Fazil.jpg

دایک لە جیهانبینیى شـیعرى (لەتیف هەڵمەت)دا بڵاوکرایەوە

لەگەڵ دەسپێکى ساڵى نوێدا کتێبى دایک لە جیهانبینیى شـیعرى (لەتیف هەڵمەت)دا بڵاوکرایەوە و کەوتە بەردیدەى خوێنەرانى.

کتێبى دایک لە جیهانبینیى شـیعرى (لەتیف هەڵمەت)دا، لە نوسینى هەردوو نوسەر (فازیل شـەوڕۆ و د. هاوژین سـڵێوە)یەو لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەیی دەروونییە، نوسەران کتێبەکە پێشکە بە ڕۆحـی پـاکی دایکی شـەهیدان و خاتوو (سـەعدیە)، دایکی لەتیف هەڵمەت دەکەن.

لە پێرستى کتێبەکەدا چەند بابەتێک باسى لێوەکراوە، بەم شێوەیەى خوارەوە:

پێشـکەشـە

بیرۆکەی ئەم کتێبە

پێشەکی

بەشى یەکـەم: دایک و دایکایەتی

تەوەرەى یەکەم: دایک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا

1- دایک، وشـە و زاراوە و چەمک

2- بەکێ دەگوترێت دایک؟

3- مێژووی دایک

4- دایک لە ژنخـواوە بۆ و کۆیـلە

5- پووختەیەک دەربارەی (دایکی مـەزن

6- چۆن وێنەى دایک دەبێتە خودوێنە؟

تەوەرەى دووەم

بۆچی مندالڕ هەر وابەستەی وێنەی دایک دەبێ و وێنەی باوک غائیبە؟

دایک و کوڕ

سەرچاوە یان مەکۆی سـۆز لە کۆێیە؟

بۆچی لەتیف هەڵمەت ناتوانێ (دایک)ی لەبیرخۆی ببەرێتەوە؟..

 کـوڕی دایـک

 تەوەرەى سـێیەم: پووختەیەک دەربارەی جیهانبینی

جیهانبینی یان فەلسەفەی ژیـان.

تەوەرەى چوارەم: ڕۆژی دایـک

ڕۆژی دایـک

بەشى دووەم: دایک لە ئەدەب و کەلتوور و هونەردا

1- دایک لە ئەدەب و هونەر و کەلتوورى جیهانیدا

2- دایک لە شـیعرى کوردیدا

دایک لە دیدی شاعیرانی (کورد)دا

بـەشى سـێیەم: دایک لە جیهانبینیی شیعری (لەتیف هەڵمەت)دا

1- بۆ هەر دایک؟

2- لەتیف هەڵمەت و دایە (سەعدییە) کێنە؟

3- دایک لە جیهانبینی شیعری لەتیف هەڵمەتدا

بەشـی چوارەم:

شیکردنەوەى دەقە شیعرەکانی دایک لە کۆبەرهەمی (لەتیف هەڵمەت)دا

1) دایـکی زینـدوو

2) دایک لە بیرەوەری سەردەمی منداڵیدا

3) بێدایکی

4) منـداڵە ـ پیـاوەکە

5) ئەوینـداری لە سـێبەری دایـکدا

6) دایـک لە جیهـانی خەونـدا

7) دایـک و پەیـام

8) گڵکۆی دایـک

9) سک بەخۆسووتان لە بێدایکیدا

10) دایک، سـاباتی سێبووری

11) دایـک و سروشت و شـیعر

12) دایـکە مەزڵـوومەکان

13) دایـک لە پەراوێزی تـەنـزەشـیعردا

14) دایـک وەک ڕەمـز و جـەڤـەنـگ

15) چـیرۆکە دایـک

16) دایـکی لەتیف هەڵمەت

17) دایکی کەسـانی دیکە

18) دایـک، وشـە و کەرەسـتە

19) دایـکە ناجـوانـەکان، ناشیرینکراوەکان

بـەشى پێنجەم: دایک لە شـیعری منداڵانی (لەتیف هەڵمەت)دا

تەوەرەى یەکەم:  

