Dramam.jpg

درامای تورکی.. ژەهر لەناو هەنگویندا

ئیلاف: تاریق ئەلشناوی - و: ژوان ئەحمەد

لە ناوەراستی ئەمساڵدا، یادی سەد ساڵەی هونەرمەندی گەورە فەرید شەوقی دەکەینەوە، کە پێش نزیکەی حەوت ساڵ، نازناوی ئەستێرەی یەکەمی عەرەبی پێ بەخشرا لە راپرسیەکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەما لە دوبەی.

هەر لەبەر ئەو هۆیە نیە کە باسی پاشای شاشەم کرد کە جەماوەر وای پێدەوت، یان (سەرۆک کۆماری نواندن) کە بەشێکی زۆر لە ئەکتەران ناویان لێنابوو، بەڵکو (عثمان الجبار) بیردێنمەوە کە ناوی ئەو فیلمە تورکیە بوو لەنێوان دە فیلمدا کە فەرید رۆڵی پاڵەوانی تیا گێڕاوە لە ئەستانبوڵ لە کۆتایی شەستەکاندا، تا سەرەتای حەفتاکان، لە زیاتر لە فێستیڤاڵێکیشدا خەڵاتی باشترین ئەکتەری پێدراوە،‌و بە ئەستێرەی میللی یەکەم لە گۆرەپانی تورکیدا دادەنرا.

ئەوە سەرەتای ئەو سەرەداوەیە کە خوازیارم دەستی پێوەبگرین، بەوەی ئێمەش دەتوانین کاری هونەری زۆر باش پێشکەش بکەین، لەبری ئەوەی ئێستا ئەوان ( ژەهرمان بۆ دەکەنە ناو هەنگوینەوە) لە دراما مێژوییەکانی تورکیادا، بەجۆرێک ئەردۆگان، زنجیرە دراماکانی بەپشتیوانی دەوڵەت گۆڕیوە بۆ چەکێک بۆ ساختە کردنی مێژوو، لە هەوڵێکی شکستخواردودا بۆ بەدەستهێناوەی سەردەمێک کە بەسەرچوە‌و ناگەڕێتەوە، ئێمە بەرەنگاری ئەو داگیرکاریە بوینەوە، جەنگی زۆرمان کرد بۆ تێکشکاندنی ئەو سەردەمە، بەڵام ئێستا تورک لەرێگەی چەند درامایەکەوە کە دواترینیان (ئەرتۆغرۆل)ە، دەیانەوێ هەناردەی مێژوویەکی ساختە بکەن لەبارەی فەتحی عوسمانی، هەموان دەزانن ئەوە داگیرکاری‌و دەستدرێژی بوە، ناوچەکە چەندین سەدە بەرەنگاری بۆوە، ئێستاش دەستی سەربازی تورک هەر درێژ دەبێت بۆ ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکەو عەرەبی، وەک عێراق‌و سوریا‌و دواتریش لیبیا بوو، لێرەوە ئیدی بەرەنگاربونەوەی داگیرکاری دەبێتە ئەرک، بە بایکۆتی کڕینی دراما دەست پی َدەکات‌و پاشان وەستاندنی ئەوەی پەخش دەکرێت، کە ئەوەش گورزێکی کوشندەیە، ئێستا درامای تورکی بەشوێن سەرچاوەی سپۆنسەری تردا دەگەڕێت، سەرەرای ئەوەی دەوڵەت بەرەسمی پشتیوانی دارایی‌و ئەدەبی پێشکەش دەکات، چونکە ئەمە دەبێتە باسکێکی تر کە لە شەڕەکانیدا تورکیا بەکاری دەهێنێت.

