Parezaran.jpg

پارێزەران.. بۆ راگرتنی زنجیرە فیلمە تورکییەکان، چاوەڕوانى داواکاری گشتی هەرێمن

دواى ئەوەى تورکیا هێرشى کردە سەر رۆژئاواى کوردستان و چەندین تاوانى کوشتن و برینداربون  و وێرانکردنى شارەکانى رۆژئاواى کوردستانى لێکەوتەوە، هەر زوو کاردانەوەى هاووڵاتیانى لە هەرێمى کوردستان و بەشەکانى دیکەى کوردستان و تەنانەت جیهانیشى بەدواى خۆیدا هێنا و دژى ئەم لەشکرکێشە وەستانەوە، لە هەرێمى کوردستان جگە لە ناڕەزایى هەر زوو دەنگى بایکۆتى کاڵا تورکییەکان و سڕینەوەى ئەو کەناڵانەى دراما و فیلمى تورکى پەخش دەکەن بەرزبویەوە، بۆ ئەم مەبەستە چەندین کەمپینى جۆراو جۆر دروستکران و کاریگەرى گەورەشیان بەدواى خۆیدا هێنا.

لە بەرامبەر ئەم ناڕەزاییانەدا لە رۆژى 28/11/2019 ژمارەیەک لە پارێزەر و چالاکوانانی بوارى کۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری هەولێر لە رێگای یاداشتێکەوە کە ئاراستەى سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمیان کرد، لە یاداشتەکەدا داوای ڕاگرتنی پەخشکردنی تەواوی دراما و فیلمە تورکییەکانیان کرد، کە لەلایەن چەند کەناڵێک لە هەرێمى کوردستان تاکو ئیچستاکە پەخش دەکرێت، بەڵام لە نوێترین زانیاریدا تاکو ئێستاکە وەڵامی یاداشتەکەیان نەدراوەتەوە.

بەپێى سەرچاوەکانى هەواڵ کە دەست سایتى گەلاوێژ کەوتووە، پارێزەران و چالاکوانى بوارى کۆمەڵگەى مەدەنى تاکو کۆتایى پشووی ساڵی نوێ چاوەڕێ دەبن،  لە ئەگەرى دەست نەکەوتنى هیچ وەڵامێک ئەوا سکاڵا لەسەر سەرجەم ئەو کەناڵانە تۆماردەکەن کە تاکو ئێستاکە لە پەخشکردنى دراما و فیلمی تورکیدا بەردەوامن.


ئەم بابەتە 54 جار خوێندراوەتەوە