zagros.jpg

یادی رۆژی جیهانیی سینەما دەکرێتەوە

بەچەند چالاکیەى جۆرا جۆر یادى رۆژى سینەما لە شارى سلێمانى دەکرێتەوە.

وابڕیارە رۆژی شەممە 28/12/2019 کاژێر (4)ى ئێوارە لەهۆڵی تەلاری هونەر لە شارى سلێمانی، بەشی هونەری سینەمای سلێمانی یادى سینەماى جیهانى بکاتەوە و چەند چالاکییەک بۆ ئەم رۆژە رێکبخات.

بەپێى کارنامەى چالاکییەکانى ئەم رۆژە واشبڕیارە خەڵاتی رێزلێنان ببەخشرێتە ژمارەیەک هونەرمەندی سینەماکار کە خزمەتیان بە سینەماى کوردى کردووە، ئەمە جگە لەوەى نمایشی ئەو پۆستەرانە دەکرێن کە ساڵانی رابرددودا لەلایەن بەشی هونەری سینەمای سلێمانی بەرهەمهێنراون.

نمایشکردنى فیلمى سینەمایى زاگرۆس یەکێکى دیکەى بڕگەکانى ئەمرۆژە، کە بۆیەکەمجارە فیلمەکە لە هەرێمى کوردستان نمایشدەکرێت، کە لە ساڵى 2017 لەلایەن (سەهیم عومەر خەلیفە) کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و پرۆدیۆسەری سەرەکیی فیلمەکە (دریس فالیپۆ)یە، هەریەکە لە (سەهیم عومەر، جەین- کلود و ڤان ریچکهام سیناریۆکەیان ئامادە کردووە، تاکو ئێستاکە لە چەندین وڵات نمایشکراوە و چەندین خەڵاتی جیهانى و ناوخۆیی بەدەستهێناوە.

فیلمەکە، چیرۆکی شوانێک بەناوی (زاگرۆس) دەگێڕێتەوە کە خێزانەکەى خۆی زۆر خۆش دەوێت، بەڵام خێزانەکەى هاڤین و کچەکەی رەیهان، روو دەکەنە بەلجیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیار دەدات بچێتە ئەو وەڵاتە.

دەرهێنەری فیلمەکە، تاکو ئێستاکە زیاتر لە ١٠٠ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە. 


ئەم بابەتە 78 جار خوێندراوەتەوە