Markiz.jpg

رۆمانى گەمژەیی مارکیز، دەکرێت بە کوردى

دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان کتێبی (گەمژەیی مارکیز) دەکات بە کوردى.

وا بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان لە کارو پرۆژەیەکی نوێدا رۆمانى (گەمژەیی مارکیز) لەنوسینی (عەواد عەلی) بکات بە کوردى.

وەک لە واڵى تایپەتى دەزگاکەدا هاتووە لە ئایندەیەکى نزیک دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان لە کارێکى نوێیدا لەگەڵ وەرگێڕی  کورد (سەباح ئیسماعیل)، کە لە بوارى وەرگێڕاندا خاوەنی زیاتر لە (٣٠) کتێبی جۆراو جۆرە، ئەم رۆمانەش دەکات بە کوردى و دەزگاکەش چاپى دەکات.

پێشەکیی نووسەر

 بە لای منەوە وەرگێڕانی هەر دەقێکی ئەدەبی بۆ زمانێکی تر نزیکە لە سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەی، چونکە مۆرکی شێوازی تایبەت بەو زمانە وەردەگرێت بۆی وەردەگێڕرێت، بەرگی لەبەردەکات و لە هەواکەی هەڵدەمژێت، بەو مەرجەی وەرگێڕان بۆ دەقە ئەسڵییەکە ئەمین بێت و ڕۆحی بپارێزێت.

من وایدەبینم گوتەی (وەرگێڕان ناپاکییە) لە جێی خۆیدا نییە، چونکە وەک هەر چالاکییەکی داهێنەرانەی تر لەسەر تێگەیشتن و هەست و چێژی ئیستاتیکا بنیاتنراوە، بۆیە وەرگێڕانی دەقاودەقی هەر تێکستێکی ئەدەبی، وێڕای پاراستنی کۆنتێکستی (سیاق) گشتی، وێرانی دەکات و وێنەی دەشێوێنێت.

کاتێک سەباح ئیسماعیلی هاوەڵم ئارەزووی دەربڕینی وەرگێڕانی ڕۆمانەکەمی بۆ زمانی کوردی پێگوتم، زۆرم پێخۆشبوو و سوپاسم کرد، بەتایبەت ئەمە یەکەمین ڕۆمانی منە بۆ زمانی کوردی، ئەو زمانەی دەتوانم قسەی پێ بکەم و پێوەندییەکی قووڵ و دۆستانە بە خەڵکەکەیم دەبەستێتەوە، نەخاسمە خۆم لە ڕۆڵەکانی شارە تێکەڵاوەکەی کەرکووکم، ئەو شارەی لەمێژەوە کورد و عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی تریشی تێدا دەژین و وەکو ڕۆمانەکە دەبێژێت، ئاوازێکی هارمۆنی پێکەوە دەژەنن و پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی وا دروستدەکەن لە تابلۆیەکی ڕەنگاڵەیی دەچێت، لێوانلێو لە خۆشەویستی و ژنخوازی و ڕۆشنبیریی هاوبەش، سەرەڕای ئەو ئەجندە سیاسییانەی کۆشان و دەکۆشن تێکیان بدەن.

لەم ڕۆمانەدا مۆرکی هەمەڕەنگیی کەرکووک بەدەردەکەوێت، کە ناوە کۆنەکەیم هەڵبژاردووە (ئەرەبخا)، لە میانەی بە یەکداچوونی ئەوین و دۆستایەتی و خەون و جەنگەکانەوە. کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە چەقی گێڕانەوە پێکدەهێنێت، کەسایەتییەکان لێوەی دەردەچن، لە ڕامانی ئێستا و ڕابردووی، لەوانە کەسایەتیی (فەرهاد) و (شادان)ی خوشکی.

بابەتی ڕۆمانەکە ڕیالیزمە، لە پێوەندییەک نزیک لە سوریالیزمەوە، لەبارەی خۆشەویستیی سەلمان بەدرەوەیە بۆ نورهان، هەروەها چۆن واقیع بە هەموو ڕق و جەنگەکانیەوە وەکو کۆسپێک بە ڕوویاندا دەوەستێتەوە بێ ئەوەی ئەو ئەوینە بە مەرام بگات، بۆیە ئاواتەکانیان بەبادەچن.

ڕووداوەکان لە ڕۆمانەکەدا زاوزێ دەکەن بۆ ئەوەی سەلمان بەدر ببێتە سەیروسەمەرەترین و فانتازیترین کاراکتەر. چیرۆکەکەشی ئەو تەوەرەیە بۆچوونی کەسایەتییەکانی تر بە دەوریدا دەخوولێنەوە، ئەمەش وادەکات ڕۆمانەکە ببێتە فرەدەنگ و زەمەنیش زۆر جار گەڕانەوە بێت، ئیدی یادگە بە ڕووداوە زۆرەکانیەوە ڕابردوو دەگەڕێنێتەوە.

