Aso1.jpg

دەقى وتارى سەرۆکى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ لەسەر ئارامگەى هونەرمەند ئاسۆ عومەر سوارە

بەڕێزان ... ماتەمگێڕان

سوارە، لە وەسیەتەکەیدا دەڵێت: "ئەوەى من نەمتوانى بۆ گەلى کوردى بکەم، منداڵەکانم بابیکەن، هەرچى قوربانییەکیش لەپێناویدا هەیە، بابیدەن".

بەڵێ... کاکە ئاسۆ تا دواساتەکانى ژیانى هەمیشە لە پرسى خۆشەویستى خاک و نیشتمان دابوو، بێ دابڕان و تەنانەت بۆ چرکەیەکیش چاوى لێ خافڵ نەبووە.

زۆر بەداخەوە بە کۆچت زۆر زوو بوو، سەرشانۆکان، شاشەى کوردسات، بنکەى گەلاوێژ، چیدى نازرنگێتەوە بە تریقەى پێکەنینى تۆ، چیدى راڕەوەکەى بنکە پڕ نابێت لە سۆز و قەرەبالغى هاتوچۆى تۆ. سوعبەت و قسە خۆشەکانت، ئێستاش لەگوێى هەموماندایە.

تۆ هەمیشە دەتوت: خۆشەویستى بنکەى گەلاوێژ لەناو هەناومدایە و وەکو کۆرپەیەک دەیپارێزم، و زۆر بەئەمەکیش بەجێت هێناو خۆشەویستیت بۆ کردە رووبارێک سەروەرییەکانى تیا دەدرەوشانەوە.

کاکە ئاسۆى ئەکتەر و راگەیاندکار و نوسەر و زیندانى سیاسى و ئەرشیف پارێز، ئەمڕ لە دەرگاى ژوورەکە نادات و بڵێ: دکتۆرە دەتوانین تۆزێ قسە بکەین؟ ئەمڕۆ بەحەسرەتێکى گەورەوە لێرەوە ئەم چەند رستەیە دەڵێم کە من چاوەڕوانى بووم.. بەڵێ قسە لەسەر فێستیڤاڵ و شاعیر (نەواب) و فێستیڤاڵى خولى نوێى گەلاوێژ بکەین، بەآم ئەفسووس ئەوە قەدەرى کورد و ئێمە بوو، کە تۆ ئیتر لە پانتاییەکانى گەلاوێژ و کوردسات و بەڕێوەبەرێتى سینەما و ناو هاوڕێکانت.. نەتبینین چیتر و حەکایەتەکان بە فریشتەدا بنێریتەوە خوارەوە.

تۆ هەمیشە وەک شنەبایەکى روح سوک لەناو فێستیڤاڵەکانى گەلاوێژدا دەهات و دەچووى... کارەکان ئەگەر هى تۆش نەبوایە زۆر لەخۆبوردووانە دەتکرد و دەڵت هیچ گەردى نەدەگرت. گوێت لە هەموومان دەگرت، لە رازو گلەییەکان، لە دەستخۆشییەکان و بەڵێنت دەدا کە دەبێ کارى باشتر و باشتر بکەین.

ئەى کاکە ئاسۆ... بۆ وازوو بەجێت هێشتین... بۆ ملى دنیاى ئەبەدیت گرتەبەر و ساڵى نوێت خەمبار کرد... و گریانت کردە ملوانکەى گەردنمان. ئەى خۆ ئێمە لە بنکە کارى زۆرمان مابوو قسەى لێوە بکەین؟ ئەى خۆ ئێمە دەگەڕاین بۆ دروشمى نوێ بۆ فێستیڤاڵى ئەمساڵ، بەڵام بەداخەوە... زۆر بەداخەوە فێستیڤاڵى ئەمساڵ بەناوى کۆچى تۆ دەبێت ... (بۆ روحى ئاسۆ سوارە).

ئازیزان لە کۆتاییدا، بەناوى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ دڵتەنگى خۆمان بۆ ئەم کۆستە گەورەیە دەردەبڕین، بە شانازیەوە بنکەکەمان ئەرکى چلە و چاپى کتێبەکەى دەگرێتە ئەستۆ.

دروود بۆ روحى پاکت، خوا سەبورى ئێمە و خانەوادەکەى و هاوڕێکانى بدات.

د. ابتسام اسماعیل

سەرۆکى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ

3/1/2020


ئەم بابەتە 246 جار خوێندراوەتەوە