بانیژەی جیهانی ئەدەبی منداڵان

1-شـیعری منداڵان لە کۆبەرهەمی (لەتیف هەڵمەت)دا

2- بۆ لەتیف هەڵمەت (دایک)ی لە شیعری منداڵانیش کردۆتە؟

تەوەرەى دووەم

 (شیکردنەوەى(دایک) لە دەقە شـیعرەکانی (دیوانى منداڵان)ى

1. دایک ڕابەر و پێشەنگ و مامۆستا

2. دایکی نیشتمان و نیشتمانی دایک

3. دایک و خەون و شـیعری منداڵان

4. دایک: سروشت و ژینگە

5. خۆشەویستی دایک و باوک

6. دایکی گیاندار و تەیروتواردان

7. دایک و گەمە و یاری و فۆلکلۆر

8. دایـک و باوک لە شانۆنامەی شیعری منداڵاندا

9. دایکە زەبـوون و لانـەوەزەکان

ئەنجام (تایبەت بەم تەوەرەیە

پەیڤێک، لەجیاتی خۆێنەران ـ دواوتە

ئەنجام (تایبەت بە لێکۆڵینەوەکە

پووختەی لێکۆڵینەوەکە بە زمانی ئینگلیزی

 پووختەی لێکۆڵینەوەکە بە زمانی فارسی

سەرچاوەکان

پڕۆفایلی فازیل شـەوڕۆ

پڕۆفایلی هاوژین سـڵیوە

 بیـرۆکەی ئـەم کتێبـە

 دوای چاپکردنی کتێبی (جگەرە لە جیهانبینیی شیعری شێرکۆ بێکەس)دا، زۆر لەو نووسەر و خوێنەرانەی کتێبەکەیان خوێندبووەوە دەستخۆشیان لێدەکردین و بە خورتی داوایان لێدەکردین کە بەردەوام بین لەسەر ئەو ڕێچکەیە و هەوڵبدەین ئەو ناونیشانانە هەڵبژێرین کە کتێبخانەی کوردی عەوجەیەتی. ئەوان ڕەچاوی ئاوێتەکردنی دوو ئەزموونی ئەدەبی بەپشتبەستن بە بنەما ئەکادیمییەکانی نووسین و لێکۆڵێنەوەیان دەکرد و سوود وەرگرتنی ڕاستەوخۆیانە لەسەرچاوەی دەوڵەمەندی (پێنج) زمانیان، بە کلیلی کردنەوەی زۆر گەنجینەی شاراوەی ئەدەبی و مەعریفی دەزانی. ئەوەبوو هەر دوای مانگێک (هاوژین سڵیوە) ناونیشانی ئەم کتێبەی هەڵبژارد و هەردووکمان بەرنامەی کار و پڕۆگرامی خۆمان بەجیا نووسی و دواتر دوای قرتاندن و زیادکردن و گۆڕینی ناونیشانی بەند و تەوەرەکان، نەخشەی نووسینی کتێبەکمان دیاری کرد و ناوی خوامان لێهێنا.

