aso_omer_swara.jpg

پرسەنامەى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ بۆ کۆچى ناوادەى هونەرمەند ئاسۆ عومەر سوارە

بەداخەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 30/12/2019 کاژێر (11)ى پێشنیوەڕۆ لە شارى سلێمانى هونەرمەند و پێشکەشکارى بەتواناى کورد و جێگرى سەرۆکى بنکەى ئەدەبى و روناکبیریى گەلاوێژ (ئاسۆ عومەر سوارە) کۆچى دوایى کرد، بەم بۆنە خەمناکە پرسە و سەرەخۆشى خۆمان ئاراستەى سەرجەم هونەرمەندان و هاووڵاتیانى کوردستان دەکەین هەروەها سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین بە بیستنى هەواڵەکە چ لە مزگەوت یاخود لەکاتى ناشتنی تەرمەکەیدا ئامادەبوون، ئامادەبوونى سەرجەم چین و توێژەکانى کۆمەڵ ئەوەى دەرخست کە کاکە ئاسۆ تەنها هى خانەوادەکەى و بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ نەبوو، بەڵکو هى هەموان بوو.

کاکە ئاسۆ بەدەر لەکارە هونەرییەکانى بە بینى چەندین رۆڵى سەرکەوتوو لە دراماى (گەردەلول) و فیلمى (ژانی گەل) و دەیان فیلم و کارى سینەمایى و پێشکەشکردنى بەرنامەی (وێنەکانی دوێنێ) دڵسۆزانە لە (22) بیست و دوو فێستیڤاڵى گەلاوێژ و سەدان چالاکى جۆراو جۆرى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ ئامادەبوونى هەبووە و دڵسۆزانە کارو ئەرکەکانى خۆى بە ئەنجام گەیاندووە و هەمیشە لە خەمى (23) بیست و سێیەمین فێستیڤاڵى گەلاوێژدا بوو کە لە ساڵى ئایندەدا ئەنجام دەدرێت، بە پەرۆشەوە رۆژانە بەبەردەوامى کارى بۆ سەرخستنى کارەکانى فێستیڤاڵ دەکرد، بەڵام بەداخەوە مەرگ رێگەى نەدا لە فێستڤاڵى داهاتوو لەگەڵمان بێت، بەڵام کار و ئەرک و روحى پاکى ئەو هەمیشە لەگەڵمدا دەبێت.

لەم بۆنە خەمناکەدا جارێکى دیکە سوپاسى هەموان دەکەین و بەڵێن دەدەین درێژە پێدەرى کارەکانى بین و ئەو خەون و ئاواتەى کاکە ئاسۆ هەیبووە بە جوانترین شێوە بیهێنینەدى.

 

بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ

30/12/2019


ئەم بابەتە 67 جار خوێندراوەتەوە