apicurus.jpg

دەربارەی فەلسەفەی ئەپیکۆر و چێژگەرایی

ڕامین جهانبەگلو

وەرگێران و پوختەکردنی: هاوڕێ عەبدوڵا

 

ئەپیکۆر فەیلەسوفێکی تایبەتە لەناو فەیلەسوفەکانی تری وەک ئەفلاتون و ئەریستۆ و ڕەواقییەکان و ... هتد دا. هەتا خودی ناوی ئەپیکۆر ناوێکی یۆنانی زۆر گشتی نەبووە. واتا جگەلەوەی فەلسەفەکەی، فەلسەفەیەکی گشتی نەبووە، خودی ناوەکەشی گشتی نەبووە. ئەپیکۆر ئاتێنی بوو، بەڵام لە ئاتێن لەدایک نەبووە. لە دورگەی "سامۆس" لەساڵی٣٤١ پێش زاین لەدایک بووە و لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە دەڕوات لە ئاتێن دەژێت.  یەکێک لە قوتابییە ناسراوەکانی ئەپیکۆر "دیۆژۆن" کە نووسەرێکی سەدەی سێی دوای زاینە دەڵێت ئەپیکۆر نزیکەی سێ سەد ناونیشانی کتێبی هەبووە، هەروەها نامەیەکی ناسراو دەربارەی "دەربارەی سروشت"، کە لە سی و ‌حەوت کتێب پێکهاتبوو. بەڵام هەموو ئەم بەرهەمانە لەناوچوونە. واتا ئەوەی لە ئەپیکۆرەوە بۆ ئێمەی مۆدێرن ماوەتەوە تەنیا چەند نامەیەکی ئەپیکۆرە. ئەپیکۆر هەم لە ژیان و هەمیش دوای مردنی قوتابییەکی زۆری هەبووە، بەتایبەت لە ڕۆمادا. ناسراوترین قوتابی ئەپیکۆریش فەیلەسوفێک بوو بە ناوی "لۆکەرسیۆس". بۆ سوقرات، ئەفلاتون، ئەریستۆ، ڕەواقییەکان و نیۆئەفلاتونی و ئەپیکۆرییەکان، ئەو پرسەی مەترەح و گرنگە ئەوەیە ‌"غایەتی سروشتی هەر هەبوویەک چییە؟" کاتێک دەربارەی بەردێک قسە دەکرێت غایەتی سروشتی بەرد چییە؟ ئەی غایەتی سروشتی مرۆڤ چییە؟ باسێکی تر کە ئەپیکۆر دەیخاتەڕوو : چۆن دەکرێت ئەو غایەتە بەباشترین شێوە‌ بەمەبەستی  خۆی بگات؟ ئەپیکۆر لە نامەیەکدا دەڵێت مرۆڤەکان لە خۆشبەختیدا هەموو شتێک بەدەستدێنن. ئەگەر خۆشبەخت نەبن هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی سەرکەوتووبن. بەلای ئەریستۆوە ئەوەی لە دەوڵەتشاردا مەترەح و گرنگە، ئەخلاق و سیاسەتە. بەڵام بەلای ئەپیکۆرەوە مەسەلەی گرنگ، خۆشبەختییە. ئەپیکۆر دەڵێت خۆشبەختی، چێژە. هەربۆیە فەلسەفەی ئەپیکۆر وەک فەلسەفەیەکی چێژگەرا و "هیدۆنیستیک" ناسراوە. مەبەستی ئەپیکۆر لە چێژگەرایی، ڕابواردن و مەیخۆری و لەزەتی جنسی نییە. ڕێک پێچەوانەی ئەو شتانەی ئێمە ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەکدا بیری لێدەکەینەوە، کاتێک ئەمڕۆ ئێمە دەڵێین دەمانەوێت چێژوەربگرین یەکەمین شتێک بیری لێبکەینەوە چێژی خواردن و سێکسە. ئەپیکۆر چێژ بەشێوەیەکی نەرێنی دەخاتەڕوو. چێژگەرایی لای ئەپیکۆر تەعبیرە لە شتێک کە نییە، دەردێک یان ئازارێک کە نییە، نەک شتێک کە هەیە.

