Sigmund-Freud.jpg

ئەستێرە بێڕکابەرەکەی سەدەی بیست، سیگمۆند فرۆید

ئا: لانە مدحت

 

سیگمۆند فرۆید، لە ٦ی مایۆی ساڵی ۱٨٥٦دا لە شارۆچکەی مۆرافیای چیکسلۆڤاکیا و لەنێو ئیمپڕاتۆرییەتی نەمسایی مەجەڕیدا، لەدایکبووە.

جاکووب فڕۆیدی باوکی سیگمۆند فرۆید لەدایکبووی شاری (جالیسا)ی پۆڵەندی بوو، کە ئەوکات پێگەیەکی سەرەکی جولەکەکان بوو، دایکی لە شاری (برودی) لە بەشی باکووری (جالیسکا)ی نزیک سنووری ڕووسیا لەدایک بووە، لە منداڵیدا وەکو ئاوارەیەک ڕوو لە ڤییەننا دەکات، دواتریش کە پێدەگات وەکو هاوسەری دووەم و لە تەمەنی کەمتر لە هەژدە ساڵیدا، شوو بە جادووب فرۆیدی تەمەن چل ساڵ دەکات و هەشت منداڵی لێدەبێت. فرۆید براگەورەی هەشت خوشک و برا بوو، باوکی جوولەکە بوو کە لە بازرگانی خوریدا کاری دەکرد، بە هۆی هەستی دوژمنکارانە لە هەمبەر جولەکەکاندا، شوێنی کار و خانەوادەکەی گۆڕی، سەرەتا چوونە شاری (لیبزج) ئەڵمانیا، دواتر چوونە ڤییەننا کە ئەوکات فرۆید تەمەنی تەنها چوار ساڵ بوو، بەڵام خودی فرۆید ئینتمای بۆ هیچ دینێک نەبوو، هەر لە سەردەمی منداڵییەوە حەزی بە خوێندن و خوێندنەوە بوو، لە تەمەنی هەشت ساڵیدا خوێنەری شانۆنامە وەڕگێڕدراوەکانی شکسپیر بوو، پاشان ئەدەبی یۆنانی و ڕۆمانی بە زمانی فەڕەنسی و ئەڵمانی خوێندووەتەوە، کە دواتریش لە تیۆرەکانیدا گرنگی پێداون لەوانە (ئەفسانەی ئۆدیب).

فرۆید لە سەرەتادا حەزیکردووە ببێتە کەسایەتییەکی سیاسی، بەڵام وازی لەو خەونەی خۆی هێنا و بڕیاریدا ببێتە فەیلەسووف و دواتریش پیاوێکی یاسایی و پاشانیش زانایەکی سرووشتناس.

 لەو دەمەدا جوولەکەکان لە زانکۆکانی نەمسادا ڕێگەیان پێدەدرا چەن پسپۆڕیەکی دیاریکراو بخوێنن کە فرۆید لێکۆڵینەوەکانی پزیشکی هەڵبژارد، چووە زانکۆی ڤییەننا بۆ ئەوەی لەژێر سەرپەرشتی کلاوسی پڕۆفیسۆردا دیراسەی بیردۆزەکەی داروین بکات.

یەکەمین لێکۆڵینەوە کە ئەنجامی دابێت دۆزینەوەی ئەندامی نێرینەی مارماسی بوو، کە ئەوکات دەزانرا مارماسی زاووزێ دەکات، بەڵام نەدەزانرا شوێنی زاووزێی ئەم گیاندارە لە کوێیە.

لە ساڵی ۱٨٨۲دا فرۆید کە تەمەنی ۲٦ساڵ دەبێت دەکەوێتە داوی خۆشەویستی (مارتا برنایز)ی تەمەن ۲۱ساڵ، کە دوای دوومانگ لە پەیوەندی مارەی دەکات، بەڵام دوای چوارساڵ و له ۱٤ی سێپتەمبەری ساڵی ۱٨٨٦دا هاوسەرگیری دەکەن، کە هۆکاری دواخستنی ئەم هاوسەرگیرییە ئەگەڕێتەوە بۆ باری دارایی فرۆید.

