Galawezh.jpg

ئەمڕۆ، خەڵاتى رێزلێنان پێشکەشى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ دەکرێت

لە پایەى ئەو خزمەتە زۆرەى لە بوارى ئەدەبى و هونەرى و روناکبیرى پێشکەشى کردووە، خەڵاتى رێزلێنان پێشکەشى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ دەکرێت.

وا بڕیارە ئەمڕۆ هەینى 20/12/2019 کاژێر (6)ى ئێوارە لە شەوى یەڵدادا لە هۆڵى تەلارى هونەر و لە شارى سلێمانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى لەژێر ناوى (شارى ئەدەب ئاوێزانى شەوى یەڵدا دەبێت) بە بۆنەى ناساندنى شارى سلێمانى لەلایەن رێکخراوى یونسکۆوە وەک شارى داهێنەرى ئەدەب مەراسیمێکى شایستە ئەنجام بدات.

جگە لەوەى مەراسیمەکە چەندین چالاکى جۆراو جۆرى ئەدەبى و هونەرى لەخۆگرتووە، هاوکات ئەو ناوەند و کەسایەتیانەش خەڵاتى رێزلێنانیان پێدەدرێت، کە لەماوەى رابردوودا خزمەتى بەرچاویان هەبوو بۆ بەرەوپێشبردنى شارى سلێمانى بۆ ئەوەى شارەکە وەک شارى ئەدەب دەستنیشانبکرێت، بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ لە ریزبەندى ئەو ناوەندانە ناوى هاتووە و وەک ناوەندێکى گەورە و کاریگەر ئەمڕۆکە خەڵاتى رێزلێنانى پێدەدرێت.

بۆ بنکەى گەلاوێژ ئەم خەڵاتەى پێدەدرێت؟

- تاکو ئێستاکە (22) فێستیڤاڵى ئەنجامداوە، بە جۆرێک یەکەمین فێستیڤاڵى لە رۆژى 21/12/1996 بووە و بۆ ماوەى (10) رۆژ تاکو 30/12/1996 بەردەوام بووە.

- ساڵانە بەردەوام فێستیڤاڵ ئەنجامدەدا و بیست و سێیەمین فێستیڤاڵیش وا بڕیارە لە رۆژى 16-18/4/2020 سازبکرێت.

- گۆڤارى گەلاوێژ، کە گۆڤارێکى ئەدەبى بووە بە هەردوو زمانى کوردى و عەرەبى دەرچووە، خزمەتێکى زۆرى بوارى ئەدەبى کردووە بە سەدان هۆنراوە و چیرۆک و وتار و چاوپێکەوتنى ئەدەبى و رەخنەى ئەدەبى بڵاوکردۆتەوە.

- سەدان کۆڕ و سمینارى ئەدەبى و روناکبیریى لە شار و شارۆچکەکانى کوردستان ئەنجامداوە.

- هانى سەدان گەنجى داوە و هاوکاریان بووە بۆ ئەوەى بەرهەمەکانى خۆیان لە فێستیڤاڵ پێشکەش بکەن و لە ئێستادا بوونەتە خاوەن قەڵەمێکى دیارى کوردستان.

- بە دەیان کتێبى ئەدەبى و روناکبیریى بۆ نوسەران چاپکردووە.

- لە رێگەى سایت و پەیچى (گەلاوێژ)ەوە خزمەتێکى زۆر بە بوارى ئەدەبى و هونەرى و روناکبیریى کردووە و رۆرژانە بەردەوام هەواڵ و چالاکى و وتار و چاوپێکەوتنى ئەدیب و هونەرمەندان بڵاودەکاتەوە.

- هاوکارى هەموو ناوەندە روناکبیرى و ئەدەبى و زانستییەکانى کوردستانە بۆ ئەنجامدانى هەر کارێکى ئەدەبى و روناکبیرى و هونەرى.


ئەم بابەتە 54 جار خوێندراوەتەوە