گرینگترین شتێک لەم یادەوەرییانەدا، شەیدایی شێتانەی سەلمان بەدرە بە مارکیز و ڕۆمانەکانی، کە دەبێتە تیشکۆی هێڵی گێڕانەوەکە، ئەوی لە ڕیالیزمی ئەفسووناوی یاخی دەبێت و دەقەکە بە خەیاڵ دەتەقێنێتەوە، لە هەمان کاتیشدا دەچێتە ناو ڕیالیزمێکی نوێوە تێیدا مرۆڤ قوربانیی دەستی خۆشەویستی و ڕقە، لەگەڵ ئەوەشدا نامرێت، بگرە نوێ دەبێتەوە، ئا لێرەدا پارادۆکسە هونەرییەکە دەردەکەوێت، بەو سیفەتەی تەکنیکێکە دژ بە لەقاڵبدانی ڕای باو لە ڕێگەی پشتگیریی دژەکەیەوە.

هیوادارم ئەم وەرگێڕانە ببێتە سەرەتایەک بۆ هاندانی وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی ترم، تاکو خوێنەری کورد، ئەوانەی ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستیم بۆیان هەیە، بیانخوێننەوە.

عەواد عەلی ـ ئەردەن

26/3/2019

پێشەکیی وەرگێڕ

واقیعی فانتازیی عێراق جیا لە شوێنانی دی، ئەوی بەدەر لە ئاوەزە لێرە ئاسایی دەبێتەوە. بۆیە هەرکات ڕۆمانێکی فانتازیی عێراقی بخوێنینەوە، هەمیشە لە واقیعەوە نزیکتری دەبینین وەک لە خەیاڵ. ئەمەش بە هۆی ئەو ڕووداو و بوویەرە سەیر و سەمەرانەی تێیدا ڕوودەدەن.

ئەم ڕۆمانەش بەرجەستەی ئەو دۆخەی عێراقە، کاراکتەرەیلی نیگەران، ڕاڕا، قوربانیی دەستی ڕەوشێکی نالەبار...

چەند گەنجێک سەربازی کۆیاندەکاتەوە، دنیایەک خۆزگە و ئاواتیان لە سۆنگەی جەنگی نالەبارەوە بە با دەڕوات. کاراکتەرەکانی تێکەڵەیەکن لە پێکهاتە جیاجیاکانی کەرکووک. ئەوی ئەوکات کۆیاندەکاتەوە پێچەوانەی ئێستا، تەبایی و خۆشەویستی و هاوشارییە.

بەداخەوە ڕەوشی هەمیشە خراپی جەنگ لە یەکتر دووریان دەخاتەوە و ئاوات و ئومێدە دوورەدەستەکانیان لە گۆڕ دەنێت. ئەوینداران بۆ هەتا هەتا لە یەکدی دادەبڕێت و دۆستانیش پەرتەوازە دەکات. جەنگ یادەوەریگەلێک لە یادگەدا دەچێنێت هەرگیز بیر ناچنەوە و جار جار سەرهەڵدەدەنەوە.

 

عەواد عەلی لە چەند دێرێکدا:

- ڕۆماننووس و ڕەخنەگرێکی عێراقییە.

- لە ساڵى 1957 لە شاری کەرکووک لە دایکبووە.

- بەشى دەرهێنانی شانۆیی لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی بەغدا تەواو کردووە.

- بڕوانامەى ماستەرى لە بەشى دەرهێنانی شانۆیی لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی بەغدا خوێندووە.

- بڕوانامەی دکتۆرای لە ڕەخنەی شانۆیی لە زانکۆی کارڵتۆنی کەنەدی خوێندووە.

- ئێستا وەکو پەناهەندە لە وڵاتی ئەردەندا دەژێت.

چەندین کتێبی لە ڕەخنە و ڕۆمان بە چاپگەیاندوون، لەوانە:

- شیری مارینز (ڕۆمان) 2008.

- دارخورمای واشنتۆنیا (ڕۆمان) 2009.

- ڕۆڵەکانی ئاو (ڕۆمان) 2016.

- گەمژەییی مارکیز (ڕۆمان) 2017.

- پردی سێوەکە (ڕۆمان) 2019.

- گوڵی ئەنمورووک (ساڵی ئەرمەنەکە) (ڕۆمان) 2019.

- ئاشنا و نائاشنا لە شانۆی عێراقیدا 1988.

- کۆدەکانی جەستە: دیالێکتی ئامادەبوون و نادیاری لە شانۆدا 1996.

- زانین و سزا: خوێندنەوەی گوتاری شانۆی عەرەبی 2001.

- شانۆ و ستراتیژیی وەرگر 2008.

- ئامادەبوونی بینراو: شانۆ لە حەرامکردنەوە بۆ پاش تازەگەری 2013.

- ئاوێنە و خەیاڵکردن 2013.

- شانۆی ئەردەنی لە ئاوێنەی ڕەخنەی عەرەبییەوە 2015.

- شانۆ و خەیاڵکردنی ئازاد 2016.


ئەم بابەتە 119 جار خوێندراوەتەوە