واتا چێژ لای ئەپیکۆر خۆپاراستنە لە چێژی ئازاراویی. ئەپیکۆر دەربارەی چێژی ئێستاتیک و بێجوڵە قسە دەکات، نەک چێژی بەجوڵەی وەک مەیخۆری و ڕابواردن و جنسی. ئەپیکۆر دەڵێت چێژ چاکەیە، ئازاریش خراپەیە. بەپێچەوانەی ئەفلاتون و ئەریستۆوە، چێژ بەلای ئەپیکۆرەوە پرسێکی ئەخلاقییە. ئەگەر خۆشبەختی پەیوەندیی بە لەزەت و چێژوەرگرتنەوە هەبێت، ئەی چۆن دەکرێت بەو چێژە بگەین؟ چۆن دەکرێت لە ئازاری جەستەیی و ڕۆحی دوورکەوینەوە؟ وەڵامی ئەپیکۆر تایبەتە: لە ڕێگەی فەلسەفەوە. بەلای ئەپیکۆرەوە فەلسەفە تەنیا ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە خۆشبەختی، هەروەها ئەو چێژە ئەخلاقییەمان دەداتێت کە دەمانەوێت. ئەپیکۆر دەڵێت فەلسەفە پرسێکی زەرورییە بۆ هەموان، چ بۆ گەنج و چ بۆ پیر، چونکە فەلسەفە دەوای ڕۆحە. ئەگەر ئێمە بێین بڵێین هێشتا وەرزی فەلسەفە نەگەیشتووە، وەک ئەوە وایە بڵێین هێشتا وەرزی خۆشبەختی نەگەیشتووە. بەلای ئەپیکۆرەوە فەلسەفە ئەو ڕێگەیەیە کە کۆتایی بە نائارامی و شڵەژانی دەروونی دێنێت و دەمانگەیەنێت بە ئارامی ڕۆحی. ئەپیکۆر بەپێچەوانەی کۆی فەلسەفەی پێش خۆی و دوای خۆی، باوەڕی وایە جەستە و ڕۆح هەردووکیان مادین. تەنیا جەستە مادی نییە، ڕۆحیش مادییە. لەبەرئەوەی جەستە و ڕۆح هەردووک مادین، بۆیە هەردووکیانیش پێکەوە لەناودەچن. واتا کاتێک جەستە لەناودەچێت، ڕۆحیش لەناودە چێت، و شتێک بەناوی نەفس و ڕۆح دوای مەرگ بوونی نامێنێت. لای ئەپیکۆر لەبەرئەوەی جەستە و ڕۆح مادین، بۆیە هەردووکیان دوچاری کۆنبوون و فاسدبوون دەبن، و گۆڕانیان بەسەردا دێت. لای ئەپیکۆر مەرگ کۆتایی جەستە و ڕۆحە. لەبەرئەوەی مەرگ کۆتاییە، کەواتە نابێت ترس لە مەرگ بوونی هەبێت. ترس لە مەرگ بێمانا و بێئاڕاستەیە. ئەپیکۆر دەڵێت "تا من هەم مەرگ نییە، کە مەرگیش هات من نیم". کەواتە من بۆ لە مەرگ بترسم، کاتێک ئەو هەیە من نیم، کاتێکیش من هەم ئەو نییە. ئەپیکۆر باوەڕی وایە مرۆڤ نابێت وابیربکاتەوە ژیان  بەخششێکی خودایانەیە و ناتوانێت کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێت. ژیان بەخششێکی خودایانە نییە و هی مرۆڤەکانە، مرۆڤەکان هەرکات بیانەوێت دەتوانن کۆتایی بە ژیانی خۆیان بێنن. ئەپیکۆر هیچ پەیوەندییەک لەنێوان مرۆڤەکان و خوداکاندا نابینێت. ناڵێت خوداکان بوونیان نییە، ئەو دەڵێت خوداکان و مرۆڤەکان هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نییە. مرۆڤەکان لە کات و شوێندا دەژین، خوداکان نە لە کات نە لە شوێندا ناژین. مرۆڤەکان دەمرن و خوداکانیش ئەبەدین.

