Lona.jpg

چاپی دووەمی من ئەمەم بڵاودەکرێتەوە

دواى ئەوەى چاپی یەکەمی (من ئەمەم) پێشوازییەکی زۆر لێکرا، چاپى دووەمى لەگەڵ خوێندنەوەیەکی سەد لاپەڕەیی مامۆستا و چیرۆکنوس و نوسەرى کورد (شێرزاد حەسەن) بڵاودەبێتەوە.

لۆنا دڵشاد مەریوانی نوسەرى کتێبەکە لە واڵى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک رۆژى بڵاوبوونەوەى چاپى دووەمى کتێبەکەى راگەیاند، بەپێى نوسراوى واڵەکەى وا بڕیارە ڕۆژی هەینی 27/12/2019 کاژێر (2:30)ى چاپی دووەمی (من ئەمەم) لە ناوەندی غەزەلنووس لە شارى سلێمانى بڵاوبکرێتەوە.

مەریوانى لە چەند دێرێکدا سوپاسى هەموو ئەوانە دەکات کە هاوکارى چاپى دووەمى بەرهەمەکەى بوونە، لەوانە (سیروان مەحمود)، کە دیزانی ناوەوەی کتێبەکە و بەرگەی بۆ کردووە، (کامەران محەمەد - کامەرانی تاپۆ)، کە سپۆنسەری بەرهەمەکەیە، لەگەڵ هاوسەرەکەی (جوتیار ژاژڵەیی)، کە سێ جار کتێبەکەی خوێندۆتەوە و هەڵەبڕی و پێداچوونەوەی زمانەوانیی بۆ کردووە.

واش بڕیارە هەر لەم رۆژەدا مامۆستا و چیرۆکنوس و نوسەرى کورد (شێرزاد حەسەن) چامادە بێت و بەیەکەوە گفتوگۆیەکی ورد لەبارەی کتێبەکەوە بکەن.

شێرزاد حەسەن، دەستپێکى کتێبەکەى نوسیوە، لە خوارەوە بەشێکى بخوێنەوە:

من زۆر دەمێک بوو دەمزانی لۆنا دڵشاد مەریوانی/ لۆنا شیرین ک.، کە هێشتا فەریکە - کچ بوو، خوێنەرێکی ڕەسەنی ئەدەبیاتە، ئیدی لە چیرۆکی منداڵانەوە تا ئەدەبیاتی گەورە- ساڵان، بێ وچان سرەوتن وەک خوێنەرێکی شەیدا و ڕەسەن دەیخوێندەوە.

تەنانەت لای لۆنا ڕۆژانی پشوو بۆ ئەوە کرابوون کە تیایاندا بچێتە خەڵوەتی خۆیەوە و بخوێنێتەوە، واتا کچۆڵەیەکی مەراقدار و کونجکۆڵ بوو، نەسرەوت و بێئۆقرە و پشکنەر و کرم و مۆرانەی کتێبان بوو، ئەوەشیان هیچ سەیر نەبوو بۆ من، جا ئەم بە خۆی زانیبێت یا نا.

ئەو کە لە دامێنی دایکی دەکەوێتە خوارێ، یەکسەر دەکەوێتە ناو کۆش و باوەشی کتێبان، کێ خودا یان شەیتان دەیداتێ ماڵیک پێشوازی لێ بکات کە خشتەکانی لە کتێب دروست کرابن، سەربانەکەی لەسەر خەیاڵ و فانتازیا هەڵچنرابێت؟ پەنجەرەکانی ڕوویان لە زەریای ماریفەت و بەندەرێک بێت و لەوێوە گەشتی هەمیشەیی خۆشییەکی ڕۆژانە دەست پێ بکات بۆ هەر حەوت کێشوەرەکە، دیواری ژوورەکانی بە هەناسە و هەنسک و خەندە و خەمی خامە ڕەنگینەکانی دونیا سواغ درابێت، عاردەکەشی ڕایەخی خەون و خولیا و ختوورەی ڕۆح و دڵانێک بووبێت کە هەمیشە لە نێوان خەم و خۆشیدا سەرگەرمی دیلانێ بووبن؟

ماڵێکی ئاوا هەر دەبێت کانگای ئەفسوون و پەرجووی لە دایکبوونی کۆرپەلەیەک بێت کە وەک عیسای مەسیح بکەوێتە قسەی پەندئامێز. گەرچی هێشتا ژەک و شیری خاو وا دەنێو زاریدا، لۆنا بۆ من لە یەکەمین کتێبی خۆیەوە، کە داهێنان و دانسقەیە، ڕێک ئەو کۆرپەلە پەرجوودارەیە کە من و ئێوە چاوڕوانی بووین. هەر لە ناوونیشانی کتێبەکەیەوە ڕکابەرییەکی نازدار و سەرکەشانە دەکات و وەک خانمۆڵەیەکی قەڵەم ڕەنگین دەڵێت، “من ئەمەم”. بە واتا بێباکە لەوەی من و تۆ چلۆن سەیری دەکەین، بەو مانایە نا کە خۆی بکات بە “مریەم”ی پاکیزە و بڵێت، “ئەوەتا من منداڵیکی موعجیزەم بۆ هێناون کە نۆبەرەی منە،” بەڵام زاری پڕە لە ڕاز و نیاز و قسەیەک کە ڕەنگە بخوازن گوێتان لێیان بێت، خۆ لەوانەشە تووڕە و غەمگین ببن پێیان. هەر وایشە، چونکە لۆنا لە گۆشەنیگای خانمۆڵەیەکی هەستیارەوە من و تۆ و ئەوان دەبینێت، ڕووتمان دەکاتەوە و هەر زۆر زوو ڕووبەند و دەمامکەکانمان دادەماڵێت و هەر یەکە و ئاوێنەیەکمان دەداتێ تا بە دیقەتەوە سەیری خۆمان بکەین و بەبێ داودەرمان و ماکیاژ و بەبێ خۆشاردانەوە و دێوجامە خۆمان ببینین!


ئەم بابەتە 71 جار خوێندراوەتەوە