 کوردی دەڵێ:" کەس نازانێ خێر و شەڕ لەچیدایە." سەفەری (فازیل شەوڕۆ) بۆ کۆماری ئایرلەندای باکوور، دەرگای کتێبخانەکانی ئینگلیزی بە ڕوودا ئاواڵەکرد و سەفەرەکەی (هاوژین سڵیوە)ش بۆ ئێران لە نزیکەوە بە کتێبخانە گەورەکانی ئێرانی ئاشناکرد. ئەمانە نوێترین کتێبی سەردەمییان، تایبەت بە بابەتەکە، خستە بەردەست و بۆ ماوەی چەند مانگێک هەر خەریکی دۆزینەوە و کۆکردنەوەی سەرچاوەکان بووین، (هاوژین سڵیوە)، هەموو چاپکراوەکانی (لەتیف هەڵمەت)ی خڕکردەوە و بە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەڕێزیاندا ـ بەسوپاسەوە، (CD) و ئەو کتێبانەشی وەرگرت کە لەبەر دەستماندا نەبوون. ئەمانە ئاسانکاریی باشییان بۆ کردین و لە شوباتی(2017) دەستمان کرد بە نووسین و هەمیشە لەگەلڕ یەکتری لەپەیوەندی دابووین و ئاگاداری نووسینی یەکتر بووین و لە مانگی ئایارى (2018) لە نووسینی ئەو کتێبە بووینەوە، هەڵبەتە کۆکردنەوەى سەرچاوە و نووسینەکانمان پچڕپچڕبوو، چونکە ئەو هەموو سەرچاوەمان بەیەکجارى لەبەردەست نەبوو، بۆیە گەڕان و پشکنینى زۆرى ویست تا زانیارى و سەرچاوەمان دەست کەوت، کارەکەمان بەشێنەیى و لەسەرەخۆ ئەنجامدا. خەمى نووسینى ئەو کتێبە خەمى هەردووکمان بووەو ڕۆژو شەو لەگەڵمان بووە و بەردەوام خەریکى نووسین و گۆڕین و مشت و ماڵکردن و خوێندنەوە و هەڵەچنى ڕێنووسى و لێکەم کردنەوە و بۆزیادکردنى تەوەرە و باسەکان بووین.

 لەڕاستییدا، ئەو ئەزموونە، گەرچی ئەزموونی دووەمان بوو بەیەکەوە کاری تێدابکەین، دەرسی باشی فێرکردین کە سوودی بۆ ئەم تەزرە کارە زۆرە، بۆنموونە فێربووین کە دەبێ چەند بە حورمەتەوە ڕێز لەبیر و ڕای یەکتری بگرین. فێربووین شتێک نییە ناوی (هەڵە)، هەردووکمان وەک ئەوەی دووکەس بین بە یەک دەست و بەیەک قەڵەم بنووسین دەستکاری نووسینی یەکترمان دەکرد، ڕووی نەداوە لە تۆمارکردنی هەموو دێڕەکانی ئەم کتێبە یەکێکمان بۆچوون و ڕای جوان و پەسندی ئەوی تری ڕەفزکردبێتەوە. باوەڕبفەرموون، جار بووە بۆ ڕێنووسی یەک تاکە وشە (شەوڕۆ) پەیوەندی بە (هاوژین)ەوە کردووە و (هاوژین)یش لە کوردستانەوە داوای سەرچاوەی بابەتێکی دیاری کراوی کردووە، کە لە لای خۆمان بەردەست نەبووە. لە هەمووشیان بۆئێمە گرنگتر ئەوەبوو، ڕاستەوخۆ، خۆمان سەرچاوەکانی: ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی و سریانییەکانمان هەڵێنجاو کردوومانن بە کوردی ـ جار بووە، تەرجومەکەمان نیشانی نووسەر و ئەدیبانی دیکەش داوە تا باشترین کۆپیمان دەستکەوێ. جگەلەمانەش هەردووکمان زۆر زانیاری لەیەکتر فێربووین و دەمێکە گوتویانە:" دوو ئەقڵ لە ئەقلێک باشترە."

 نایشارینەوە، ئەوەی نەوتی چرای ئەم نووسینەی ئێمەی خۆشتر و بڵێبسەدارتر دەکرد، ئەوە بوو، تا پتر لەسەرچاوەکان ورد دەبووینەوە، ناونیشانی وەکو کتێبەکەی خۆمان نەدەهاتە بەر چاو، تەنانەت هاوژین سڵیوە لە کتێبفرۆشە فارسەکانیشی دەپرسی و دەیانگوت لە کتێبخانەکانیان ئەو جۆرە ناونیشانەیان نەدیوە، لە ئەدەبی عەرەبیشدا، تەنها لە سەر (دایک) بە گشتی نووسراوە نەمان دی لێکۆلەرێک وەک ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەی لەسەر کردبێ. ئەمانە بۆ ئەدەبی ئینگلیزی و سریانیش دروستن.

