Ahlam_manswr1.jpg

ئەحلام مەنسوور، ژنێکی ئازاد و ‌قه‌ڵه‌مێکی دژه‌باو

ئەحلام مەنسور لە چەند دێرێکدا:

- ناوى تەواوى: ئەحلام مەنسور عەلى.

- لە ساڵی 1951 لە گەڕەکی عەبدوڵڵا بەگی خانەقین لە دایکبووە.

- لە ساڵی 1956 لە شارى خانەقین خراوەتە بەر خوێندن.

- لە ساڵی 1962 قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە.

- لە ساڵی 1970 قۆناغی ناوەندیی و ئامادەیی لە خانەقین تەواو کردووە.

- لە ساڵى 1970 بووەتە ئەندامی حزبی شیوعیی عێراق.

- لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوەوە وەک ژنێکی ئازا و پێشەنگ هاتۆتە ناو دنیای ئەدەب و نوسینەوەو وەک چیرۆکنوس و رۆماننوس و نوسەر خزمەتی کردووە و بەرهەمەکانی رەنگدانەوەی واقعی ژیانی کۆمەڵایەتی کوردەواری بەگشتی و شاری خانەقین بەتایبەتی بووە.

- لە ساڵی 1974 بەشی زمانی کوردی کۆلیژی ئەدبیاتی لە زانکۆى بەغداد تەواوکردووە.

- لە ساڵی  1974 لە دەزگای هاوکاری بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی دامەزراوە و دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە.

- لە ساڵانی هەشتاکانیشدا دەستی کردووە بە نووسینی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی. یەکەم نەوبەرەشی بە ناوی (ئامە ڕەش)ەوە بڵاو کردەوە کە باسی لە ڕووداوەکانی شاری (خانەقین)ی کردووە.

- لە ساڵی 1985 کۆمەڵە چیرۆکێکی کورتی نووسی و لەژێر ناونیشانی (پرد)دا، کە وەک ڕۆمان لە قەڵەم دراوه‌، بڵاوی کردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ناحەزی زۆر بوون، پێی نەکرا بەرهەمەکانی لە چاپ بدا.

- لە ساڵی 1988 رۆمانێکی بە ناوی (ئەڵوەن)ەوە نووسی کە دەتوانین بڵێین یەکەمین بەرهەمە بە زمانی کوردی لە بواری (ڕۆمانی فێمینستیی سۆسیالیستی)دا.

- هەر لەم ساڵانەدا تووشی چەندین کێشە و گرفت بووە. لەم کاتەدا لە گۆڤاری (وعی العمال) کار دەکات و پاشان کە فەرمانگەی کشتوکاڵ دامەزراوە، لە کارەکەی دەرکراوە.

- لە ساڵی 1986 رووی کردۆتە دەرەوەی وڵات و لە شارى پاریس لە فەڕىنسا لە زانکۆی سۆربۆن وەرگیرا کە ماوەی دوو ساڵ لەوێ لە خوێندن بەردەوام بوو، بەڵام بە هۆی دەستکورتی و سەرنەکەوتن و بێزاربوونیەوە و گەڕایەوە بۆ شارى بەغداد.

- لە ساڵی 1999 بڕوانامەى ماستەرى بە ناونیشانى (بینایی هونه‌ری له‌ چیرۆکی کوردیدا) لە زانکۆى بەغداد وەرگرتووە.

- لە شارى بەغدادا ئاشنایەتیی لەگەڵ هەریەکە لە (رەفیق سابیر و هێمنی شاعیر)دا پەیدا کرد کە ڕۆڵیان لە پێگەیاندنیدا هەبوو و فێری چیرۆکنووسین و خوێندنەوەی مارکسیزمیان کردووە.

- دواى  ڕاپەڕینی بەهاری (١٩٩١) لە شاری سلێمانی جێگیر بووە و لە زانکۆی سلێمانی دامەزراوە و لە بەشەکانی ڕاگەیاندن و کۆمەڵناسی وانەى وتۆتەوە.

- جگە لە نووسینى چیرۆک و رۆمان، چەندین وتارى نوسیوە و رەخنەی لەدیاردە دزێوەکان گرتووە.

- تا لە ژیاندا بوو ژمارەیەک رۆمان و چیرۆک و کتێبى بە چاپ گەیاندووە، لەوانە: کانی، پرد، ئەڵوەن، هاوار، خەون و خوێن، دیس تۆپیا، ئەزموون.

- نزیک بە (50) چیرۆکی کوردی بۆ منداڵان و چەند کورته چیرۆکیش به زمانی عەرەبی نووسیوە.

- لە رۆژی 10/1/2013 لە تەمەنى (62) ساڵى بە نەخۆشى لە شاری سلێمانی کۆچى دوایى کردووەو لە گۆڕستانی (خدر زندە) لە شاری خانەقین بەخاک سپێردراوە.


ئەم بابەتە 152 جار خوێندراوەتەوە