Baxtyar_Ali.jpg

ڕوونکردنەوەیەک له‌ په‌یجی‌ فه‌رمیی‌ به‌ختیار عه‌لی

خوێنەرانی ئازیز... بەداخەوە تائێستا هەندێک لە خوێنەران پەیوەندیمان پێوەدەکەن و گلەیی ئەوە دەکەن کە هەندێک پەیج هەن کە بە ناوی نوسەرەوە دانراون و بە ناوی نوسەرەوە پۆستدەکەن و بە ناوی نوسەرەوە وەڵامی خوێنەران دەدەنەوە. لە ڕاستیدا ئێمە هەوڵمانداوه‌ ئەو پەیجانە دابخرێن، یان لانیكه‌م به‌ناوی‌ به‌ختیار عه‌لییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خوێنه‌راندا نه‌كه‌ن، بەڵام هەموو کەس دەزانێت کە جیهانی نێت، دونیایەکی چڕە و کۆنترۆڵکردنی کارێکی ئاسان نییە. لەمه‌وپێشیش چەند جارێک لێرەوە ڕوونمانکردۆتەوە، کە «بەختیار عەلی» هیچ پەیجێکی شەخسی لە فەیسبوکدا نییە، لە ئێستا و لە ڕابوردوو و لە داهاتووشدا هەر کەسێک بە ناوی بەختیار عەلییەوە لە نێتدا قسەی لەگەڵ کردن، ئه‌وه‌ ساخته‌یه‌ و دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌. تاکە پەیجێکی فەرمیی نوسەر ئەم پەیجەیە، ئەم پەیجەش چوار ئەدمینی هەیە، پۆستەکانی ئەم پەیجەش ئەدمینەکان هەڵیدەبژێرن، بەڵام هەواڵەکان و کاتی کۆڕەکان و زانیاری لەسەر کتێبە چاپکراوەکان لەلایەن نوسەر خۆیەوە بە پەیجەکە دەگات. لەو چەند ساڵەدا ئێمە هەوڵمانداوە پردێكی‌ گه‌یاندنی‌ باش بین لە نێوان نوسەر و خوێنەردا، هەر کەسێک کارێکی پێویست و گرنگی بووبێت و ویستبێتی پەیوەندی بە کاک بەختیارەوە بکات، ئێمە کارئاسانیمان بۆ کردوە. کاک بەختیار خۆشی هەر هەواڵێکی نوێی هەبێت، یەکەم جار تەنیا لێرەدا بڵاویکردۆتەوە، ئەوەش دەلیلە کە ئەم پەیجە تەنیا پەیجە کە پەیوەندی بە نوسەرەوە هەیە. بۆیە تکامان وایە بزانن، هەر پەیجێکی دی جیاواز لەم پەیجە کە ناوی بەختیار عەلی لەسەرە، خەڵکانێک بەڕێوەی دەبەن کە دوور و نزیک پەیوەندییان بە نوسەرەوە نییە.

خاڵێکی دی کە جێگای سەرنجە، زۆر سایت و پەیج پەیدابوون کە هەندێک شت بە ناوی وتەی نوسەرانەوە بڵاودەکەنەوە، زۆرجاریش ڕێدەکەوێت ناوی بەختیار عەلی دەخەنە سەر هەندێک قسە کە دوور و نزیک پەیوەندییان بە نوسەرەوە نییە. وەک چۆن هەندێك جار هەندێک وتە بڵاودەکەنەوە، کە تەواو شێوێنراون و بە ناته‌واوی‌ نوسراونەتەوە و مانایەکیان لێ دروستکراوە کە زۆر دوورە لە مەبەستی نوسەرەوە. ئەم پەیجانە کەسانێک دەیانبەن بەڕێوە کە هیچ شتێک لەسەر ئەخلاقی بڵاوکردنەوە و ئەمانەتی فیکری نازانن. کتێب و بەرهەمەکانی کاک بەختیار هەموو لەبەر دەستدان، هەر نوسینێک، ئاماژەی تێدا نەبێت بۆ سەرچاوەیەکی بڵاوکراوە، بە ئەگەری زۆر نوسینێکی شێوێنراو و دەستکاریکراوە و خوێنەر دەبێت لێی بە گومان بێت.

لێرەدا داوای لێبوردن لەو خوێنەرانە دەکەین کە لەوانەیە لەوەوبەریش ئەم جۆرە ڕوونکردنەوەیەیان خوێندبێتەوە، بەڵام هەندێک جار پێویستە ئەم خاڵانە بەبیر خوێنەراندا بهێنینەوە. دواجار، باشترین ڕێگا بۆ تێگەیشتن لە نوسەرێک، ئەوەیە کتێبەکانی بخوێنینەوە، تا ڕاستەوخۆ ئاشنای بۆچوونەکان و جیهانبینییەکەی بین. ئەوەی بتەوێت نوسەرێک تەنیا لە ڕێگای فەیسبوک یان ئینستاگرامەوە بناسیت، کارێکی مەحاڵە. فیکری جیدی و داهێنان یەک جێگایان هەیە، ئەویش ئامێزی کتێبەکانە، هەموو شتێکی دی لەدەرەوەی ئەوە کاڵ و کرچ و ناکامڵە. لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیماندا.

پەیجی فەرمیی «بەختیار عەلی»


ئەم بابەتە 147 جار خوێندراوەتەوە