Knwe.jpg

کوردستانی نوێ‌، سێ‌ دەیەی تەمەنی بەرز رادەگرێت

رۆژنامەى کوردستانى نوێ، لە ساڵیادى دامەزراندنیدا، چەند چالاکیەکى جۆراوجۆر ئەنجامدەدات.

بە بۆنەى هەڵکردنی مۆمی سێ‌ دەیەی تەمەنی رۆژنامەى کوردستانى نوێ، سبەى یەکشەممە 12/1/2020 چەند چالاکییەکی هونەری و رۆژنامەوانی بەڕێوەدەچێت.

بەپێى کارنامەى رۆژنامەکە سەرەتا کاژێر (10)ى لەبەیانی بۆ کاژێر(1)ى نیوەڕۆ، ستافى رۆژنامەکە پێشوازی لە میوانان دەکەن، کە بەبۆنەی پیرۆزبایی ساڵیادی رۆژنامەکە سەردانی بارەگای رۆژنامەکە دەکەن.

دواتر لە مەراسیمێکدا چاپکردنی دوو کتێبی نوێی کوردستانی نوێ‌ رادەگەیەندرێـت کە یەکێکیان لە چاپخانە گەڕاوەتەوەو ئەوەی تریشیان لە چەند رۆژی داهاتوو چاپدەکرێت.. کتێبی یەکەم کە تەواو بووە بۆ ژنەنووسەر (کنێر عەبدوڵڵا)یە بەناوی گۆشەنیگاکانم و کتێبی دووەمیش بۆ رۆژنامەنووس محەمەد مێرگەسۆری-یە بەناوی (شەهیدان و سەروەران لە رۆژنامەوانی کوردیدا کوردستانی نوێ‌ وەک نموونە) کە ئەوەیان لەچاپخانەیە.

هەر بەمبۆنەیەوە، کوردستانی نوێ‌، لەچوارچێوەی ئەو پرۆسەی بە دیجیتاڵکردنی رۆژنامەی کوردستانی نوێ‌ دەستی پێکردووە، کە پێشتر لە ساڵی 2001 بۆ 2008ى خستە سەر CD و لە بۆکسێکدا پێشکەش بە خوێنەرانی کرد، ئەمساڵیش سەرجەم ژمارەکانی ساڵی 2019ی کردوە بە دیجیتاڵ و لەم بۆنەیەدا رایدەگەیەنێت کە ئامادەیە بۆ خوێنەران.

لەچالاکییەکی هونەریشدا بە بۆنەی هەڵکردنی مۆمی سێ‌ دەیەی کوردستانی نوێ‌، پێشانگایەکی شێوەکاری هاوبەش بۆ هەردوو هونەرمەند محەمەد فەتاح و ساڵح ئەلنەجاڕ دەکاتەوە، لە کاژێر (3)ى پاشنیوەڕۆی بەیانى یەکشەممە 12/1/2020 لە گەلەری نیشتمانی ئەمنە سوورەکە لە سلێمانی.

ئەمە جگە لە چەندین چالاکی تری رۆژنامەوانی وەکو دیداری رۆژنامەوانی لە بەشی سۆشیال میدیا.

لە ساڵیادى رۆژنامەى کوردستانى نوێ سایتى گەلاوێژ، پیرۆزبایى خۆى ئاراستەى سەرجەم کارمەندانى رۆژنامەکە دەکات، کە ئەو رۆژنامەیە لە ماوەى تەمەنى پڕ سەروەرى خۆیدا خزمەتێکى بەرچاوى سەرجەم بوارەکانى کردووە، بەتایبەتى بوارى ئەدەب و هونەرى و روناکبیریى.


ئەم بابەتە 103 جار خوێندراوەتەوە