Ahlam_Hemn.jpg

ماچێکی خودایی لە هێمن_ی مەهابادەوە بۆ ئەحلام_ى خانەقين

رازێکی نەهێنی لە نێوان مامۆستا هێمن و ئەحلام مەنسور و پێشکەش کردنی شێعری ماچی خودایی

کۆتایی نامەیەکی هێمن موکریانی بۆ ئەحلام مەنسور:
"هەرچی دەبێ ببێ بەڵام بۆم بنووسە، بمبینە من لەوە ئازاترم کە بڵێم بەو هەموو ناوبانگەوە کە ئێستا هەمە زۆر شت لە تۆی ئازا فێربووم، کە زۆر کەس بە شێت و دێوانەت دەزانن، با ئەوەش بڵێم منیش بە شێت و دێوانەت دەزانم، بەڵام فەرقی لێکدانەوەی من و ئەوان زۆرە، ئیتر بە هیوای دیدار"... 3/4/1977

٭ماچی خودایی
ئەحلام مەنسور لە چاوپێکەتنێک لەگەڵ گۆڤاری (كۆوار)دا باس لە پەیوەندی خۆی لەگەڵ (هێمن)ی شاعیر دەکات و چیڕۆكی لە دایكبوونی شیعری (ماچی خودایی) بەم شێوە دەگێرێتەوە: "رۆژێكیان بە تەنها لە دەزگای رۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی كوردی بووم، ئەو رۆژە فەرمانبەران نەهاتبوون، مامۆستا هێمن لە پڕ بە مەستییەكی زۆرەوە هات بۆ ژوورەكەم و پێی گووتم ئەم شەو تا بەیانی نەخەوتووم، هەر بیرم لە تۆ كردۆتەوە، گووتی نەڵێی پیری، منیش گووتم ناتوانم پێت بڵێم پیر، بەڵام ناتوانم عاشقی تۆ بم، چونكە تۆ هاوڕێمی و زۆریش ئازیزی لەلام، ئەو كەسەی عاشقیشی دەبم لە تۆ ئازیزتر نییە. مامۆستا هێمن گووتی ئەحلام گیان ماچێكم بدەرێ، منیش گووتم بەسەر چاو، ئەو گووتی"نەك ماچی سینەمایی، بەڵكو ماچی خودایی" و ماچی كردم. هەر وەك ئەو گێڕایەوە، مامۆستا هێمن بۆ بەیانییەكەی دیار نامێنێ‌، دوای دوو رۆژ كە دێتەوە بە (ئەحلام) دەڵێت"وەرە ماچم ناوێ و ئەم قەسیدەیەم بۆت نووسیوە". ئەویش قەسیدەكەی لێوەردەگرێت، كە بە دەستوخەتی خۆی بۆی نووسیوە.

ماچی خودایی

وەرە یارم، وەرە ئەی تازە یارم!
وەرە ئەستێرەکەی شەوگاری تارم!
وەرە ئەی شاپەڕی باڵی خەیاڵم!
وەرە ئەی شەوچرای ڕووناکی ماڵم!

