هونەرمەندی شێوەکاری بەناوبانگی کورد دڵشاد کوێستانی پێشانگایەکی تایبەتى له شاری شومونت لە فەرەنسا کردەوە.
رۆژى پێنجشەممە 19/12/2019 لە هۆڵی Bouchardon له شاری شومونت لە فەرەنسا هونەرمەندی شێوەکاری بەناوبانگی کورد دڵشاد کوێستانی پێشانگایەکی تایبەتى کردەوە، لە لێداونێکى تایبەت بە سایتى گەلاوێژ وتى: "لە پێشانگاکەدا (33) سى و سێ تابلۆم نمایشکردووە، کە گوزارشت لە سروشت و جوانى و ئاوهەوا و گوند و دەشت و دەر و چیاکانی کوردستان دەکات و تا 24/12/2019 بەردەوام دەبێت".
سەبارەت بە ئەو پێشانگایانەى لەم ساڵەدا کردویەتییەوە ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، لە هەریەکە لە شارەکانى (نیویورک، فینیسیا، میسر و فەرنسا) پێشانگاى کردۆتەوە.
دڵشاد کوێستانی لە چەند دێرێکدا:
- ناوى تەواوى: دڵشاد محەمەد ئەمین مەجید بەگ.
- لە رۆژى 13/8/1957 لە گەڕەکى ئیمام قاسم لە شارى کەرکوک لە دایکبووە.
- پیشەی هونەری: شێوەکار
- سەرەتا وەک شاعیر و دەنگبێژ، هاتوتە دنیای هونەرەوە.
- لە سەرەتاى تەمەنى منداڵیدا خولیاى ئەدەب و هونەر بووه.
- لە ساڵى 1961 لە تەمەنى (4) چوار ساڵى بەهۆى روخانى گەڕەکەیان (جمهورى) لەشارى کەرکوک و دەرکردنى باوکى لە کۆمپانیاى نەوت لەسەرکارەکەى بە بیانوى کوردبوونى لەگەڵ خانەوەداکەى هاتۆنەتە شارى سلێمانى.
- خوێندنى سەرەتایى لە خوێندنگاى گوێژە تەواوکردووە.
- خوێندنى ناوەندى لە ناوەندى رۆشبیرى تەواوکردووە.
- لە ساڵی 1980 بووە بە پێشمەرگە و تا ساڵى 1985 بەردەوام بووە.
- لە ساڵی 1985 دەستی بەکاری هونەریی کردووە.
- لە ساڵى 1985 لە رێکخستنە نهێنییەکان کارى کردووە.
- لە ساڵی 1994 لە کاتی شەڕی ناوخۆدا کوردستانی بەجێهێشتووە و لە فەرەنسا نیشتەجێ بووه.
- لە فەڕەنسا بەبەردەوامى بەشدار چالاکییە هونەرى و ئەدەبییەکانى کردووە.
- لە رۆژى 7/3/1991 لە راپەرینى شارى سلێمانى یەکەمین کەس بووە راپەڕینى لە شارى سلێمانى ئەنجامداوە و بە خوێندنەوەى هۆنراوە هانى هاووڵاتیانى شارى سلێمانى داوە بەشدارى خۆپیشاندان بکەن.
- له سالی ۱۹۹٦ یەکەمین پێشانگاى هاوبەشى لە یۆنان کردۆتەوە.
- لە ساڵى 2005 بووەتە سەرۆکی رێکخراوێکی کولتوری فەرە نسی و ئە فریقی.
- لە ساڵى 2017 پێشانگایەکی تایبهتی شێوهکارە به ناونیشانی (سهفهرێک به ناو رۆحدا) لە شارى سلێمانى کردۆتەوە.
- ئەندامى یەکێتى نوسەرانى کوردە.
- ئەندامى سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستانە.
- لە فەڕەنسا خاوەنی گەلەری تایبەت بە خۆیەتى.
- زیاتر لە (70) پێشانگای تایبەتی کرۆدتەوە.
- بەشداری لە نزیکەی (30) پێشانگای هاوبەشدا کردووە.
- پێشانگاى شێوەکارى زیاتر لە (18) وڵات کردۆتەوە.
- چەندین پێشانگاى شێوەکارى له ( کوردستان، یونان، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، بهلجیکا، لۆکسمبۆرگ، فهرهنسا، عهمان، بهریتانیا، تونس، مهغریب، یابان، کۆریا، تورکیا، میسر،ئەڵمانیا، ئەمەریکا) کرۆدتەوە.
- چەندین چالاکى ئەدەبى و هونەرى لە سەر شارەکانى کۆبانێ و هەڵەبجە و کوردستان کردووە.
- چەند جارێک لەلایەن وەزارەتى رۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەڕێوەبەرێتى گشتى رۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى بانگهێشتکراوەتەوە بۆ کوردستان.
- لە چەند فیلمێکى کوردى و فەڕەنسى وەکو ئەکتەر بەشدارى کردووە.
- چەندین جار خەڵاتى ڕێزلێنانى پێبەخشراوە.