بەمەبەستى رێزگرتن لە تەمەنێک خزمەتی چیرۆکنوس و ئەدیبى کورد (رەئوف بێگەرد) مەراسیمێکى شایستەى بۆ ئەنجام دەدرێت.
وا بڕیارە رۆژى پێنجشەممە 26/12/2019 کاژێر (3:30)ى پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی سینەما سالم لە شارى سلێمانى ناوەندی غەزەلنووس لەژێرناوى (گەردانەیەک بە گەردەنى ئەدەبى کوردیەوە) مەراسیمێکى شایستە بۆ چیرۆکنوس و ئەدیبى کورد (رەئوف بێگەرد) ئەنجامبدات.
واش بڕیارە لە مەراسیمەکەدا کتێبی (یاداشتەکانی کافکا)، کە رەووف بێگەرد کردوویە بە کوردی بڵاوبکرێتەوە.
بەدەر لە ناوەندی غەزەلنووس هەر ناوەند و بنکە و لایەن و شوێنێکی پەیوەست بەم ڕێزلێنانە، دەتوانێت بەشدار بێت و خەڵات و دیاریی پێشکەش بە رەئوف بێگەرد بکات.
رەئوف بێگەرد لە چەند دێرێکدا:
- ناوى تەواوى: رەئوف سابر سەعید
- لە رۆژى 1/7/1942 لەشاری کەرکووک لە دایکبووە.
- هەر بە منداڵی لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاونەتەوە شارى سلێمانی.
- لە ساڵى 1960 خولى پەروەردەیى مامۆستایانی تەواوکردووە و بووە بە مامۆستای سەرەتایی.
- لە ساڵى 1966 خێزانی پێکەوە ناوە و چوار کچ و کوڕێکی هەیە.
- لە ساڵى 1970 بۆیەکەمجار دەستی کردووە بە چیرۆکنووسین.
- لە ساڵى 1991 بووە بە سەرۆکی نووسەرانی کورد/ لقی سلێمانی.
- لە ساڵى 1997 سەرۆکی بنکەی ئەدەبی و روناکبیریی گەڵاوێژ بووە، کە لە ئێستادا ناوەکەى بووە بە بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ.
- لە ساڵى 1998 لەگەڵ چەند هاوڕێیەکدا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمیان دامەزراندووە و بووە بە سەرنووسەری گۆڤاری (سەردەم)، کە تایبەت بووە بە وەرگێڕان.
چەندین بەرهەمى چاپکراوى هەیە، لەوانە:
- بوار، کۆمەڵە چیرۆک، 1977.
- هەوار، کۆمەڵە چیرۆک، 1981.
- ئانتوان چیخۆف، کۆمەڵە چیرۆک، لە فارسیەوە کردویەتى بە کوردی، 1984.
- بەرەو چیا، کۆمەڵە چیرۆک، بەناوی (ڕێبوار عەبدوڵا ئەحمەد)ەوە لە شاخ بڵاوکردۆتەوە، 1985.
- سەرهەڵدانی رۆمانی ئینگلیزی، کتێب، لە عەرەبیەوە کردوویەتی بە کوردی، 1986.
- سێ شانۆگەری، لە عەرەبیەوە کردویەتى بە کوردی، 1987.
- هەڵۆ، کۆمەڵە چیرۆک، 1989.
- کۆڵان، کۆمەڵە چیرۆک، لە وڵاتی سوید چاپکراوە، 1994.
- سەما، کۆمەڵە چیرۆک، 1998.
- دڵۆپە خوێنەکانی سەر بەفر، کۆمەڵە چیرۆک، کە کۆمەڵێک چیرۆکی بیانین لە فارسی و عەرەبیەوە کردووە بە کوردی، 1998.
- ئیڤانۆڤ، شانۆنامەی چیخۆف لە فارسیەوە کردویەتى بە کوردی، 1999.
- زۆربا، رۆمان، لەنوسینى نیکۆس کازانتزاکیس، لە فارسیەوە کردویەتى بە کوردی، 2001.
- دیکارت، کتێبی گیرفان، لە فارسیەوە کردویەتى بە کوردی، 2002.
- ئاهەنگی ماڵئاوایی، رۆمان، لە نوسینى میلان کوندیرا، لە فارسیەوە کردویەتى بە کوردی، 2002.
- چۆن رۆمان دەنووسرێ، کتێبی گیرفان، لە نوسینی گابریل گارسیا مارکیز، لە فارسیەوە کردویەتى بە کوردی، 2003.
- دەستی خودا، کۆمەڵە چیرۆک، 2004.
- دوا گفتوگۆکانی پۆرخیس، لە فارسیەوە کردویەتى بە کوردی، 2004.
- سێ دەقی شانۆیی، لە عەرەبیەوە کردویەتى بە کوردی، 2005.
- یەکەمین ترپەی عاشقانەی دڵم، کۆمەڵێک نامەی شاعیری ئێرانی (فروغ فروخزاد)ە بە هاوکاری شەیدا سەلاح لە فارسیەوە کردویەتى بە کوردی، 2005.
- تاوان و سزا، رۆمان، لە نوسینى دۆستۆیفسکی لە فارسیەوە کردویەتى بە کوردی، 2006.
- بێدەنگی و شتی تر، کۆمەڵێک وتاری ئەدەبی، 2007.
- ترێ و رێوی، شانۆگەریی،، لە عەرەبیەوە کردویەتى بە کوردی، 2007.
- دڵدارە هەرە ئازیزەکەم، کۆمەڵێک نامەی خۆشەویستی نێوان ئەنتۆن چیخۆف وئۆڵگاکنیبەر، لە فارسیەوە کردویەتى بە کوردی، 2008.
- بەرەو کەناری شپرزەیی، دەقێکی کراوە، 2009.
- فڕین بە مەرزی حەرامدا، کۆمەڵە چیرۆک، 2010.
- فرانتس کافکا، کۆمەڵێک چێرۆکی کافکا، 2011.
- ژیانی لە وێنەدا، لە نوسینى ئانتۆن چیخۆف، 2012.