Aso.jpg

مەراسیمێکى شایستەى بۆ ئەنجامدرا

ئەمڕۆ لە شارى سلێمانى و لەسەر گڵکۆى هونەرمەندى کۆچکردوو ئاسۆ عومەر سوارە لە گۆڕستانى سەیوان مەراسیمێکى شایستە بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ هەینى 3/1/2020 کاژێر (2)ى پاشنیوەڕۆ لە گۆڕستانى سەیوان لە سەر گڵکۆى هونەرمەندى کۆچکردوو ئاسۆ عومەر سوارە جێگرى سەرۆکى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ لە گۆڕستانى سەیوان مەراسیمێکى شایستە بە ئامادەبونى ناوەندە ئەدەبى و هونەرییەکان و هونەرمەندان و نوسەران و هاووڵاتیان و کەس و کارى جوانەمەرگ بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا هەریەکە لە بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ و بەڕێوەبەرێتى سینەما و سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان وتارى تایبەتیان پێشکەشکرد،

لە وتارەکەى بنکەى روناکبیرى گەلاوێژ کە لەلایەن (د. ابتسام اسماعیل) سەرۆکى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ خوێندرایەوە، سەرەتا بە وەسێەکەى هونەرمەندى جوانەمەرگ ئاسۆ عومەر سوارە دەستى پێکرد، کە هەمیشە دەیوت: "ئەوەى من نەمتوانى بۆ گەلى کوردى بکەم، منداڵەکانم بابیکەن، هەرچى قوربانییەکیش لەپێناویدا هەیە، بابیدەن".

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا هاتووە: "زۆر بەداخەوە بە کۆچت زۆر زوو بوو، سەرشانۆکان، شاشەى کوردسات، بنکەى گەلاوێژ، چیدى نازرنگێتەوە بە تریقەى پێکەنینى تۆ، چیدى راڕەوەکەى بنکە پڕ نابێت لە سۆز و قەرەبالغى هاتوچۆى تۆ. سوعبەت و قسە خۆشەکانت، ئێستاش لەگوێى هەموماندایە، تۆ هەمیشە دەتوت: خۆشەویستى بنکەى گەلاوێژ لەناو هەناومدایە و وەکو کۆرپەیەک دەیپارێزم، و زۆر بەئەمەکیش بەجێت هێناو خۆشەویستیت بۆ کردە رووبارێک سەروەرییەکانى تیا دەدرەوشانەوە".

لە کۆتایى وتارەکەشیدا وتى: "کاکە ئاسۆ... بۆ وازوو بەجێت هێشتین... بۆ ملى دنیاى ئەبەدیت گرتەبەر و ساڵى نوێت خەمبار کرد... و گریانت کردە ملوانکەى گەردنمان. ئەى خۆ ئێمە لە بنکە کارى زۆرمان مابوو قسەى لێوە بکەین؟ ئەى خۆ ئێمە دەگەڕاین بۆ دروشمى نوێ بۆ فێستیڤاڵى ئەمساڵ، بەڵام بەداخەوە... زۆر بەداخەوە فێستیڤاڵى ئەمساڵ بەناوى کۆچى تۆ دەبێت ... (بۆ روحى ئاسۆ سوارە). ئازیزان لە کۆتاییدا، بەناوى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ دڵتەنگى خۆمان بۆ ئەم کۆستە گەورەیە دەردەبڕین، بە شانازیەوە بنکەکەمان ئەرکى چلە و چاپى کتێبەکەى دەگرێتە ئەستۆ".

(دەقى وتارەکەى وەکو خۆى بڵاودەکەینەوە)

لە کۆتایشدا وتارى بنەماڵە خوێندرایەوە، کە سوپاسى سەرجەم چین و توێژەکانى کەمەڵى کوردەواریان کرد کە وەکو بنەماڵە پەرۆشى کۆچى ناوادەى کاکە ئاسۆ عومەر سوارە بوون.

بە دانانى تاجە گوڵینەى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ و ناوەندە ئەدەبى و هونەرییەکان و هاووڵاتیتن کۆتایى بە مەراسیمەکە هات.

بۆ زانینى زانیارى لەسەر ژیانى هونەرمەند ئاسۆ عومەر سوارە کلیک لێرە بکە.


ئەم بابەتە 210 جار خوێندراوەتەوە