بەرهەمی هاوسەرگیرییان شەش منداڵ دەبێت، سێ کوڕ و سێ کچ، لەوانە کۆتا کچی بەناوی (ئانا) کە لەسەر هەمان ڕێچکەی باوکی ڕۆیشت، ژیانی پیشەیی خۆشی بە کاریگەربوون بە بیردۆزەکانی باوکی دەستیپێکرد، کە دواتر بووە دکتۆرێکی بەناوبانگ و کاریگەر لە بواری دەروونی.

لە ساڵی ۱٨٨٥دا چووە فەڕەنسا بۆ ئەوەی لەژێر سەرپەرشتی مارتن شارکۆی زانای بەناوبانگی بواری دەمار بخوێنێت، دواتر لە ساڵی ۱٨٨٦دا گەڕایەوە ڤییەننا و هاوپێچ لەگەڵ زەماوەندەکەی، بەشێوەیەکی چڕ کاری لەسەر نەخۆشی هیستریا کرد، کە دواتر کتێبی (چەند لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە هیستریا) لەگەڵ (برۆیر) ی هاوڕێی نووسی، کە یەکەمجار لە ساڵی ۱٨۹٥ بڵاویانکردەوە، کە نێوەڕۆکەکەی بریتییە لە چەند بابەتێکی شرۆڤەکارییانەی (هیستیریی) هەردوو نووسەر.

ساڵی ١٨٩٦ جادووب فرۆید باوکی سیگمۆند فرۆید کۆچی دوایی کرد، لە هەمان ساڵدا فرۆید زاراوەی (سایکۆلۆژیای شیکاری) داھێنا، لەماوەی (٤٠) چل ساڵی دوایشدا ھەموو ھەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ گەشەپێدانی (بنەماکانی، ئامانجەکانی، تەکنیکەکانی، ڕێگەکانی چارەسەری سایکۆلۆژیای شیکاری).

فرۆید توانیویەتی زۆرێک لە دیمەن و دیاردەکانی ژیانی نەستی و چەندان چەمکی پەیوەنددار بە ژیانی نەستیی و شڵەژانەکانی دەروونی بدۆزێتەوە، وەک (نەست) و (چەپاندن) و (بەرهەڵستی) و (ململانێی دەروونی) و (ڕەمەکەکانی خۆشەویستی) و (گرێی ئۆدیب) و چەندانی تر.

فرۆید بە زۆر کەسایەتی سەرسام بووە، لەوانە شارل داروین، سوکرات و کریستۆف کۆڵۆمبۆس، قوتابی زۆریش لە سۆنگەی ئەم دەروونناسەوە پێگەیین، لەوانە کارڵ یۆنگ، ئەلفرێد ئادلەر، کارن هۆڕنێ، ئەریک فرۆم و چەندانی تر...

لە ساڵی ۱٨۹۹دا یەکەمین لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە شیکردنەوەی دەروونی، بە ناوی کتێبی (لێکدانەوەی خەونەکان) نووسی کە لە ساڵی ۱۹۹۰ چاپ و بڵاویدەکاتەوە، کە تێیدا لێکدانەوەی زانستیانە بۆ خەون دەکات.

هەرچەندە بە هۆی بڕیارێک کە دژ بە جوولەکەکان دەردەکرێت زۆرێک لە کتێبەکانی ئەسوتێنرێت . بەڵام لە ئێستادا کتێبەکانی بەردەستن، کە زۆربەیان بۆ چەندان زمان وەرگێڕدراون. لە ساڵی ۱۹۰۲ لە ماڵەکەی خۆی لە ڤییەننا گفتوگۆی هەفتانەی بەڕێوەبردووە، کە ئەم گفتوگۆ و چاوپێکەوتنە نافەرمییانە لە کۆتاییدا بوونەتە هۆی دامەزراندنی (کۆمەڵەی ڤییەننا بۆ شیکردنەوەی دەروونی). لە ساڵی ۱۹۰٥ دا کتێبی (شیکردنەوەی دەروونی بۆ هیستریا) بەچاپ گەیاند، کە تێیدا ژیاننامەی کچۆڵەیەک دەخاتە ڕوو کە تووشی هیستریا بووە و فرۆید چارەسەری تەواوی دەکات، بێئەوەی هانا بۆ بەکارهێنانی هیپنۆتیزم بەرێت.

