Dlshad.jpg

کتێبى لە سەرەتادا وشەکە نەبوو بڵاودەکرێتەوە

لە درێژەى ئەو زنجیرە چالاکیانەى ئەنجامى دەدات، ناوەندى رۆشنبیرى رەهەند بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە کۆڕێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەى کتێبێک دەکات.

وا بڕیارە رۆژى شەممە 21/12/2019 کاژێر (3)ى ئێوارە لە ناوەندى رۆشنبیرى رەهەند لە شارى لێمانى کۆرێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوە کتێبى (لە سەرەتادا وشەکە نەبوو)، کە ناوەڕۆکى کتێبەکە لێکۆڵینەوەیەکە سەبارەت بە فەلسەفەی ئارسەر شۆپنهاوەر لە نوسینى (دڵشاد حامید دەروێش) سازبکات.

لە بەشێکى کتێبەکەدا هاتووە:

هەموو بوونەوەرەکان لەخودی مەرگ دەتۆقن، بەڵێ هەمووان، ئەمە پەیوەندی بەتوانستی عەقڵی یاخوود بەپلەی ڕۆحلەبەرەکەوە لەپلەبەندی بووندا نییە. شۆپنهاوەر لەکتێبی (The world as will and representation)دا پێ لەسەر ئەم ڕاستییە دادەگرێت ‌و دەنووسێت: "ترس لەمەرگ، سەربەخۆیە لەهەموو مەعریفەیەک". ئەگەر نەتکردووە، بەتاکە پێڵاوێکەوە دوای قالۆنچەیەک بکەوە، ئەم مەخلووقە کەهیچ زانیارییەکی لەبارەی مەرگەوە نییە، دەتۆقێت ‌و خۆی حەشاردەدات، کەواتە ئێمە لەسێبەر‌و تارماییەکانی مەرگ ناترسین، بەدیاریکراوتر، لەو گەندبێژی‌و پووچبێژییانە ناسڵەمینەوە کەلەبارەی مەرگەوە هۆنراونەتەوە، بەڵکوو میتافیزیکییانە لەخودی مەرگ دەتۆقین.

ڕەنگە هەبووبێت وایزانیبێت ئەوە بیرۆکەی نەبوونە ئەم ترس ‌و بیمەمان تێدا دەچێنێت، بەڵام خۆ ئایدیای نەبوون لەلای قالۆنچە بوونی نییە، ئینجا کام نەبوون؟ خۆ ژیانمان چەند ساتێکی کەمە لەنێوان دوو نەبووندا. نەبوونێک هەبووە پێش ئەوەی ببین، نەبوونێکیش لەداهاتوودا هەڵماندەلوشێت. مەگەر نەبوون هەر نەبوون نییە؟! بۆچی غەمبارنین لەوەی لەجەنگی تەڕوادەدا هاوڕێی ئەکیلیسی پاڵەوان نەبوویت. کەچی ترسێکی قوڵ لەهەناوماندا جێگیردەبێت کاتێک بیر لەوە دەکەینەوە لەئاهەنگی سەری ساڵی سێهەزاردا بەشدارنابین.

گرنگە بزانین کەئەوەی دەچێتە ژێر سێبەری مەرگەوە دەرکەوتەکانی ویستە نەک خودی ویست. ئەمشەو من وەک دەرکەوتەیەکی ویستی ژیان لەکوردستان دەمرم‌و سبەی ئادێل لەفەڕەنسا دەخزێتە نێو شوێنکاتەوە‌و لەبووندا هەڵدەتۆقێت، گرنگ نییە من هەبم یان ئادێل. ویست بایەخ بەپاراستنی (جۆر) دەدات نەک (تاک). بەڵێ من نامێنم‌و ئەو عەشقبازی دەکات، شەراب دەنۆشێ‌و سەما دەکات، دواجار ئەویش بەچەشنی من لەبیردەکرێت. لەپەیمانی کۆندا هاتووە: (نەوەیەک دێت‌و نەوەیەک دەڕوات، بەڵام زەوی هەتاهەتایە هەر هەیە). هەڵبەت پێویستمان بەسەلیقەیەکی ڕاڤەکاری ئەوتۆ نییە تاوەکو لەوە تێبگەین کەزەوی لێرەدا بەواتاکانی (زەوی، ژیان، جۆری مرۆڤ) ئاووس‌و سکپڕە.

ویل دۆران (Will Durant) لەچیرۆکی فەلسەفە ( (The Story Of Philosophyدا بەمشێوەیە ئەندێشەی شۆپنهاوەر لەبارەی مەرگەوە دەخاتەڕوو (هەر شتێک ساتێک بەردەوام دەبێت‌و پاشان بەرەو نەمان دەڕوات، ئەگەر مەرگ مۆڵەتێکمان بداتێ‌و تۆزێک چاوەڕێمان بکات، ئەوە تەنیا یاریکردنە بەئێمە، هەروەک چۆن پشیلەیەک یاری بەمشکێکی نیوەگیان دەکات‌و پاشان دەیخوات).