 لەپاڵ ئەم خاڵانەی سەرەوە، هاندەرێکی دیکەش ناڕاستەوخۆ دەستی دەگرتین، ئەوەیش ئەوەبوو حەزمان دەکرد، کتێبەکە وەک نەخشە و پڕۆگرامان بۆ داناوە لە سەرووی (90%)ی بتوانین جێبەجێى بکەین، بۆ ئەوەی، ببێتە سەرچاوەیەکی باش و نووسەرانی دیکە هان بدا بۆ دۆزینەوەی ئەم جۆرە ناونیشانە، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار: لەلایەک کتێبخانەی کوردی پێدەوڵەمەند دەبێ و خزمەتێکی بەرچاوی زمان و فەرهەنگیشە، لەلایەکی دیکە سەرچاوەیەکە بۆ خودی شاعیرەکانی خاوەن بابەت، بۆ نموونە، لەتیف هەڵمەت، ئێستا باشتر تێدەگا، کە چەندە لە داهێنانەکانی بەرەو پێش چووە، یان شکستی هێناوە، ئەوە جگە لەوەی هەموو ئەدیب و شاعیران دڵخۆش دەکات، کە قەڵەمی چاوکراوە هەیە موتابەعەیان دەکات و هەوڵدەدات هاوچەرخانە بە پشتبەستن بە زانیاریی و مەعریفە سەردەمییەکان لێیانبکۆڵنەوە و حەقی خۆیان بدەنێ.

 چاوەڕوانین قەڵەمە بەتواناکان، کەموکوڕی و ناتەواوی ئەم کتێبە پڕبکەنەوە. لە هەڵەکانیشمان چاوپۆشی نەکەن، تا کار نەکەی هەڵەش ناکەی. هیوادارین توانیبێتمان، بەشێک لە خەونەکەمان، بۆ ئێوە و بۆ خۆشمان، بهێنینە دی.

فـازیـل شـەوڕۆ - دوبلن هـاوژین سڵیوە – کۆیە/ 25/5/2018

 

پێشـەکی

دایک و جیهانبینی و شیعر، سێکوچکەی گەرمی ئەم لێکۆڵینەوە ئەدەبیەیە، کە هەردوو نووسەری ئەم کتێبە لە گۆشەنیگای ئەدەبی ئاوێتەکراو بە ڕەخنەی دەروونى هاوچەرخی ئاوجۆشکراو بە میتۆد و تیۆری سەردەمییانە پێشکەش بە خوێنەری کوردی دەکەن. هەوڵەکان پتر لەوەدا چڕکراونەتەوە، کە لێکۆڵینەوەکە هەم وەک دەروازەیەکی تازەبابەتی ڕەخنەی کوردی دەربارەی شیعر و جیهانی شاعیر تەماشا بکرێت و هەم وەک پەنجەرەیەکی تازەکراوە بەسەر جیهانی دایک و دایکایەتی لە کەلتوور و فۆلکلۆر و ئەدەبی جیهانی و کوردی هەڵبسەنگێندرێت. گڕ و بڵێسەی چراوکی ئەم لێکۆڵینەوە هەموو شەوق و ڕووناکی خۆی لە شیعر و دایک و دایکایەتییەوە وەرگرتوە و لەتیف هەڵمەتیش بە (شیعرەکانی و دایکی و کەسێتی خۆی) بوون بە ئەستێرەی درەوشاوەی تۆژینەوەکە.

