لە خەو هەستاوم کە ڕۆژێکی نوێ ببینم
دایمە زۆر شت ڕوو دەدەن و لە کەمیان تێدەگەم
پێم دەڵێن خانەکانی مێشکت پووکاونەتەوە
لە کاتێکدا هەمیشە هەر وا بووم:
بە دوای واتادا گەڕاوم؛ زۆر جار
کەچی باوەڕم بە واتا لە دەست دا
ویستم بگەڕێمەوە بۆ سەرەتا
بەڵام کێشەی من ئەمە نەبوو
لەوەتەی هەم تەنیا قوربانی دەبینم
جەللاد بوونی نەبووە، دەتوانم ئەمە بسەلمێنم
نەمتوانی بە هاوڕێکانم بڵێم خودا جۆرێکە لە قوربانی
من بەوەفام لەگەڵیاندا و دەزانم هەرشتێکی نوێ هەڵگری نەختێک لە توندوتیژییە
سەرەتا باوەڕم بە سەفەر هەبوو؛ سەیرە
چونکە هێشتا لە جەستەمدا دەژیام
پاشان بەردەوام خۆم دەشاردەوە
چونکە قوربانی دەتوانێت ترسناک بێت
سێکس هەمیشە بیرمان دەباتەوە، کە یەکترمان خۆش ناوێت
خۆشەویستی هەمیشە بیرمان دەباتەوە، کە یەکترمان خۆش دەوێت
بیرم لەوە کردەوە مەرگ ڕەت بکەمەوە؛ سوپایەکی گەورەم دروست کرد
بیرم لەوە نەکردەوە شتێکی نەمر دابهێنم، من هێشتا باوەڕم بە خودی ژیان نەهێناوە
پێم وا بوو دەبێ لە شوێنێکدا شتێک هەبێت، کە باشتر لە هەموو شتەکان تێبگەین
تێگەیشتم کە ژیان بە مەرگ فریوی داوین، ئەمەیش سوپاکەی من بوو
شتێکم دۆزییەوە تۆقێنەر بەڵام توانیی نەختێک هێمنم بکاتەوە
کەواتە مەرگ قوربانییە گەورەکە بوو
قوربانییش ڕەت ناکرێتەوە
کەواتە من ترسام. پێم دەڵێن بۆ خۆت بە باخچەکەتەوە خەریک ناکەیت. نەفرەت. من دەزانم، هەموو شتێک دەزانم. ئنجاش دەیانەوێت فریوم بدەن