ئاسن بە ئاسن دەکوترێت، دراماش تەنیا بە دراما روبەرو دەبێتەوە، بۆیە درامای (ممالک النار) لە بەرهەمهێنانی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی هات، کە لەناواخندا وەڵامێکی راستەوخۆ‌و یەکلاکەرەوەی تیادایە.. پابەند بە مێژوو، 14 ئەلقەی پێشکەش کرد لە راستی دۆکیۆمێنتکراو، پشتیوان بە وێنایەکی هونەری سەرنجراکێش، پلەیەکی بەرزی بینەری تۆمار کرد، پەیمەکەشی بە تەواوی گەیاند کە بە بروای من ئەوە گرنگ بوو: بە هەموو جیهان دەڵێت: ئێمەش بە چەکی نەرم دەتوانین دۆزە رەواکان بخەینە روو، رەچەتەی جادویی سەرکەوتنیش پەیوەستە بە پابەندبون بە مێژوەوە، لەکاتێکدا تورک ( ئەرتۆغرۆل) ی پێشکەش کرد بۆ دزەکردنە ناو ویژدانی عەرەب بەژمارەیەکی بێکۆتای درۆ، بە تایبەت ئەرتۆغرۆل کە زۆرینەی سەرچاوە رۆژئاواییەکان دەڵێن کەسایەتیەکی وەهمی بوە‌و عوسمانیەکان دروستیان کردوە تا زەمینە خۆش بکەن بۆ دروست کردنی ئیمپراتۆریەتەکەیان.

نزیکەی 15 ساڵە، بەپێشوازی رەسمی‌و میللی، درامای تورکی بۆتە هاونیشنی ماڵەکانمان، دراماکانی تورک وێنایەکی کۆمەلایەتی‌و رۆمانسی پێشکەش دەکات کە بە تەکنیکێکی جوان‌و سەردەمیانە‌و سەرنجراکێش دروست کراون، لە چەندین فێستیڤاڵدا لە وڵاتانی عەرەبیش ئەو پاڵەوانە تورکانە خەڵات کراون، چەندین کەس بەناوی (موهەنەد) ناونران کە پاڵەوانی یەکێک لە دراما تورکیە دۆبلاژکراوەکان بوو، پاش ئەوە قێڵە سیاسیەکەمان بینی کە کارە مێژووییەکان تیایاندابوو، بۆیە ئەرک بوو دەرگای لێدابخەین، پاشان هەنگاوی تر بنێین‌و خۆمان کاری هونەری بەرهەم بهێنینکە جادوی ئەفراندنی تیابێت، بیسەلمێنین ئێمەش کاری ئەۆتۆمان هەیە کە دەتوانێت لەناو تورکیشدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، لە نمونەی فەرید شەوقی.

تاریق ئەشناوی لە چەند دیرێکدا:

- لە رۆژى 8/2/1957 لە شارى قاهیرەى پایتەختى میسر لە دایکبووە.

- نوسەر‌ و رۆژنامەنوس‌ و رەخنەگرێکی سینەماییە.

- مامۆستای بابەتی رەخنەی هونەرییە لە کۆلێژی راگەیاندنی زانکۆی قاهیرە‌ و ئەکادیمیای نێودەوڵەتی بۆ زانستەکانی میدیا.

- سەدان بابەت ‌و وتاری رەخنەیی بڵاوکردۆتەوە.

- بروانامەی بەکالۆریۆسی راگەیاندنی لە زانکۆی قاهیرە، بەکارلۆریۆس لە پەیمانگای سینەمای بەدەستهێناوە.

- چەندین کتێبی نوسیوە‌ و بڵاوکردۆتەوە وەک: سینەما‌و کەمێک سیاسەت، ساڵانی پێکەنین لە سینەمای میسری، کردیانم بە دەرهێنەر، ئەو ئەکتەرەی ماکیاژ نازانێت، فاتن، ... زیاتر لە دە کتێبی تر.

- بەشداری دەیان فێستیڤاڵی کردوە ‌و چەندین خەلاتی بەدەستهێناوە.

- سەرۆکایەتی چەندین فێستیڤاڵی عەرەبی کردوە.

- لە چەندین رۆژنامەی وەک شەرقول ئەوسەت، مەسری ئەلیەوم، تەحریر، دەستور، سەوت ئەلئومە، ئیلاف دەنوسێت.

- سێ ساڵە بەرنامەیەکی هەفتانەی تەلەفزیۆنی هەیە سەبارەت بە هونەر.


ئەم بابەتە 86 جار خوێندراوەتەوە