Osman.jpg

دوای تۆ تەنیا مامەوە!

هەواڵ عوسمان

ئازیزەکەم پشتیوان!
تامەزرۆی دیدارتم، حەزەکەم سەرم بنێم بە دڵتەوە و گوێ بۆ ترپەکانی بگرم، وەکو گوڵێک کە لە گوڵشەن و بولبول دوورخرابێتەوە ئاوارە و وێڵم بۆت، هێندەی فرمێسکەکانم و هێندەی جوانیی پێکەنینەکانت بیرت دەکەم، بۆیە ناهەقم مەگرە کە دەڵێم تەنیا و بێکەست کردووم!!

دیسانەوە!
خەو لە چاوانم تۆرا، فرمێسک باری و ئاسمانم گریاند، دەربەدەر و بێڕۆح بووم، مامەوە خۆم و ماڵی چۆڵم و یادی تۆ، هەر ڕۆژێک بەبێ تۆ وەکو ساڵێکی نەهات لێم دەڕوات، ئاخر نازانم بۆچی ڕۆژە ناخۆشەکان هێندە درێژن و شەوگارە تەنیاییەکانم هەمووی دەیجورن؟؟؟

هێندەی دووریت ئازار دەچێژم تاقانەکەم، دەمەوێت هەناسەکانم بیت تاکو ژین لە جەستەمدا بێت ژینی من بیت!! تەنانەت ڕۆژێک نییە بۆت نەگریابم، خەڵکی ساڵی جارێک یادی ئازیزانیان دەکەنەوە بەڵام من هەموو ڕۆژێک یادت دەکەمەوە!! تەنانەت ساتێکم نییە بەبێ یادی تۆ، تۆ تەنها بە جەستە لێم دووریت ئەگینا ئاوێتە و ئاوێزانی ڕۆحمیت، هەمیشە دەستلەملانی گیانمیت و بۆنت لەگەڵ هەناسەکانمایە ئەی بۆنخۆشترین کەسم!!

ئێستاش هەر وەک جاران خۆشم دەوێیت جانی جانان!!

هەواڵەکەی خۆت


ئەم بابەتە 160 جار خوێندراوەتەوە