Habiba.jpg

چەند شیعرێکى شاڵاو حەبیبە بە زمانی دانیمارکی بڵاوکرایەوە

ئەو تەنها شەو ناکات بە رۆژ بۆ هۆنینەوەى شیعرێکى تازە، بەڵکو زۆر جار شیعرى شاعیرانى بیانى دەکات بە کوردى و ئێمەى پێ مەست دەکات، دیارە ئەمجارە قەدەر وا دەکات و پاداشت دەدرێتەوە و شیعرەکانى ئەو کە بە زمانى پاراوى کوردى نووسراون دەکرێن بە زمانێکى دیکەى زیندووى ئەم جیهانە.

شاڵاو حەبیبە، هەمیشە لە بیرى ئەوە دایە، چۆن ساڵى نوێ نەیەت و شیعرێکى تازە بنوسێت، ئەو هەرچەند پەلە ناکات بۆ نوسینى تێکستێکى تازە، بەڵام پەرۆشە بۆ خوێنەرانى شیعرەکانى، بۆیە ئەگەر نە شیعرێنێ ئەوا هەرگیز بێدەنگ نابێت و شیعرى شاعیرێکى دیکە بە کوردى بۆ ئێمەى خوێنەر دێنێ.

ئەو دڵخۆشە، دڵخۆشى خۆى لە واڵى تایبەتى تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک دەردەبڕێت، کە چەند شیعرێکى بە زمانی دانیمارکی لە گۆڤارێکی دانیمارکیدا بڵاوکراوەتەوە و سوپاسى وەرگێڕى شیعرەکانى (ئالان پەری) دەکات، ئەو خۆى بۆ ناوەستێت و دەنوسێت: "ئەمە هەستێکی خۆشە بۆ من کە ئەمشە و گۆڤارەکەم بە دەست گەیشت".

سایتى گەلاوێژ، پیرۆزبایى لە شاعیرى کورد شاڵاو حەبیبە دەکات و هەمیشە چاوەڕوانى بەرهەمەکانى یاخود وەرگێڕانى دەقە شیعرییە ناوازەکانى لێ دەکات.

یەکێک لەم شیعرانەى، کە بە زمانى دانیمارکى بڵاوکراوەتەوە:

 

گەڕانەوە لە جەنگ

ناوی هیچ گوڵێکم بیر نییە

چۆنت بانگ بکەم؟

ناوی هیچ شەقامێکم بیر نییە

بۆ کوێت بەرم؟

ناوی هیچ هاوڕێیەکم بیر نییە

بە کێت بناسێنم؟

بێ گوڵ و شەقام و بەبێ هیچ هاوڕێیەک

تۆ کێیت

کە ئاوا

من دەناسیتەوە؟!


ئەم بابەتە 92 جار خوێندراوەتەوە