ئەپیکۆر دەڵێت خوداکان پێویستیان بە ئێمە نییە، خوداکان سەربەخۆن. لەبەرئەوەی خوداکان سەربەخۆن بۆیە نابێت مرۆڤەکان بەدوای خوداکانەوە بن. لەبەرئەوەی هیچ پەیوەندییەکی فیزیکی لەنێوان مرۆڤەکان و خوداکاندا نییە، هەربۆیە ترس لە خوداکانیش بێمانایە. ئەپیکۆر دەڵێت نەک هەرنابێت لە مەرگ بترسین، بەڵکو دەبێت لە خوداکانیش نەترسین. لەجێگەی ئەوەی بەدوای خوداکانەوە بین، دەبێت بیر لە خۆمان بکەینەوە و بەدوای خۆشبەختی و بەختەوەریی خۆمانەوە بین. ئەپیکۆر دەڵێت خوداکان سەربەخۆن. بەڵام مرۆڤەکان سەربەخۆنین. بەڵام ناڵێت مرۆڤەکان ناتوانن سەربەخۆبن. پێیوایە مرۆڤەکان دەتوانن وەک خوداکان سەربەخۆبن. بەڵام ئەمەش لە ڕێگەی داناییەوە دەبێت، داناییەک لەناو فەلسەفەوە بێت. ئەپیکۆر پێیوایە ئێمە دەکرێت تەنیا لە ڕێگەی فەلسەفەوە بە دانایی بگەین. سەربەخۆبوون لای ئەپیکۆر واتا ئیتر پێویستمان بەوانی تر نەبێت، ئەوانی تر نەبنە بابەتی چێژی ئێمە، ئەوانی تر چیتر نەبنە مایەی ئازارمان.  لای ئەپیکۆر عەشق جۆرێکە لە لەدەستدانی سەربەخۆیی خودی، چونکە کاتێک عاشق دەبین ئازار دەچێژین. لەجێگەی عەشق و ئیرۆس، هاوڕێیەتی مەترەح دەکات. ئەپیکۆر و ئەپیکۆرییەکان لەگەڕاندان بەدوای هونەری ژیانکردن و چۆنیەتی گەیشتن بەباشترین شێوەژیان. لێرەشدا ئەپیکۆر لەگەڵ ئەریستۆدا جیاواز دەبێتەوە. ئەریستۆ دەڵێت هونەری من، هونەری ڕێکخستنی کۆمەڵگایە، واتا مرۆڤەکان چۆن بتوانن پێکەوە بژین. ئەپیکۆر هەر لە بنەڕەتەوە فەیلەسوفێکی سیاسی نییە. ڕەنگە پەیوەندیی بەوەوە هەبێت کە فەیلەسوفی سەدەی سێی پێش زاینە. لەسەردەمی ئەپیکۆردا دەوڵەتشاری ئاتێنی لەناوچووە و سەردەمی هێلینیستییە، کە سەردەمی دیکتاتۆرییە بەبەراورد بە دەوڵەتشارەکان. هەر لەبەرئەوەیە فەلسەفەی خۆشبەختی و بەختەوەریی ئەپیکۆر کاردانەوەیەک بووە بەرامبەر هەرەسی دەوڵەتشاری ئاتێنی. لای ئەفلاتون و ئەفلاتونییەکان ئەکادیمیا هەیە، بەڵام لای ئەپیکۆر و ئەپیکۆرییەکان ناوەندیی فێربوون "باخ"ە، یەک باخی فەلسەفی. باخ شوێنی بەها فیکری و فەلسەفییەکانە، شوێنی پێگەیشتنی بەردەوامی فەلسەفییە. لای ئەپیکۆرییەکان باخ فەزایەک بوو کۆمەڵێک هاوڕێیانە پیکەوە دەژیان و هاوفیکری یەک بوون، و گفتوگۆ و باسی فەلسەفییان لەگەڵ یەکتردا دەکرد بۆ ئەوەی بە دانایی بگەن. لەناو باخی فەلسەفیی ئەپیکۆرییەکاندا جیاوازیی لەنێوان کۆیلە و خاوەن کۆیلەکاندا نەبوو. چونکە ئەپیکۆرییەکان باوەڕیان وابوو کۆیلەکانیش دەتوانن فێری فەلسەفە ببن و بەشداریی گفتوگۆی فەلسەفی بکەن. لە گفتوگۆ فەلسەفییەکانی ئەپیکۆرییەکاندا لەپاڵ پیاواندا، ژنانیش ئامادەییان هەبووە. لەوانەش کەسانی وەک: نیکیدیۆن، لیۆنتیۆن، دیمیترایا، هێدیا.

 ئەپیکۆر فەلسەفەکەی لە چوار دەوای ڕۆحی و جەستەییدا دەخاتەڕوو:

  • نەترسان لە خوداکان.
  • نەترسان لە مەرگ.
  • دوورکەوتنەوە لە ئازار.
  • گەیشتن بە خۆشبەختی و بەختەوەری.
     

 


ئەم بابەتە 92 جار خوێندراوەتەوە