Qwbad.jpg

تیپی موزیکی خەرتەلە بڵاودەکاتەوە

شاعیرى کورد قوبادى جەلیزادە لە سەرەتاى ساڵى نوێ مژدەى بڵاوکردنەوەى نوێترین کتێبى خۆى بۆ هەوادارانى راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/1/2020 قوبادى جەلیزادە شاعیرى کورد لە واڵى تایبەتى خۆى بەرگى نوێترین کتێبى خۆى بەناوى تیپی موزیکی خەرتەلە بڵاوکردەوە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەى بەرگەکە دەقە شیعرى تیپی موزیکی خەرتەلەى بڵاوکردۆتەوە، کە بەرهەمە نوێکەى بە کۆمەڵە شیعر ناوبردووە وا بڕیارە بەمنزیکانە چاپى بکات و بڵاوى بکاتەوە، بەرگى کتێبەکەى لەلایەن جەلیل حسێن دیزاینى بۆ کراوە و سارا نامۆش فۆتۆکەى چرکاندووە.

 

تیپی موزیکی خەرتەلە


سەرەتا؛
ماڵم لەگەڕەکی ئاو بوو.
دراوسێیەکم ،
ناوی هەڵووژە خانم بوو.
ئەوەی دی.
خاتوو گێلاس.

ماڵم گواستەوە گەڕەکی مانگ.
ئێواران،
ئەستێرەی سیوەیل
بە بەردەرگاکەمان ،رەت دەبوو.
نیوە شەوانیش ، حەوتەوانە.

ماڵێکم بەکرێ گرت ،
لەگەڕەکی کتێب.
فرە گران بوو ، کرێی مانگانەکەی.
دە قەسیدەی رووت و
پێنج ،
هایکوی پۆشتە.

بارم کرد بۆ قەراخی رووبار
جگە لە
بۆقێك و
کیسەڵێک؛
یەک تاکە ماسی،
بە پیرمەوە نەهات.

گوێزامەوە بناری شاخ..
تاکە دراوسێیەکم هەبوو؛
رێواس خان.
بەڵام تا ماڵیشم بار کرد، نەمدیت.
ئەو لەژێر دەوارە سپیەکەی نەهاتە دەرێ،
کە لە مووی بەفر بوو.

شەو بوو،
کانییەک ماڵەکی هێنایە
کۆڵانەکەی مە.
چارشێوەکەی لە پوولەکە ئەستێرە،
دەبریقایەوە.
سپیدە؛
دەبوون بە وردە ماسی بچووک،
خۆیان لەبن ورتکە بەردان،
بزر دەکرد.

ماڵم بردە گەڕەکی باخچە
خانوێکم بەرامبەر بوو،
دوو نهۆم.
قاتی سەرەوە،
هی تیپی موزیکی چۆلەکە بوو.
خوارەوەش،
خاتوو شەنگەبی سالۆنێکی تێدا کربۆوە،
بۆ قژ بڕینی گیا.

چوومە تەنیشت ماڵی داکم
لەسەر کۆلانەکەیاندا،
پێشانگایەک کرابوەوە،
گول،
چەپکە پەپوولەی تیادا دەفرۆست.

خۆشترین خانوو
ئەو خانووە قشتیلۆکە بوو؛
کەهیچ دراوسێیەکم
نەبوو !


ئەم بابەتە 141 جار خوێندراوەتەوە