Rebwar_siwayli.jpg

لە پەراوێزی شیعرەکەی ڕەنج سەنگاویدا (لە خۆم نامۆم)

ڕێبوار سیوەیلی

ئەم شیعرەی ڕەنج سەنگاوی لە کاتێکدا دێت، کە دوولەتبوون و پارچەپارچە بوون، هەر تەنیا بەشێک نییە لە واقیع، بەڵگو بەشێکیشە لە ناخ. زۆرجار شیعری ڕەنج زیاد لە پێویست ڕۆمانسیانە بووە، بەڵام هەمیشە ڕوون و سادە و ڕەوان. ئەم شیعرەی یەکێکە لە شیعرە هەرە باشەکانی. دەستپێکی شیعرەکە پڕە لە ئاگایی بەرامبەر بە دۆخی لەتبوون و پڕیشە لە گومان. شین و شایی بوونەتە سەرچاوەی لە خۆنامۆبوون و ئەمەش گومانێکی زۆری لا دروستکردووە کە ئایا ئەمە خۆیەتی یان تارماییەکەیەتی. وێناکردنێکی جوانی خودە ئەو کاتەی گومان دەبێتە سەرهەڵدانی پرسیار. کۆپلەی یەکەم ئەم گومان و پرسیارە، لە خۆنامۆبوونەکەی قووڵتر دەکاتەوە. زمان خودێکی ئاگا دەخوڵقێنێک، نەک خودێکی گێل و نغرۆبوو لەناو کێشە سەپێنراوەکانی واقیعدا. خودێک خۆی دەبینێت و دۆخی خۆی بە شین و شایی وەسف دەکات و لەوێشەوە گومان و پرسیار دروستدەکات:

لە خۆم نامۆم

نیوەم شینە و نیوەم شایی

خۆ نازانم ئەمەش خۆمم، یان تارمایی!!

لە کۆپلەی دووەمدا، وەکئەوەی وەڵام بێت بۆ کۆپلەی یەکەم، خود بۆی دەرکەوێت ئەو تارمایی نییە، بەڵکو بوونێکی نیوەناچڵی لە نێوان بێداری و خەودا هەیە، کە دۆخێکی قۆشمەجاڕانەی پێبەخشیوە: خود لێرەدا دوو جەمسەری خۆی کە هیچ یەکتری تەواو ناکەن، بەرجەستە دەکات. ئەمەش لە مێژووی خوددا شتێکی دەگمەنە، چونکە خود بەدەست دوولەتبوونی خۆیەوە گیری خواردووە و نیوە بێدارەکەی دەیهێنێتە پێکەنین و نیوە خەولێکەوتووەکەی بەرەو مەرگ و پرسەی دەبات.

لە کۆپلەی سێیەمدا، ئەم دوولەتبوونە بە دوو شێوەی جیاوازیش دەست لە خود دەوەشێنن، ئەگەرچی ئەو یەک هەڵوێست لە ئاستیاندا وەردەگرێت: سوپاسگوزارە کە بێداری و پێکەنین تیری تێدەگرن و پرسەی مردنیش بە شیر لەتیدەکات.

دەلالەتی زمانی تیر و شیر، مانایەکی میژوویی وەردەگرن. تیر زۆر لە شیر کۆنترە، بەڵام تیر ئامرازی هاویشتن و شیر ئامرازی وەشاندنە. تیر لە دوورەوە دەهاوێژرێت و شیر لە نزیکەوە. لە هاویشتنی تیردا، هەمیشە تیرهاوێژ پارێزراوترە وەک لە شمشێروەشێن. هەردووکیشیان ئامرازی دوو قۆناغی جیاوازی مێژووی شەڕکردنن: شەڕی تیر زۆر کۆنترە لە شەڕی شیر. تیر هی سەردەمی شەڕی دووربەدوور و شیر هی سەردەمی شەڕی دەستەویەخە. ئەویان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی شارستانییەتی ڕاو و چینینەوە، ئەمیان هیی سەردەمی شارستانییەتی ئاسن و پیشەسازی. ئەقڵی پشتەوەی دورستکردنی تیر، عەقڵێکە هێشتا بە تەواوی لە سرووشت دانەبڕاوە، بەڵام عەقڵێک کە شیری دروستکردووە، بەتەواوی پشتی کردۆتە سرووشت. هەرچەندە لە بنەمادا دار، کە تیری لێ دروست دەکرێت و ئاسن کە شیری لێ درووست دەکرێت، هەردووکیان سرووشتین. بەڵام لە شیعرەکەدا خود وەکو یەک خۆیان دەداتە بەر و سوپاسگوزاریانە. وەکئەوەی خود لەم دوولەتبوونەدا کامڵبوونی خۆی ببینێت. لە دەقەکەدا پێدەچێت تیر نوێنەری خۆرهەڵات و شیر نوێنەری ئەمەرکا بێت، کە پاشتر ڕووندەکرێتەوە.

