drita.jpg

تەنیایی تەلەفۆنێکە زەنگ لێ دەدات بەردەوام

دریتا کۆمۆ/وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

تەنیایی تەلەفۆنێکە زەنگ لێ دەدات بەردەوام

دەنگی غەوارەیەکە سۆراخی کەسێکی دیکەم لێ دەپرسێت

شەممەیەکی تاریکوتنۆکە ئاسمانە هەورینەکەی تۆزقاڵێک هەتاوی نییە

قسەی لەخۆڕایییە، کە تاقەتم ناهێڵێت

 

تەنیایی تێڕامانە لە پشت پەنجەرەوە کە دەگاتە شەو

بیرکردنەوەیە لە شەقامێک کە مرۆڤەکانی پیاسەیان خۆش دەوێت

مرۆڤگەلێک کە دەچنەوە ماڵ و لەسەر تەختەکەیان دەخەون و چاوەکانیان دادەخەن بەڵام خەون نابینن

مرۆڤگەلێک کە بەرگەی گەرمای ژوورەکەیان ناگرن و نیوەشەو لە ماڵ دەردەچن

 

تەنیایی دڵسپاردنە بە کەسێک کە خۆشتی ناوێت

کەسێک کە هەرگیز گوڵت بۆ ناکڕێت

کەسێک کە بۆی گرنگ نییە ڕۆژ لە پشت پەنجەرەی ژوورەکەتەوە دەبینی ڕۆژانە

 

تەنیایی زیادەبوونە لە ماڵێکدا کە تەلەفۆن هەرگیز کاری بە تۆ نییە

ماڵێک وەک بڵێی تۆ ناناسێت

ماڵێک کە بۆ تۆ لە ژوورێکی بچووکدا کورت بووەتەوە

 

تەنیایی یادێکە عەزابت دەدا ڕۆژانە

بیرەوەرییەک کە هێرشت بۆ دەهێنێت کاتێک چاوەکانت دادەخەیت

 

تەنیایی میلەکانی کاتژمێرێکە هەرگیز نەجووڵاون کاتێک چاوەکانت دەکەیتەوە

تەنیایی لە چاوەڕوانی-تۆدا-بوونە کاتێک تۆ نییت

کاتێک تۆ ڕۆیشتوویت لەم ماڵە

کاتێک تەلەفۆن زەنگ لێ دەدات بەڵام غەوارەیەک سۆراخی کەسێکی دیکە دەپرسێت

کاتێک لە پەنجەرەیەدا کە دەگاتە شەو خۆت دەبینی شەوانە

 

 

 

 

| دریتا کۆمۆ، شاعیری ئەلبانی، لە ساڵی ١٩٥٨ـدا لە تیرانای ئەلبانیا لە دایک بوو. ٢٣ ساڵ ژیا. لە ١٩٨١ کاتێک دایکیان بردبوو بۆ کاری زۆرەملێ، ئەو لە تەنیاییدا بە هۆی شێرپەنجەوە، گیانی سپارد.

 


ئەم بابەتە 66 جار خوێندراوەتەوە