لە ساڵی ۱۹۰۹دا داوەتکرا بۆ ئەوەی لەزانکۆی کلارکی ویلایەتی ماساشوسیتسی ئەمریکیدا چەندان وانە بڵێتەوە، کە یەکەم چوونی بوو بۆ ئەمریکا. لەگەڵ هاتنی ساڵی ۱۹۱۰شدا ناوبانگی فرۆید بەسەرتاسەری خۆرئاوادا بڵاوبوویەوە. لە ساڵی ۱۹۱۲ کتێبی (تەوتەم و حەرام) چاپدەکات. لە ساڵی ۱۹۱٤شدا فرۆید کتێبی (لەسەرووی بنەمای چێژەوە)، بڵاودەکاتەوە کە بە یەکێک لە گرنگترین کتێبەکانی فرۆید دادەنرێت، کە تیایدا چەمکەکانی وەک (بنەمای چێژ)، (دووبارەکردنەوەی ناچارییانە) و هەردوو (ڕەمەکی خۆشەویستی و مەرگ) شیدەکاتەوە.

لە ساڵی ۱۹۱٥ تا ساڵی۱۹۳٨ فرۆید سەرقاڵی نووسینی کتێبێک بوو بەناوی ( چەند هزرێک بۆ زەمەنەکانی جەنگ و مردن)، کە ئەم کتێبە حەوت لێکۆڵینەوە لەخۆدەگرێت، کە لێکدانەوەی بۆ کۆی ئەو غەم و نەخۆشی و داڕووخانە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییانە کردووە کە دوچاری مرۆڤ بوونەتەوە.

لەسەرەتادا زۆر کەس لە قوتابی و مامۆستا لایەنگری دیدەکانی بوون، بەڵام دواتر هەریەک بەجۆرێ لێی جیادەبوونەوە، هۆکاری بنەڕەتیش پێداگری فڕۆید بوو لەسەر ئەوەی بۆ شیکردنەوە و شرۆڤەکردنی گرفتەکانی سۆزی و دەماری، فرۆید (ڕەمەکی سێکسی) وەکو چەق و سەنتەرێک دەخەمڵاند، کە لەبارەی نەخۆشی هیستریاشەوە هەمان دیدی هەبوو، کە بووە هۆی دوورکەوتنەوەی (جۆزێف بڕۆیەر)، لەکاتێکدا برۆیەر هیپنۆتیزمی (خەواندنی موگناتیسی) وەکو چارەسەریک دەزانی.

بەڵام فرۆید لەبەرامبەر هیپنۆتیزم ڕێبازی گەڕاندنەوەی ئازادانەی بە چارەسەر دەزانی، کە تێیدا نەخۆش حەز و پاڵنەر و ئەزموونە ئازاربەخشەکان و ترس و پاڵنەرە نەستییەکان بە مەیلی خۆی دەخاتە ڕوو.

فرۆید گەلێک لایەنی دەروونی شیکردۆتەوە کە بە ئێستاشەوە مشتومڕی لەسەر دەکرێت و گرنگی پێدەدرێت، وەک بۆچوونی لەسەر ئەو دەرئەنجامەی کە پێی وایە زۆربەی یادەوەرییەکانی منداڵ پەیوەندی بە سێکسەوە هەیە.

لەیەکێک لە بیردۆزەکانی بانگەشەی ئەوە دەکات کەوا کردەی سێکسی هەر لەکاتی لەدایکبوونەوە دەستپێدەکات، فرۆید پێی وایە کە غەریزەکان چەند ھۆکارگەلێکی جۆراوجۆرن بۆ دروستکردنی ھەڵسوکەوت، گرنگترین دووغەریزەش لە ژیانی مرۆڤەکاندا بریتین لە (ئیرۆس - ژیاندۆستی) و (ساناتۆس - مەرگدۆستی).