ئەو ڕۆژەی له ناو دڵی شاری خانەقین، ئەحلام له دایکبوو، ئەڵوەن به هاژه هاژەوه شایی دەگێڕاو و پیرۆزبایی له هەموو ژنه دڵ به حەسرەتەکانی گەرمیان دەکرد. بۆ ئەوەی ڕایبگەیێنێ کچێک له ڕەگەزی ڕووناکییەکان، پڕ له خۆزگه و هزر و شەوقی یاخیبوون، له دایکبووه. شوێنکەوتوویی قەدەری نەکرد و به دوای حەقیقەتدا کەوته ڕێ. "چووه سەر شەقامی پیاو و پرچەکانی کرد به ئاڵا" بۆ ئەوەی ڕەگی دابونەریته دواکەوتووەکان وشک بکات و حەقیقەتی ڕەگەزەکەی خۆی به ئاشکرایی نیشان بدات. له بوێری تێکشکاندنی سنووره حەرامەکان، له ئاست ئازایەتییەکی مەزنتر له "نەوال سەعداوی" و "سیمۆن دۆ بۆڤوار"یش دەرکەوت و دەنگی بووە مۆمێک بۆ بیری تاریکی ئەو کاتەی کوردستان و عێراق. ئەڵوەنو پاشا کوپری، باش دەیانزانی خەمی کچان و ژنان له ژماردن نەدەهات، بۆیه هەریەکه دەبوونه هاوکاری ئەحلام، بۆ دەربڕینی هەست و ئاواته قەدەغەکراوەکانیان. به دەنگ و ڕەنگی جوانی خۆییەوه له ڕێگای قەڵەمه یاخیەکەیەوه، شەقامی ئازادی ژنی بنیاد ناو و قەت بەرەو دوا نەگەڕاوه. له ڕێگای ڕۆژنامەوه، سەری له وشه مێینەکانی هەڵداوه و تووی هزری یەکسانی و دادپەروەری ڕەگەزی بڵاوکردەوه. دڵی ئەو کەسانەی بۆ ساتێکیش ئەویان ناسیبێ، لێواولێو کرد له عەشق و ئازادی. هەر ئەحلام بوو بە کچانی کوردی دەوت:"منم سەرکردەتان بۆ لەشکری عەشق، کە من رۆییم نەکەن بشکێ سوپاتان، کە خۆری "خەون"ی وشەی ژن ئاوا دەبێ رێگەی تاریکی سەرشۆڕی مەگرنە بەر، بگرن لە یەخەی ڕووناکی ڕایکێشن بۆ ئەم وڵاتە". هەر ئەحلام بوو بە کچانی کوردی دەوت:"منم سەرکردەتان بۆ لەشکری عەشق، کە من رۆییم نەکەن بشکێ سوپاتان، کە خۆری "خەون"ی وشەی ژن ئاوا دەبێ رێگەی تاریکی سەرشۆڕی مەگرنە بەر، بگرن لە یەخەی ڕووناکی ڕایکێشن بۆ ئەم وڵاتە".

ژیاننامە
ئەحلام مەنسوور لە ساڵی (1951)، لە گەڕەکی (عەبدوڵڵا بەگی خانەقین) لە تەنیشت پیسی (کۆردەوە) لەدایک بووە، بەڵام نزیک لە باخی هەنار و پرتەقاڵ و لیمۆ و خورما و توو و گوڵەباخەکەی (مەحمود مەسعود) لەدایک بوو، لەو گەڕەکەدا کە چەندین ڕابەری شیوعیی وەک (نەسرەدین مەجید، محیدین دای زادە، کەمال یاسین و ئیبراهیم نایف) لەدایک بوون و ژیان. ئەڵوەن ڕۆحی یاخیبوونی بە ناوی (نان و ئاو و کاری هاوبەش) لە گیانی کچەکەیدا ڕواند و ئەمیش هەر لە منداڵییەوە ڕوخساری قێزەونی زوڵم و زۆرداریی ناسییەوە و لە نێو ئازار و نەهامەتییەکانی هەژاراندا پێ گەیشت و پاشان جانتاکەی پێچایەوە و ملی ڕێگەی هاتونەهاتی گرتە بەر. باوکی ئەحلام (مەنسوور عەلی ئەکبەر) لە (پاڵاوگەی ئەڵوەن کارمەند بوو، دایکیشی (ڕەسمیە محەمەد ساڵح) کچی (حاجی محەمەد ساڵح بەزاز) بووە، چوار برا و خوشکێکی هەیە. ئەحلام لە ساڵی (1956) دەخرێتە بەر خوێندن و لە ساڵی (1962) قۆناغی سەرەتایی و ساڵی (1970) قۆناغی ناوەندیی و ئامادەیی لە (خانەقین) تەواو کرد و هەر لەم دەمەیشدا بوو بە ئەندامی حزبی شیوعیی عێراق.
لە ساڵانی خوێندنی ئامادەیدا لەگەڵ هاوڕێکەی (لەیلا قاسم) پێکەوە چالاکیی قوتابخانەیان بە ڕێوە دەبرد. پاشان ساڵی (1970) لە بەشی زمانی کوردیی زانکۆی (بەغدا) وەرگیرا و هاوڕێکەیشی (لەیلا قاسم) لە بەشی کۆمەڵناسی وەردەگیرێت. ئیدی لەوەیش بەدواوە ئەحلام هۆگری ئەلفبای زمانی کوردی بوو، هاوڕێکەیشی ئاشنایەتیی لەگەڵ کتێبەکانی (عەلی ئه‌لوردی) پەیدا کرد و لە بەشی ناوخۆیی کۆلێژی ئاداب پێکەوە درێژەیان بە خوێندنەکەیان داوە.

