ASO1.jpg

کوڕی کۆڵان و شار ..

دواى کۆچى دوایى هونەرمەندى کورد (ئاسۆ عومەر سوارە) جێگرى سەرۆکى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ، هاوڕێ و هاوپیشەکانى روداو و بەسەرهاتە خۆش و ناخۆشەکان لەگەڵیدا دەگێڕنەوە، ئێمە وێراى دەستخۆشى لێیان هەوڵدەدەین بەشێکى روداو بەسەرهاتەکانى هاوڕێ و هاوکارمان کاکە ئاسۆ بۆ ئێوە بڵاوبکەینەوە، بۆ ئەوەى یادەوەرییەکانى بۆ هەتا هەتایە بە زیندوویى بمێنێتەوە.

لە واڵى شاعیر داناز عەبدولڕەحمان هاوڕێى کاکە ئاسۆ وەکو خۆى وەرگیراوە:

ئێمە زۆر تێکەڵ بووین چەشنی برا و یەک خانەوادە، لە هەر شوێنێک منی ببینیایه ئەی وت مەگەر ئەم دانازە بەقەدەر من سلێمانی خۆشبوێ، سلێمانی واتا داناز، بۆیە بۆ یادی سلێمانیش چەند شیعرێکی منی بە دەنگی خۆی خوێندەوە..

کوڕی گەڕەک و کۆڵان بووین، زۆر یەکتریمان خۆشویسووە، دۆستایەیتیەکی دێرینمان لەگەڵ یەکتری هەیە .. هەمیشەش وەک برا و کەسی یەک سەیری یەکترمان کردووە، باوکی هەردووکمان چەند ساڵێک پێکەوە مامۆستای یەک قوتابخانە بوون، ئێستاش کە خانەنشینن هەر پێکەوەن و ئەو هاوڕێیەتیی و دۆستایەتیەیان نەپچڕاندووە، هاوڕێیەکی خۆشەویست و گیانی بەگیانی یەکترین. ئیتر ئەم کۆچەی بۆ من زۆر ئەسەفە زۆر...

مامۆستا عومەر سوارەی باوکی کاک ئاسۆ مامۆستای قوتابخانەی سەرەتاییم بووە، بەداخەوە مامۆستا عومەر ئەوە دووەمین جارە جەرگی ئەسوتێ، سەرەتای دوو هەزاریش کوڕێکی جوان و گەنجیان بەناوی کاکە دلێرەوە بەنەخۆشی گیانی لە دەستدا..

من لەگەڵ شانۆی کوڕییانە هاوڕێی مناڵی و قوتابخانە و پەیمانگا بووین.  هەتا ئێستاش هەر هاوڕێ و برا و کەسی یەکین.  کاکە ژینۆش برای بچوکیانە کوڕێکی بەجوان و ئازیزە و هونەر دۆستە..

کاک ئاکۆی برایان یەکێکە لە هاوڕێ خۆشەویستەکانی من، پیاوێکی ئازیز و خۆشەویستی ناو خەڵک و شارە،لەم سەفەرەی کۆتامدا دوو سێجار یەکمان بینی. هەموو جار دەیوت ئاسۆ تۆی زۆر خۆشئەوێت..  خانەوادەیەکی هونەرمەند و هونەر دۆستن.

پار پێش ئەوەی کە بێمەوە کاک ئاسۆ تەلەفونی بۆ کردم، وتی کە هاتیتەوە حەز ئەکەم بوبینم داناز گیان.  بەیانیەک کاتژمێر نۆی سەرلەبەیانی کاک ئاسۆ تەلەفونێکی بۆ کردم لە گازینۆ شەعب بوو.. وتی وەرە بۆ شەعب لەوێ چاوەڕێت دەکەم .. چووم دوای چای خواردنەوە و قسە و باسێکی زۆر و باسی یادەوەری کۆڵان و گەڕەک. پێی وتم ئەو کتێبێکم بەدەستەوەیە لەسەر مێژوویی شاری سلێمانی، حەز ئەکەم تۆ بەوردی سەیری بکەی و تێبینی خۆتی لەسەر بڵێیت..  من زۆرم پێخۆش بوو، دوو سێجار بە تەلەفون، داوای ڕەسم و هەندێ زانیاری لێکردم کردم، من بەخۆشحاڵییەوە هاوکاریم کردوە...  دواتر وتی ئێستا لە بنکەی گەلاوێژ دەوام ئەکەم ئەبێ بێیت سەردانم بکەیت و قسە و باس دەربارەیی سلێمانی دەکەین.

ئەم سەفەرە خۆم ئامادەکرد بەتایبەت من و کاک شێرزاد شانێل بێینە لات و دەبارەی کتێبەکەت و سلێمانی قسەت بۆ بکەین، بەڵام بەداخەوە زۆر زوو بوو کاکە ئاسۆ ..

خوا ئارامی ببەخشێ بەدڵی دایە گیان و مامۆستا عومەر و کاک ئاکۆ و شانۆ و ژینۆ و خوشکەکانم..


ئەم بابەتە 481 جار خوێندراوەتەوە