مەغـزای هـەڵبژاردنى بابـەتەکە:

 تیرێک و دوونیشانە، نیشانەی یەکەم تیشکخستنەسەر کایەیەکی زۆر بایەخدار و مەزن و پیرۆز لە شیعرەکانی لەتیف هەڵمەتدا، بە گەشکردنەوەی پشکۆی ئاگردانە دێرینەکەی ماڵی دایکی لەتیف هەڵمەت و نرخاندن و ڕەخنەگرتن و شیکارى جیهانبینی شاعیر لە بازنەی دایک و دایکایەتیدا.

 هەرچی نیشانەی دووەمە: ئاشناکردنی خوێنەرە بە چەمکی دایک لە گۆشەنیگای جیهانبینییە کەلتووریی و ئەدەبی نەتەوە جیاوازەکانی غەیری کورد بەگشتی. بەو مرازەی هەم کەسێتییە مەزنەکەی دایک هەڵسەنگێنین و پایە و مەقامی دەستنیشان بکەین، هەم بۆ چێژبەخشین بە خوێنەر، لە ڕێی شیعری جیهانی دەربارەی دایک و دەوڵەمەندکردنی ئەزموونە کەڵەکەبووەکان لەم بوارەدا.

 کارکردن لەسەر (توخمێکى (An Element شیعری دەقنووس، کە پێشتر قسە و باسی لەسەر نەکراوە، کە (دایک)ە، مەرام و مەبەستی سەرەکی نووسەرەکانی ئەم کتێبەیە.

سـنوورى لێکۆڵینـەوەکە:

یەک: کۆبەرهەمی شیعریی لەتیف هەڵمەت، کە (2400) لاپەڕەیە. شاعیر زیاتر لە (142) شیعرى لەبارەى دایک و جیهان و فەرهەنگ و خێزانی دایک بەکارهێناوە.

دوو: شیکردنەوە و شیتەڵکاری بۆ زاراوە و چەمکی دایک و جیهانبینی دایک بە گشتی.

سێ: ڕوماڵکردن و شەنوکەوکردنی کەلتوور و فۆلکلۆر و ئەدەبی جیهانی و کوردی، لەچوارچێوەی دایک و جیهانبیینەکەی. لێرەدا بواری شیعر پشکی شێری بەرکەوتووە.

ئامـانجى لێـکۆڵینـەوەکە:

 دەستنیشانکردنی ڕەهەندەکانى داهێنانی شاعیر لەم بوارەدا و هەڵسەنگاندنی کەسێتی لەتیف هەڵمەت، وەک مرۆڤـــ و شاعیر لە باوەشی جیهانبینی دایکەوە.

گیـروگرفتى لێـکۆڵینەوەکە:

 سنوور و بوارەکانی جیهانی دایک هێندە فراوان و بەربڵاوە، کە زەحمەتە نووسەرێک بتوانێ لە یەک کتێبدا کۆیانبکاتەوە سەر یەکتری، ئەمە بو ئێمە زۆر ئەستەم بوو، کە چۆن بتوانین خوێنەر بە زۆربەی زانیارییەکانی ئەو جیهانە ئاشنا بکەین بەبێ ئەوەی تام و چێژی ناوەرۆکی بابەتەکەمان لە دەست بدەین. بە واتایەکی دیکە ژمارەی ئەو سەرچاوانەی سەریان بەسەرداگیراوە گەلێ زۆرترە لەوەی کە لێرەدا تۆمارکراوە، بۆ یەک (کۆتێیشن) چوار پێنج کتێبمان خوێندبێتەوە. جگە لەمەش وەڵاشی ناونیشانەکەمان لە کتێبخانەکاندا بەرچاو نەکەوت، تەنها لە لێکۆڵینەوەیەکی سەرپێی نەبێ کە دەربارەی(دایک لە شیعری عەرەبی) نووسراوە. ئەمەش ئێمەی فێرە ئەزموونێکی نوێتر کرد.