هاوکاتیش ئاشنایەتیی لەگەڵ هەردوو مامۆستا (ڕەفیق سابیر) و (هێمن)ی شاعیردا پەیدا کرد کە بێگومان ڕۆڵیان لە پێگەیاندنیدا دەبێت و فێری چیرۆکنووسین و خوێندنەوەی مارکسیزمیان کردووە. هەر لەم دەمەیشدا ئەحلام چەند شیعرێکی کورتی بە زمانی عەرەبی و چەند کورتەچیرۆکێکی بڵاو کردەوە.
شاعیری عێراقی، حەمید قاسم لەبارەی ئەحلامەوە دەڵێت: "ئەحلام زۆر ماندوو بوو، وەکو هەر جەنگاوەرێک لە زۆر بەرەدا دەجەنگا، بەدبەختیی زۆر پاڵی پێوە نا بەرەو بێدەنگی و سەرقاڵبوون دوور لە داهێنانەکەی."
وەک یەکەمین ژنەڕۆژنامەوانی کورد لە ساڵی (1974-1975)دا لە دەزگای هاوکاری بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی دامەزراوە و دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. لە ساڵانی هەشتاکانیشدا دەستی کردووە بە نووسینی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی. یەکەم نەوبەرەشی بە ناوی (ئامە ڕەش)ەوە بڵاو کردەوە کە باسی لە ڕووداوەکانی شاری (خانەقین)ی کردووە.

لە ساڵی (1985)دا کۆمەڵەچیرۆکێکی کورتی نووسی و لەژێر ناونیشانی (پرد)دا، کە وەک ڕۆمان لە قەڵەم دراوه‌، بڵاوی کردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ناحەزی زۆر بوون، پێی نەکرا بەرهەمەکانی لە چاپ بدا.
لە ساڵی (1988)یشدا ڕۆمانێکی بە ناوی (ئەڵوەن)ەوە نووسی کە دەتوانین بڵێین یەکەمین بەرهەمە بە زمانی کوردی لە بواری (ڕۆمانی فێمینستیی سۆسیالیستی)دا. لەم ڕۆمانەدا قارەمان (ئامە ڕەش) و دەیان ژن و کچی هەژار بە هەموو کێشە و ئاریشەکانیانەوە لە سەرتاسەری ڕۆمانەکەدا دێنە گۆ.
هەر لەم ساڵانەدا تووشی چەندین کێشە و گرفت بووە. لەم کاتەدا لە گۆڤاری (وعی العمال) کار دەکات و پاشان کە فەرمانگەی کشتوکاڵ دامەزراوە، لە کارەکەی دەرکراوە.

ئەحلام لە ساڵی (1986)دا هەگبەکەی هەڵگرت و ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد. چوو بۆ (پاریس) و لە زانکۆی (سۆربۆن) وەرگیرا کە ماوەی دوو ساڵ لەوێ لە خوێندن بەردەوام بوو، وەلێ بە هۆی دەستکورتی و سەرنەکەوتن و بێزاربوونیەوە (پاریس)ی جێ هێشت و گەڕایەوە بۆ (عێراق).

پاش گەڕانەوەی بۆ (عێراق) تووشی نەخۆشییەکی دەروونی بوو، پاشان سەردانی پزیشکی کردووە و نەخۆشییەکەی چارەسەر کراوە، هەر لەم ماوەیەشدا کاری بۆ دەزگای (ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی) کردووە.

پاش ڕاپەڕینی بەهاری (1991) لە شاری (سلێمانی) جێگیر بووە و هەر لە (زانکۆی سلێمانی) لە بەشی ڕاگەیاندن و کۆمەڵناسی دامەزراوە و درێژەی بە بەرگریکردن لە ژنان و هەژاران دا.