بە پاساوی خۆکوژی، کەسانێک هەن گومان لەسەرجەم ئەوانە دەکەن کەوتمان. پێش ئەوەی وەڵامی ئەم گومانە بدەمەوە. بەباشی دەزانم بڕێک لەسەر خۆکوژی لەبەستێنی فەلسەفەی شۆپنهاوەردا بوەستم. ئەگەر پانۆراماییانە لەفەلسەفەکەی بڕوانین، هیچ جۆرە هەڵخڕاندن (هەڵجڕاندن: هاندان بۆ کاری خراپە)‌ و پاڵپێوەنانێک بەرەو خۆکوژی نابینین. هەڵوێستی شۆپنهاوەر دژوەستانە لەتەک ئەو وێناکردنە ئایینییەی کەخۆکوژی لەهاوکێشەی تاواندا نیشتەجێدەکات. لەوتارێکیدا بەناونیشانی (لەبارەی خۆکوژییەوە/ On suicide)دا دەنووسێت: (تاوەکو ئەو شوێنەی ئاگاداربم جگە لەپەیڕەوگرانی یەکتاپەرستی، واتە ئایینە یەهوودییەکان، کەس وەک تاوان لەخۆکوژی ناڕوانێت، ئەمەش جێی سەرسوڕمانە، ئاخر ئەم کردەیە لەپەیمانی کۆن‌و نوێدا حەرام‌و بێزراو نییە).

بۆ وەڕاستگەڕاندنی(تەسدیق) تاواننەبوونی خۆکوژی. فەیلەسووفەکەمان خوێنەر دەکاتە دادوەر. ئێمەش هەر وادەکەین. ئەندێشەی هەستتان بکەن کاتێک هەواڵی ئەوەتان پێدەگات ناسیاوێکتان دزی کردووە، یان پیاوێکی کوشتووە، یاخود منداڵێکی ڕفاندووە. پاشان بەراوردی بکەن بەو هەستەی کەدەبیستن خۆکوژی کردووە‌و بەویستی خۆی نووختەی کۆتایی لەسەر چیرۆکی ژیانی داناوە. لەتەخەیولی یەکەمدا شەرم‌و توڕەیی‌و ناڕەحەتی داماندەگرێت‌و ڕەنگە بەیداخی سزا‌و تۆڵەش بەرزبکەینەوە. کەچی لەدووەمدا هەست بە‌غەم‌و هاودەردی‌و بەزەیی دەکەین. لەبەر خۆشمانەوە سەرسامی ئازایەتییەکەی دەبین، تەنانەت ئەگەر لەڕووی فەلسەفی‌و ئایینی‌و ئاکاریشەوە دژی کردەی خۆکوژی بین.

ئەوە دەبێت لەلای خوێنەر ئاشکرا بێت، کەبەدید‌و چاویلکەی شۆپنهاوەر، ویستی ژیان کەحەقیقەتی نێوەکی جیهانە، دەبێت خەفەبکرێت نەک لەنێوببرێت، باشترە حاکمی مەعزول بێت نەک مەزبووح. وەلێ کاتێک دەرد‌و ژان‌و مەینەتی‌و قوڕبەسەرییەکان لەڕادەبەدەر دەبن‌و دەبینە تۆپەڵێک برین، مافمانە ماڵئاوایی لەژیان بکەین، مافمانە ئەمڕۆ نەدەینە دەستی سبەی، مافمانە ئەو بارە قورسەی ژیان لەکۆڵی نابووین‌و ماسۆشییانە چێژمان لێوەردەگرت، فڕێبدەین، لەهەمان وتاردا پێماندەڵێت: (کاتێک خەونێکی ترسناک دەبینیت‌و بەترۆپکی سامناکی دەگەیت، ڕادەچڵەکیت، ئیتر وێنە تۆقێنەرەکان نامێنن، دەی ژیانیش خەونە، کەدەگاتە ئەوجی سامناکی، پێویستە کۆتایی پێبهێنیت).

پێشئەوەی منیش کۆتایی پێبهێنم، دەمهەوێت وەڵامی گومانەکە بدەمەوە. ئەوەی لەپشت خۆکوژییەوەیە، تەلیسم‌و سیحری ژیانە. کەسی خۆکوژ ناخوازێت بمرێت، بەڵکوو دەخوازێت ژیانیکی باشتر بگوزەرێنێت. واتە، خۆکوژ دەرک بەجوانییەکانی ژیان دەکات، وەلێ ناتوانێت بەر ئەم جوانییانە بکەوێت. لەم سۆنگەوە، دەتوانین بڵێین کەویستی ژیان لەکن کەسی خۆکوژ، لەبەهێزترین فۆرمەکانیدا پێ لەسەر بوونی خۆی دادەگرێت.


ئەم بابەتە 274 جار خوێندراوەتەوە