Biblografya.jpg

کتێبی بیبلۆگرافیای یۆبیلی زێڕینی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد بڵاوکرایەوە

چاپخانەى کارۆ لە شارى سلێمانى هەواڵى بڵاوکردنەوەى کتێبێکى دیکەى بیبلۆگرافیاى بڵاوکردەوە.

لە چەند رۆژى رابردودا هونەرمەند (غەفور عەبدوڵڵا) کتێبی بیبلۆگرافیای یۆبیلی زێڕینی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد، ساڵانی ۱۹٦۹ ـ ۲٠۱۹ بڵاوکردەوە، ئەم کتێبە لە (430) لاپەرەی قەبارە گەورە پێکهاتووە کە سەرجەم لاپەڕەکانی ڕەنگاو ڕەنگن، و لە چاپخانەی کارۆ چاپکراوە.

ناوەڕۆکی کتێبەکە بریتییە لە مێژووی دروستبوونی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد و کار و چالاکییەکانی لە رۆژی دامەزراندنییەوە 31/12/1969 تا کۆتایی مانگی 12ی 2019.

مەبەست لە کۆکردنەوە و چاپکردنی ئەم کتێبە وەک چایخانەى کارۆ رایگەیاندووە پاراستن و رزگارکردنی مێژووی کارەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کوردە لە فەوتان، هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەکی بەسوود بۆ ئەو کەسانەی کە بیانەوێت بەشێوەیەکی زانستی لێکۆڵینەوە لە مێژووی هونەری کوردی بکەن.

پێڕستی کتێبەکە لەم بەشانە پێکهاتووە:

ـ چالاکییەکانی بەشی شانۆ.

ـ چالاکییەکانی بەشی تەلەفزیۆن و سینەما.

ـ چالاکییەکانی بەشی شێوەکاری.

ـ چالاکییەکانی بەشی وێژە.

 

غەفور عەبدوڵڵا لە چەند دێرێکدا:

لە ساڵی 1957 لە گەڕەکی چوار باخی شاری سلێمانی لە دایکبووە.

خاوەنى نزیکەى 70 کاری هونەریە.

تاکو ئێستاکە (3) سێ خەڵاتی ئاڵتونی وەرگرتووە، لە شاری ئەسفەهانی ئێران، خەڵاتی هونەرمەندی ماندوونەناسی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان و خەڵاتی بەڕێوبەرێتی هونەری شانۆیى.

بەڕێوبەری هونەری کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانە.

ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانى کوردستانە.

لێپرسراوی بەشی ئەرشیفی هونەری شانۆی سلێمانییە.


ئەم بابەتە 33 جار خوێندراوەتەوە