بەڵام هەر لەم دوو کۆپلەیەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە ئێمە لەبەردەم فێڵێکی زمانیداین، ئەمەش شیعرەکە جوانتر دەکات. فێڵە زمانییەکە بریتیە لە دابەشبوونی من بەسەر ئەم و ئەودا. ئەم و ئەو هیچیان من نین، بەڵکو هۆکاری دوولەتبوونی منن. ئەم و ئەو ڕووداوێکیان دروستکردووە کە بۆتە هۆکاری شین و شایی من و نیوەبێداری و نیوە خەولێکەوتووییم و نیوەی خەندان و نیوەی پرسەگەری من. وەک لە درێژەی شیعرەکەدا دەردەکەوێت، خود وا دەزانێت هیچ زیانی نەکردووە تەنیا ئەوە نەبێت کە دوولەت بووە لە نێوان ئەم و ئەودا و لە هەریەکێکیشانەوە ئەوەی پێدەبڕێت، کە ئاراستەی دەکرێت.

نیوەم بێدارەو نیوەم خەو

لەگەڵ ئەم پێئەکەنم و

بەڕێگاوەم بۆ پرسەی ئەو

سوپاس گوزاری ھەردوو لام

جارێ بۆ تیرەکەی ئەولاو

جارێ بۆ شیرەکەی ئەم لام.

لە کۆپلەی چوارەمدا هەم ڕیتم دەگوڕێت و هەم ئاماژەیەکیش هەیە بۆ (من)ی مێژوویی. منێک ژیانی بە نیوەیی ئەزموون دەکات و لە نێوان دڵی پڕ و کاسەی پڕدا هاوکێشەیەکی قەشەنگ دروستدەکات. ئەو منە بە ژیانێکی ئاسایی خۆی ڕانەهاتووە و هەمیشە ژیانێک ژیاوە کە ئەوانیتر و ئەم و ئەو پێیان ڕەوا دیتوە، یان بەسەریاندا سەپاندووە:

لە وەتەی ھەم ھەمو شتێکی ژیانم بۆتە نیوە

لەماڵمدا بێ دڵی پڕ، کاسەی پڕم نەبینیوە

هەرچەندە کۆپلەی پێنجەم وەک دووبارەکردنەوەی جووتەکانیتر، وەک: )شین و شایی، خۆم و تارمایی، بێداریی و خەو، ئەم و ئەو..)، بەڵام شتێکی زۆر تازەشی تێدایە: نێوەم جننە و نیوەم ئینسان! وشەی جن و ئینسان دوو ڕووانگەمان بیر دەخەنەوە، کە ئەویتر دیدی ئێمەیان لە ئاست خۆماندا پێ لە چێوە گرتووە. ئێمە هەرکات خۆمان وەک ئینسان و خۆمان وەک جن بینیبێت، ئەمە میژووییەکە ئەوانیتر بۆ ئێمەیان ئامادە کردووە، نەک بەرەنجامی بیرکردنەوە و تێڕوانینی خۆمان بێت بۆ خۆمان.

نیو ئازادی و نیو نیشتیمان

نیوەی لێوم زەردەی بزەو نیوەی گریان

نیوەم جنەو نیوەم ئینسان

کۆپلەی شەشەم، جەخت لەسەر دیدەگایەکی باو دەکاتەوە، کە خود بۆخۆی هەیەتی. ئەو هەرگیز خۆی بە کەمتەرخەم و بەشدار لەو ڕووداوانەدا نازانێت کە بۆخۆی دەستی تیایاندا هەیە. بەڵکو هەمیشە ئاماژە بۆ ئەوانیتر دەکات و خۆی وەک قوربانی وێنا دەکاتەوە.

