرەبی هەبوو، کە بە کایگەرییە مەزنەکەی ت. ئێس. ئیلیەت بۆ جیهانی ئینگلیزی بەراورد دەکرێت.

 

ئەدۆنیس زیاد لە بیست بەرگ شیعری نووسیوە و سێزدە بەرگیش ڕەخنەی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. دوازدە کتێبیشی لە شاعیرانی جیهان وەرگێڕاوە. لەوانە: سان-ژۆن پێرس و ژان بون‌ڤوا و هەروەها ئۆڤید. هەروەتر ئەنتۆلۆژیایەکی چەندبەرگیی شیعری عەرەبیی هەیە بە ناوی (دیوانی شاعیرانی عەرەب)، کە دوو ملیۆن بەیتی لە خۆ گرتووە و ساڵی ١٩٦٤ چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. هەڵبژاردەیەکە لەو شیعرانەی پێی باش و جوانن.

 

لە دنیای ئیسلامیدا ئەدۆنیس کەسێکی بەدناوە و لەبەر ڕەخنەکانی لە ئەقڵییەتی ئیسلامی، داوا کراوە کتێبەکانی بسووتێنرێن. خۆی لەم بارەیەوە دەڵێت: خودا بەو گەورەیییەی خۆیەوە هێشتی شەیتان قسەکانی خۆی بکات، بەڵام ئیسلامییەکانی ئەم ڕۆژگارە ناهێڵن ئەم شەیتانە بچووکانە قسەی خۆیان هەبێت.

 

ئەدۆنیس لە ئێستادا بە گەورەترین شاعیری زیندووی عەرەب دەناسرێت. لەو خەڵاتە گرنگانەی پێی بەخشراوە، یەکیان خەڵاتی گۆتەیە، کە ساڵی ٢٠١١ پێشکەشی کرا. خەڵاتەکە سێ ساڵ جارێک دەبەخشرێت.

 

ئەدۆنیس لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا لەسەر بانگهێشتی بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ سەردانی کوردستانی کرد و لە هەولێر و سلێمانی کۆڕی شیعر و گفتوگۆی ئەنجام دا. لە کاردانەوەی سەفەرەکەیدا کتێبێکی شیعریی بە ناوی "بنەچەی سەوسەن" نووسیی، کە بۆ کوردە و تەڵعەت تاهیر وەری گێڕاوە.

 

لە دنیای ڕۆشنبیریی کوردیدا ئەدۆنیس ناوێکی ئێجگار ناسراوە و زۆرێک لە کتێبەکانیشی لە لایەن وەرگێڕ-انێکی وەک نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، هیوا قادر و تەڵعەت تاهیرەوە کراون بە کوردی. هەڵبژاردەی شیعرەکانی ئەدۆنیس لە لایەن تەڵعەت تاهیرەوە بە ناوی "عەتری ئەو عاشقانەی مردن" وەرگێڕدراوە، کە نووسەر خۆی پێشەکیی بۆ چاپە کوردییەکەی نووسیوە.

 

 

__________

پێكى خورافات

ئەدۆنیس

وەرگێڕانی تەڵعەت تاهیر

 

1

له‌م رۆژگاره‌دا فێربووین بێئومێدى بخۆینه‌وه‌ ،

وه‌ك چۆن ئاو ده‌خۆینه‌وه‌ .

 

2

له‌ رۆژگارى رابردوومدا هه‌ڵه‌م زۆر كردووه‌ :

نه‌مده‌زانى چۆن توانام له‌ قسه‌كردندا

بپێوم به‌ توانام له‌ بێده‌نگ بووندا ؟

 

3

سیاسه‌ت و خووه‌كانى هه‌ستى ئازادییان لاى مرۆڤ كوشت ،

چه‌ند زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌مڕۆدا به‌ ناویه‌وه‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ن ،

تاوه‌كو كۆیله‌ بمێننه‌وه‌ .

 

4

نیتشه‌ ده‌ڵێ ( گرتنه‌به‌رى چه‌مكى كامه‌رانى وایكرد توێژینه‌وه‌ى زانستى بخنكێ )

ئه‌مڕۆ ده‌توانرێ بگوترێ ( گرتنه‌به‌رى توێژینه‌وه‌ى زانستى وایكرد چه‌مكى كامه‌رانى بخنكێ )

 

5

گوێملێگرت كه‌ به‌ناوى ئاینه‌وه‌ سروشتى شیده‌كرده‌وه‌ :

وه‌ك چۆن شاره‌زایانى زمان رسته‌ و پێكهاته‌ زمانه‌وانییه‌كان شیده‌كه‌نه‌وه‌ .

 

6

هه‌ندێ له‌ ره‌خنه‌گرانى پێشومان باسیان له‌ ( ئاوى ) شیعر ده‌كرد /

وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سه‌رسوڕمانیان .

ئایا له‌مڕۆدا ( ئاو ) له‌ شیعردا هه‌یه‌.

 

7

پردێك ، واقیع و غه‌یب به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت :

پردێكه‌ له‌ شێوه‌ى داوى جاڵجاڵۆكه‌ .

 

8

ناتوانێ راستى بخواته‌وه‌ ،

ته‌نیا له‌ پێكى خورافه‌ نه‌بێت .

 

9

له‌ پێناو هیچ شتێكدا مه‌مره‌ .

هیچ شتێك ، هه‌رچى بێ ، شایه‌ن نییه‌ ژیان له‌پێناویدا بمرێ .

هه‌موو شتێك پێویسته‌ له‌ پێناو ژیاندا بمرێ.

مه‌مره‌ ، ته‌نیا ئه‌و مردنه‌ نه‌بێ ،

كه‌ سروشت بۆیت ده‌با .

 

10

چه‌مكى عروبه‌ له‌ كه‌شوهه‌واى سیاسه‌تى عه‌ربیدا بۆته‌ كه‌شتیه‌ك

گه‌وره‌تر له‌ كه‌شتى مێژوو :

به‌ڵام كه‌شتیێكه‌ ته‌نیا مێژووى باركردووه‌ .

 

11

خه‌ریكه‌ ژیانى زمانى عه‌ره‌بیش ده‌گۆڕێ ،

به‌ڵام بۆ خۆپیشاندانێكى به‌رده‌وام له‌ شه‌قامه‌كاندا ،

شه‌و و رۆژ ، له‌ناو ئاژاوه‌یه‌كى به‌رزدا ( ئه‌مه‌یش شۆڕش ) .

به‌مشێوه‌یه‌ ده‌توانیت هه‌موو شتێك ناوبنێیت به‌ هه‌ر شتێك :

وه‌ك ئه‌وه‌ى بۆ نمونه‌ بڵێیت : پشیله‌ حوشتره‌ و

هه‌تاو توتییه‌ .


ئەم بابەتە 101 جار خوێندراوەتەوە