Shaswar.jpg

بەمزوانە، نوێترین کتێبى شاسوار هەرشەمی بڵاودەکرێتەوە

دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان نوێترین کتێبی چاپکراوى خۆى بەناوى زانستی بەراوردکردنی پێوانەیی لەزمانە هیندۆروپییەکاندا بڵاودەکاتەوە.

وابڕیارە بەمزوانە کتێبى زانستی بەراوردکردنی پێوانەیی لەزمانە هیندۆروپییەکاندا (میتۆدێک بۆ دیاریکردنى بنەچەى زمانى کوردى) لە نووسینی (شاسوار هەرشەمی) لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان بەچاپێکى ناوازە بڵاوبکرێتەوە.

نوسەر و وەرگێڕى کورد شاسوار هەرشەمى لە واڵى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵايەتى فەیسبوک هەواڵى بڵاوکردنەوەى نوێترین کتێبى راگەیاندووە، کە کتێبەکە لە (682) لاپەڕەی قەوارە گەورە پێکهاتووە و هەروەک خۆى ئاماژەى بۆ دەکات لەم کتێبە ئەکادیمییەدا، هەموو میتۆد و ڕێساکانی زانستی بەراورد کردنی پێوانەیی شیکراونەتەوە، لەگەڵ هێنانەوەی سەدان نمونە، لە زمانە کلاسیکیە مردووەکان و زمانە هاوچەرخەکانیش، کە ئاماژە بە هاوتا کوردییەکانیشی کراوە.

ئەمە یەکەمین کتێبە، کە لە سەر بابەتی ئاڵۆزی (زانستی بەراورد کردنی پێوانەیی لە زانستی زمان)، بە زمانی کوردی بڵاودەبێتەوە.

لەم کتێبە دا، بە بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر سەرچاوە، پوختەیەکی دەستکەوتی کار و لێکۆڵینەوەکانی، دوو سەد ساڵەی زانایانی ئەم بوارە، خراوەتە بەر دەست خوێنەری کوردزمان.

لە بەشێکى کتێبەکەدا هاتووە:

لەدوای دۆزینەوەی بوونی پەیوەندییەکی زمانەوانی ئاڵۆز و هەمەلایەنە، لەنێوان سێ زمانە کلاسیکییەکەی ، سانسکریتیی، گرێکی و لاتینی، کەبووە هۆی داهاتنی بیرۆکەی بوونی سەرچاوەی هاوبەش، لەنێوان ژمارەیەکی یەجگار زۆری زمان، ئەوخێزانە زمانە سەرچاوە هاوبەشە، چەندان ناوی جیا جیای لێندراوە و پێی ناسراوە، یەکێک لەناوە هەرەکۆن و بەراییەکان کە زۆر زوو بۆخێزانی زمانە هیندۆروپییەکان بەکاردەهێندران بریتیبوو لە (زمانە یافێتییەکان)، ئەم ناوە گەلێک لەمێژووی دووسەدساڵەی ئاشکرابوونی خێزانە زمانەکە کۆنترە و بۆ چیرۆکی نوح و کوڕەکانی دەگەڕێتەوە.

وەک لە کتێبی ئایینی جولەکەکان (تەورات)دا هاتووە، بەگوێرەی چیرۆکەکە، رەگەزە جیاوازەکانی مرۆڤ (بەڕەنگی پێست و زمان و داب و نەریتیشەوە)، هەر هەموویان لە کوڕەکانی نوحەوە لەدوای رزگار بوونیان لە لافاوە مەزنەکە، وەپاشکەوتوون ئەوانیش ژمارەیەکی دیاریکراو بوون وەک : یافێت و سام و حام و هیدیش، لە لێکدانەوە و بۆچوونی زمانی هەروەک دابەشکردنی زمان و گەلان، بەپشت بەستن بە چیرۆکە ئاینییەکان کەلەبەر ئاسانی خستنەڕووی وەک دیاردەیەکی کۆن و نەریتیی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا، هێشتا لای زۆرکەس وەک ڕاستییەکی ڕەها هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت.


ئەم بابەتە 74 جار خوێندراوەتەوە