 فرۆید پرۆسەی عەقڵی ناساندوە بەوەی کە لە دۆخی ئاگاییدایە (هەست) یان لەپێش ئاگاییدایە، یاخود لە دۆخی نائاگایدایە (نەست). بوونیادی کەسێتی دابەشکردووە بۆ سێ بەش:

۱- ئەو: واتە ئەو لایەنە نەستییەی دەروونە کەوا بە سەرچاوەی ڕەمەکی یان ئاژەڵی دادەنرێت، مەبەست لێی چێژ و غەریزە سێکسییەکانە، ( لایەنی بایۆلۆژیانەی کەسێتی) .

۲- خود)من (ئەقڵی واقیعی کە کەسایەتی وێنای دەکات.

۳- منی باڵا: کە پێکدێت لە بەها ئەخلاقییەکان کە زۆرکات ناهەماهەنگە لەگەڵ )ئەو(، )لایەنی سایکۆلۆژیانەی کەسێتی( .

لە ساڵی ۱۹۲۰ دا کتێبێکی دیکەی بەناوی (پێشەکییەک بۆ شیکردنەوەی دەروونی) بڵاودەکاتەوە.

لە ساڵی ۱۹۲۷دا کتێبی (ئایندەی وەهم) بڵاودەکاتەوە، کە بووە هۆی تۆمەتبارکردنی لە خۆرهەڵات بە بێباوەڕی و خواناسی، چونکە فرۆید لەو کتێبەیدا روونیدەکاتەوە، کە ئاینەکان بریتیین لە چەند بیر و باوەڕێکی هەڵە.

لە ساڵی ۱۹۳۰دا دایکی لە ڤییەننا کۆچی دوایی کرد، بەڵام بە هۆی ئاڵۆزی پەیوەندییان فرۆید بەشداری لە ناشتنی تەرمەکەیدا نەکرد، هاوپێچ لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا، کتێبی (شارستانییەت و ڕق و تووڕەییەکەی) بەچاپ دەگەیەنێت.

دوای ئەوەی نازییەکان لە ساڵی ۱۹۳٨دا نەمسایان خستە پاڵ ئەڵمانیاوە، فرۆید بەرەو لەندەن هەڵهات و تا دوا ساتەکانی ژیانی لەوێ مایەوە.

لە ساڵی ۱۹۲۳ تووشی شێرپەنجەی شەویلاکی دەم بوو، کە کارێکی زۆر دەکاتە سەر دەروونی، بەڵام لەکارەکانی بەردەوام دەبێ، کە لەوساڵەدا بۆ زۆرێک لە بیردۆزەکانی چەند دەقێکی هەموارکراوی سەرەتایی بڵاودەکاتەوە. فرۆید بەدرێژای ژیانی جگەرەی کێشاوە و بەجگەرە کێشان ڕووبەڕووی کێشەکانی بۆتەوە، لە وتەیەکیدا دەڵێت (تا دەمم توانای هەڵگرتنی جگەرەی هەبێت، واز لە جگەرە ناهێنم)، تەنانەت دوای بڕینی شەویلاکی و دانانی شەویلاکی دەسکردیش لە جگەرەکێشان بەردەوام بوو، تا ئەوکاتەی پێیوابوو کەئیتر کەڵکی کارکردنی نەماوە، داوای لە دکتۆرەکەی خۆی کرد لە خۆکوشتندا یارمەتی بدات، دکتۆرەکەش

سێ جۆر مۆرفینی پێدا و لە ۲۳ی سێپتەمبەری ساڵی ۱۹۳۹ و ڕێک دوای چەند ڕۆژێک لە هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی جیهانی ماڵئاوایی لە ژیانی کرد. کە پێش مردنی لەم ساڵەدا دواین کتێبی بەچاپ دەگەیەنێت، ئەویش کتێبی( موسا و یەکبوون).

فرۆید لەگەڵ ئەو هەموو کتێب و تێز و تیۆرانەی کە خزمەتی بە دەروونناسی گەیاندووە، خاوەنی چەندان وتەی بەناوبانگن، کەتا ئێستاش جێی گرنگی خوێنەران لەوانە: خۆشەویستی و کار، بەردی بناغەی مرۆڤایەتیمانن.

 

 


ئەم بابەتە 419 جار خوێندراوەتەوە