ھەر لایەکیان یەک بکوژن

تۆڵە لە من ئەکەنەوە

ھەر لایەکیان بیدۆڕێنن

ھەر لە منی ئەبەنەوە

ئەم ڕوانگەیە لە کۆپلەی حەوتەمدا، بەردەوام دەبێت و خود بوونی خۆی وەک خۆگونجێنەرێک لەگەڵ ئەم و ئەو، بەرجەستە دەکات تا دەگات بەوەی کە خودئاگایی دەقەکە هەڵوێست وەر بگرێت و تێگەیشتنە میژووییەکە لەسەر خۆی دووبارە بکاتەوە: کورد لە ئاست ئەویتردا ڕۆڵی کۆیلە دەبینێت و ئەوانیتر سەردار. کەنیسە و عاشوورا ئاماژەن بە دوو سرووتی ئایینی، کە ناکۆکیی و دژایەتیان لە نێواندا هەیە. شیعرەکە باسی ئەو جیاوازییەش لە ڕێگەی ئاماژەدان بە پێکردنی مۆم لە کەنیسە و لە خۆدانی مرۆڤ لە عاشوورادا ڕووندەکاتەوە. کۆتایی دەقەکە لە ڕاستییەکی تاڵ ئاگادارمان دەکاتەوە: ژیانی تراژیکیانەی ئەم منە کوردییە، لە نێوان سەردار و کۆیلەدا خودی ئەویان قەتیس کردووە. سەردار ئەویترە و کورد کۆیلەکەیە. ئەم ئاگاییە بە کۆیلەبوون و پەسەندکردنە بۆ ڕۆڵی کۆیلە لە ئاگایی خودەوەیە. ئەم ئاگاییەش نیوەی هەنگاونانە بۆ یاخیبوون و خۆئازاد کردن.

لە کەنیسە مۆم پێ ئەکەم

لە عاشووراش ئەدەم لە خۆم

لەوەتەی ھەم ھەر بە تەنھا بۆ خۆم نیە

شین و ڕۆ ڕۆم

ھەر کەسێ وتی سەردارم

من پێی ئەڵێم غوڵامی تۆم.

کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبوو موهەندیس لەم هەفتەیەدا، وەک دوو نوێنەری دوو گەلی عەرەب و فارس و سەر بەهەمان ئاراستەی ئادیۆلۆژی مەزهەبیی شیعە، بە دەستی ئەمەریکییەکان، ڕەنگدانەوەی بەسەر دەقەکەوە جێهێشتووە. کوردیش لەم نێوانەدا، هەرچەندە هەست بە خۆشیی و مەترسی دەکات، بەڵام گوماندار و پڕە لە پرسیار. مامەڵەی سەنگاوی لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا زۆر شاعیرانە و کوردیانەیە. سەرەتا خودێکی تاکەکەسی وێنا دەکات و پاشان ئەم خودە دەبێتە منێکی کوردیانە. منێک وێنا دەکات لە بەشەکییەوە بۆ هەمەکی و لە تایبەتەوە بۆ گشتی. هەرچەندە ڕووداوەکە و ئەوەی لێیدەکەوێتەوە بۆ کورد تراژیدیانەیە و لە ئاسۆی پێشبینی دەقەکەدا جۆرە سەقامگیرییەکی ناچارەکی کورد بەو فیتنە و ئاژاوانەوە دەبینرێت، بەڵام دەقەکە گەشبینی پیشان نادات. گرنگیی دەقەکە ئەوەیە کە بەزمانێکی ڕوون، سادە و بێ گرێ و پابەند بە موزیک و چنینێکی تۆکمە، پێگەی مرۆڤی کورد لەوەها ڕووداوێکدا کە پەیوەندیی بە کوردەوە نییە، ئاشکرا دەکات. ڕەنج هیچی لە خۆشییەکان نەشاردۆتەوە، بەڵام خوێنەریش وەک گیسەکەکەی هەیاس لێدەکات، بەتایبەتی خوێنەری کورد: هیچ مژدەیەکی پێ نادات. تەنیا مژدەیەک ئەوەیە کە دەقی سادە دەتوانێت هەلگری مانای قووڵ بێت، ماندووکەر نەبێت..


ئەم بابەتە 120 جار خوێندراوەتەوە