ئەحلام مەنسوور جگە لە ڕۆمانی (ئەڵوەن) و (پرد)، چەند کتێبێکی تریشی بڵاو کردووەتەوە، وەک: (خەون و خوێن)، هەروەها (دیس تۆپیا) و کتێبی (ئەزموون). ساڵی 1991 بڕوانامەی ماجستێری لە کورتەچیرۆکدا وەرگرتووە و دواتریش دەزگەی چاپ و پەخشی سەردەم بۆی بڵاو کردووەتەوە.

پاشان لە ساڵەکانی (2000) بەدواوە وەکو نووسەر لە ڕۆژنامەی (هاوڵاتی) دادەمەزرێت و پاشان دەست دەکات بە نووسینی وتار، لە ساڵی (2009)ەوە لە دەزگای (چەتر) بەردەوام دەبێت و گۆشەیەک بە ناوی (خەون و خوێن)ەوە دەنووسێت.

ئەحلام وەک خۆی لە کتێبی (ئەزموون)دا دەڵێت: "لووتم بەرزە، لە کەلی شەیتان نایەمە خوارەوە، خاوەن قسە و هەڵوێستی خۆمم." کچەکەی ئەڵوەن هەر بەو شێوەیە و بە لووتبەرزی لە بەرانبەر پارە و دەسەڵات مایەوە، تا لە ڕێککەوتی (10/1/2013) دڵە گەورە و میهرەبانەکەی لە لێدان ڕاوەستا و ماڵئاوایی لێ کردین.

سەرنج: ئەم بابەتە بە سوپاسەوە لە پەیجى خانەقین وەرگیراوە..

 

ماچی خودایی

وەره یارم ، وەره ئەی تازه یــارم !
وەره ئەستێرەکەی شەوگاری تارم !

وەره ئەی شاپەڕی باڵی خەیــــاڵم !
وەره ئەی شەوچرای ڕووناکی ماڵم !

وەره خاسەکەوی ڕام و کەویی من !
وەره ئیلھامەکەی نیوەشەوی من !

وەره ئۆخژنی سینەی پڕ گڕی من !
وەره پیرۆزەکەی بەرزه فڕی من !

وەره ئاونگی سەر په لکی گوڵی سوور!
وەره ئاورینگی گەرم و مەشغەڵی نوور!

وەره ئەی ڕێژنه بارانی بەهاری !
وەره شیعری تەڕی پڕ وردەکاری !

وەره ئەی نەونەمامی باخی ژینم !
وەره ئەی شاگوڵی مێرگی ئەوینم !

وەره کاروانکوژەی کاتی بەیانیم !
وەره بیرەوەری و ئاواتی جوانیم !

وەره ئەی بوت هەتاکوو بت پەرستم !
وەره مەمکۆڵەکەت بگرم لە مستم !

وەره ئەی(خه ج)،وەره ئەی(خاتو زین)م !
وەره با بەژن و باڵاکەت ببینم !

وەره با دامرێ ئاوات و تاسەم !
وەره با بسکەکەت لادا هەناسەم !

وەره با هەڵمژم ئەو لێوه گەرمه !
وەره با هەڵکۆشم ئەو ڕانه نەرمه !

وەره جوانێ ، وەره نازت بکێشم !
وەره وەک دەسته گوڵ داتنێم له پێشم !

وەره با بەس بکەم ئەو باوه باوه !
وەره با بۆن بکەم ئەو بسکەخاوه !

وەره با دەس له باڵاکەت وەرێنم !
وەره کوڵمەم له کوڵمەت تۆ خشێنم !

وەره سووربه لەسەر واده و بەڵێنێ !
وەره کورد بەو مەکه پەیمان شکێنێ !

وەره گیانم فیدای چاوی ڕەشی تۆ !
وەره با هەست بکەم گەرمیی لەشی تۆ !

وەره ماچم دەیه ماچی خودایی !
که بێزارم له ماچی سینەمایی !


ئەم بابەتە 1549 جار خوێندراوەتەوە