 خۆشبەختانە لە سایەی ئەو (CD) یەی کە کۆبەرهەمی شیعری دیوانی لەتیف هەڵمەتی تێدابوو ـ کە بە سوپاسەوە شاعیر پێشکێشی کردین ـ کۆسپێکی گەورەمان لەبەردەم لاچوو، کە لە ڕێی (Find) لە کۆمپیوتەرەوە توانیمان کۆی ئەو شیعرانەی تایبەتن بە دایک دەستەبژێر بکەین. بەڵام لە کۆمەڵە شیعری (شیعرى دژە شیعر یا یارییەکى کۆن و نوێ )، کە (170)لاپەڕەیە وە کۆمەڵە شیعری (دیوانی منداڵان) کە (546) لاپەڕەیە،دیوانى (ئایەتە ونبووەکانى سەدەى بیست و یەک یا سوورەتى گەڕانەوە بۆ منداڵى)کە (257)لاپەڕەیە. ناچار بووین پەڕ بەپەڕیان بخوێنینەوە و دەقە تایبەتمەندەکانی دایک بنووسینەوە.

 بۆ وەدەستهێنانی سەرچاوەش، کە بەداخەوە کتێبخانەی کوردی بە بابەتی دایک و دایکایەتی لە ئەدەب و شیعردا هەژارە، ئەوەندەی بارودۆخەکە ڕێی دابێ، بە پشتبەستن بە زمانی: کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و سریانى و فارسى، هەوڵدراوە سوود لە زۆر سەرچاوەی کوردی و جیهانى وەربگیرێت.

میتـۆدى لێـکۆڵینەوەکە:

 چونکە بابەتی ئەم لێکۆڵینەوە فرە ڕشتە و بوارە، وەک بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسی و فەلسەفی و کەلتووری و ئەدەبی، ئەوە میتۆد و ڕێبازەکانی نووسینی کتێبەکە لە بازنەی تاقە میتۆد دەچێتە دەرەوە و ئەم میتۆدانە بە پێی پێویست پەیڕەوکراون و بازدان بەسەریاندا، بە ئاسانی هەستی پێدەکرێت:

 لە بەشى یەکەم و دووەمدا، میتۆدى وەسفى و بەراوردکاری بە ئاشکرا پەیڕەوکراوە. لە(سآ)بەشەکانی دیکەشدا، میتۆدى شیکارى و دەروونشیکاری، ڕێبازی سەرەکی نووسینەکانن. لە چەند بڕگەیەکیشدا، بە پێی پێویست، میتۆدی یان لێکۆڵینەوەی ڕۆشنبیری Cultural Method or Cultural Study).) هەروەها شێوازی دەقئاوێزانیIntertextuality) (لێرەو لەوێ بەسەرکراوەنەتەوە.

بیناى لێـکۆڵینەوەکە:

 ئەم توێژینەوەیە لە پێشەکى و (پێنج) بەش و ئانجام و سەرچاوەکان و پووختەى باس بە زمانى فارسی و ئینگلیزى پێکهاتووە:

بەشى یـەکـەم: دایک و دایکایەتی.

بەشی دووەم: دایک لە ئەدەب و کەلتوور و هونەردا.

بەشى سـێیەم: دایک لە جیهانبینی شیعری لەتیف هەڵمەتدا.

بەشی چوارەم: شیتەڵکاری دەقە شیعرەکانی دایک لە کۆبەرهەمی لەتیف هەڵمەتدا

بەشی پێنجەم: دایک لە (دیوانى منداڵان)ى لەتیف هەڵمەتدا

 هیوادارین، ئەم کتێبە، دەلاقەیەکی نوێی شیعرەکانی لەتیف هەڵمەتی بۆ چێژی ئێوە، ئاوەڵاکردبێت و قەرزێکی بچووکی (دایک)ی دابێتەوە و کونجێکی لە کتێبخانەی کوردی پڕ کردبێتەوە.


ئەم بابەتە 490 جار خوێندراوەتەوە