Karimkaban.jpg

داوادەکرێت ماڵى کەریم کابان بکرێتە مۆزەخانە

هونەرمەند و نووسەران و هاووڵاتیانی شارى سلێمانی لە بەردەم ماڵى هونەرمەندى کۆچکرد (کەریم کابان) کەمپینێکیان راگەیاند و داوادەکەن ماڵەکەى نەڕوخێندرێت.

لە چەند رۆژى رابردوودا ژمارەیەک هونەرمەند و نووسەر و هاوڵاتیانیانى شاری سلێمانی لەبەردەم ماڵی هونەرەمەندى کۆچکرد (کەریم کابان)دا کۆبوونەوە و کەمپینێکیت راگەیاند، لە کەمپینەکەدا داوایان کرد بە بیانووی کاری بازرگانی و درووستکردنی باڵەخانە تێکنەدرێت، بەڵکو بکرێتە ناوەندێکی کەلەپوری بۆ خزمەتکردنی هونەری کوردی.

هاوکات داواشیانکرد، ماڵەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، بکرێت بە گەلەرییەک و سەرجەم کەلوپەل و ئەرشیفە بەجێماوەکانی هونەرمەند کەریم کابانی تێدا بپارێزرێت.

لەبەرامبەر تێکدانى ئەو خانووەى کە هونەرمەند کەریم کابان هەموو ژیانى تێدا بردەسەر، لە تۆڕەکانى کۆمەڵایەتى کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا، هەمووان داواکارن بەهیچ شێوەیەک رێگەى بەم کارە نەدرێت و ماڵەکەى وەکو خۆى بمێنێتەوە.

کەریم کابان لە چەند دێرێکدا:

- ناوی تەواوى: عەبدولکەریم جەلال مەحمود عەزیز کابان.

- لە ساڵی ١٩٢٧ لە گەڕەکی شێخان لەشاری سلێمانی لەدایکبووە.

- پیشەى هونەرى: گۆرانیبێژ

- لە تەمەنى منداڵیدا خراوەتە بەر خوێندنى ئاینی.

- دواى خوێندنى ئاینى لە قوتابخانەی (فەیسەڵییە) خوێندویەتی.

- لە دواى تەواوکردنى خوێندنى سەرەتایى بووە بە پۆلیس.

- سەرەتای کاری هونەریی بۆ ئەو کاتانە دەگەڕێتەوە کە لە تیپی سروودی قوتابخانەکاندا بووە.

- لە ساڵی ١٩٤١ یەکەمین گۆرانی لەو ئێزگەیەدا وتووە، کە ئینگلیزەکان لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانییدا دایانمەزراندووە.

- هەر لەم ماوەیەدا یەکەمین گۆرانى خۆى بەناوى (لە رێى دڵدارى) بۆ رادیۆى بەغدا تۆمارکردووە.

- لە ساڵی 1945 دەبێتە بەڕێوەبەری بەشی کوردی لە رادیوی بەغدا.

- لە رۆژى 1/7/1945 لەشاری بەغدا ئاهەنگێکی گەورەى ئەنجامداوە.

- لە ساڵى 1945 یەکەم بەرهەمی خۆی بڵاوکردۆتەوە کە لە (8) گۆرانى پێکهاتووە.

- لە سەرەتاى پەنجاکاندا، ژیانى هاوسەرى پێکهێناوە، خاوەنى (3) سێ کوڕ و (3) سێ کچ بووە.

- لە بوارى ئاوازداناندا کارى کردووە و ئاوازى بۆ زۆربەى گۆرانیەکانى خۆى و چەند گۆرانییەکى قادر کابان و عوسمان عەلى و چەند هونەرمەندێکى تر داناوە.

- لە ساڵى 1963 بەهۆى هەستى نیشتمانپەروەرى بۆ ماوەى (6) شەش ساڵ تاکو ساڵى 1969 بۆ شارەکانى ناوەڕاست و خواروى عێراق دوورخراوەتەوە.

- لە ساڵى 1974 پەیوەندى بە شۆڕش کردووە و چەند بەرهەمێکى لە رێى رادیۆى (دەنگى کوردستان) بڵاوکردۆتەوە.

- لە دواى نسکۆى شۆڕش جارێکى دیکە بۆ شارەکانى ناوەڕاستى عێراق دوورخراوەتەوە، بەم هۆیەشەوە لە کارە هونەرییەکانى دابڕاوە.

- لە دواى راپەڕین و بەهۆى کۆڕەوى گەلى کورد، رووى لە رۆژهەڵاتى کوردستان کردووە و لەلایەن هونەرمەندان و هاووڵاتیانەوە پێشوازى لێکراوە و لە ئۆردوگاى (سەردەشت) چەند گۆرانیەکى وتوە.

- لە شارى سنە بەشدارى فێستیڤاڵێکى گەورەى شارەکەى کردووە.

- لەماوەى ژیانی هونەریدا لە چەندین ئاهەنگ و فێستیڤاڵدا بەشدارى کردووە.

- چەندین جار لە پاى ئەو خزمەتەى پێشکەشى کردووە خەڵات کراوە.

- زیاتر لە نیو سەدە کاری هونەری ئەنجامداوە.

- لە ساڵى 2008 لەلایەن بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ بۆ بەرزراگرتنى خەباتى هونەرى پەنجا ساڵەى خەڵاتى ئاڵتونى پێبەخشراوە.

- ئەو کاتەى لە ژیاندا بوو خەڵاتى (بلە)ى پێبەخشراوە.

- لە پارکى ئازادى لە شارى سلێمانى پەیکەرێکى بۆ دروستکراوە و بەدەستى خۆى پەردەى لەسەر پەیکەرەکە لاداوە.

- لەژیانی ھونەریشدا ئەگەرچی بەرھەمی زۆری نەبووە، بەڵام بەو چەند بەرھەمەی کە ھەیەتی توانیویەتی زۆرترین ھەوادار کۆبکاتەوە.

- لە رۆژى 14/1/2016 کاژێر (5:20)ى بەرەبەیان لە تەمەنی (89) ساڵی لە نەخۆشخانەى شار لە شارى سلێمانى کۆچی دوایی کردووە.

- لە دواى کۆچى دوایى کردنى ساڵانە بە مەراسیمى جیاواز یادى دەکرێتەوە.

- چەندین گۆرانیبێژ گۆرانیەکانى بەبەردەوامى دەڵێنەوە.

- خاوەنی زیاتر لە (20) بیست گۆرانی تۆمارکراوە، لەوانە: (قەت نەدەیت ئازارى گیانى، یاران وەسیەتم، یاران لە پرخەى، نازانم چۆن خۆشم ویستى، من دوور و تۆ دوور، فریشتە، باوانم، ئەى یار، تەمەن، یار جوانە، ئەرێ هۆ کاڵێ، خۆزگەم بەپار، سەیرى خاڵەکەى، لەمابەینى گوڵ و گوڵزار، بەرى بەیانە، گوڵاڵە سوورە، ئاواتى دوورى، ساقى، من و سەحەر و لە زۆرکەس وایە).


ئەم بابەتە 103 جار خوێندراوەتەوە