Mamle.jpg

ساڵیادى کۆچى دوایى ماملێ دەکرێتەوە

لە شارى سلێمانى ئێوارە یادێک لە ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد محەمەدی ماملێ رێکدەخرێت.

وا بڕیارە رۆژى دووشەممە 23/12/2019 کاژێر (3)ى پاشنیوەڕۆ لە سەنتەری رۆشنبیری سەرا، لەلایەن سەنتەری رۆشنبیری سەرا، کۆمەڵەی هونەری میللی کوردستان و ماڵی کلتوری سۆفی کەریم، لە ساڵیادى کۆچى دوایى هونەرمەندى کورد محەمەدی ماملێ ئێوارە یادێک ئەنجام بدرێت، واش بڕیارە لەم ئێوارەیەدا چەندین گۆرانی و میوزیک پێشکەشبکرێت لەگەڵ نمایشی کردنى فلمێکی دیکۆمێنتاری.

محەمەدی ماملێ لە چەند دێرێکدا:

ناوى تەواوى: محەمەد میرزا سەعید عەلی.

لە ساڵی 1925 لە گەڕەکی خڕێ لە شاری مهاباد لە دایکبووە.

پشەى هونەرى: گۆرانیبێژ.

نازناوی ماملێ لە باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە.

بنەماڵەکەیان بە تێکڕایی هونەرمەند و دەنگخۆش بوونە.

خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی پەھلەوی و سەعادەت لە مەھاباد تەواو کردووە.

لە ساڵى 1938 یەکەم گۆرانی خۆی بەناوى (رۆیى بەجێى هێشتم) وتووە.

لە رۆژى 29/2/1947 بەهۆى وتنى گۆرانى شیعری بەناوبانگی لایە لایەی هەژاری موکریانى زیندانى کراوە.

لە ساڵی ١٩٦٣ ھاتووەتە باشوورى کوردستان و لە شاری سلێمانی و قەڵادزێ ئاھەنگێکی گێڕاوە.

لە ساڵی 1968 جارێکى دیکە زیندانی کراوەتەوە.

خاوەنى (9) نۆ منداڵ بووە، کە (7) حەوتیان کوڕ بووە و (2) دووانیان کچ.

لە ماوەی‌ (56) ساڵی ژیانی‌ هونەرییدا نزیکەی (328) گۆرانی‌ تۆمارکردووە.

لە ساڵی‌ ١٩٩٤ دوا گۆرانی‌ تۆمارکردووە.

لە ساڵى 1994 تووشى نەخۆشیەکى سەخت بووە.

لە رۆژى 23/1/1999 لە شارى مەهاباد کۆچى دوایى کردووە و لە مەراسیمێکى شایستەدا لە شارەکە بەخاک سپێردراوە.

ساڵانە لە شارەکانى کوردستان بە چەندین شێواز ساڵیادى کۆچى دوایى دەکرێتەوە.


ئەم بابەتە 76 جار خوێندراوەتەوە