The-Stoic-Philosophy-of-Seneca-by-Moses-Hadas.jpg

دەربارەی کورتیی ژیان

نووسینی: سێنیکا/ وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەوا هەژار

 

 

 

تێبینی: سێنیکا فەیلەسوفێکی بە ڕەگەز ئیسپانی ڕەواقییەکانە کە لە سەدەی یەکەمدا لە ڕۆما ژیاوە. لە فەیلەسووفە دیارەکانی ڕەواقییەکانە. ڕەواقییەکان پێیان وا بوو شتێک هەیە بە ناوی بەختەوەری و مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی بیرکردنەوە و داڕشتنی ئاکاری عاقڵانەوە بە دەستی بهێنێت. دوای لەناوچوونیان و لە ڕێگەی وەرگێڕانی کارەکانیانەوە ڕەواقییەکان کاریگەرییەکی زۆریان لە گەشەی دینە ئیبراهیمییەکاندا هەبوو، بە تایبەتی مەیسحییەت و دواتریش ئیسلام. سێنیکا لەم نامەیەدا بۆ هاوڕێیەکی دەربارەی کورتیی ژیان دەدوێت. ئەم نووسینە لە کتێبە نایابەکەی مۆسێس هاداس دەرهێنراوە، بە ناوی؛ فەلسەفەی ڕەواقییەکان لای سێنیکا.    

 

هاوڕێم پاولینۆس، یەکێک لە گلەییە گشتییەکانی مرۆڤ ئەوەیە کە سروشت لەگەڵیدا چرووکە، ئەو تەمەنەی دراویەتێ کەم خایەنە، ئەو ماوەیەی پێی بەخشراوە بە خێراییەکی هێندە گێژ-و-وێژکەر تێدەپەڕێت جگە لە کەمینەیەک هەموو ئەوانیتر تەنها کاتێک دەتوانن تێیدا بژین کە نزیک لە تەواوبوون بوونەتەوە. ئەم گلەییە بەتەنها گلەیی خەڵکە هەڵەشە و ئاگا-لەخۆ-نەبووەکە نییە، نەخێر، بەتەنها ئەوان نین کە ئەمە وەکو ئەهریمەنە گەورەکە سەیر دەکەن، بەڵکە هەمان شعوور گلەیی لای پیاوانی بەبیر-و-هۆشیش وروژاندووە. بۆیە گوێمان لە شازادەی پزیشکەکان (هیپۆکرەتیس)ە کە دەڵێت: "ژیان کورتە ئەمما هونەر تولانییە". تەنانەت ئەرستۆش هاواری لێ هەستاوە، فەیلەسووف چۆن دەبێت هاواری وا نابەجێ بکات، گوایە: "سرووشت لەگەڵ هەندێک زیندەوەردا هێندە دەست-بڵاو و بەخشندەیە کە لێدەگەڕێت چەندان هێندەی تەمەنی مرۆڤ بژین و تەممەڵانە بڕوێن، کەچی مرۆڤ بەم هەموو توانا و تاقەتەوە پچەژیانێکی دراوەتێ."

 

من پێم وایە ژیان هێندە کورت نییە، بەڵکە ئێمە لە بەفیڕۆدانی ڕاهاتووین. ژیان بەقەدەر ئەوە درێژ و بەخشندەیە کە ئەگەر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت زۆرینەی ئارەزووەکانمانی تێدا بەدی دەهێنرێت. بەڵام وەختێک لە گوێپێنەدانە کەمتەرخەمەکاندا بەفیڕۆی دەدەین، وەختێک ناچێتە خزمەتی پایانێکی مانادارەوە، هەستدەکەین لەدەستمان دەرچووە و لەژێر فشاری ئەمەل-زۆریدا پێش ئاگاداریمان بڕاوەتەوە. بۆیە دەڵێم: ژیان هێندە کورت نییە بەڵام بەدەستی خۆمان کورتی دەکەینەوە؛ ژیان هێندە چرووک نییە بەڵکە ئێمە لە مەسرەفکردنیدا دەستبڵاوین. دەکرێت سامانێکی شاهانە بە دەستی ئەربابێکی ناشییەوە لە ئێستێکدا تەخشان-و-پەخشان بکرێت، کەچی پیشەکارێکی وریا دەتوانێت لە مشتێک دەشتێک چێ بکات، هەروا تەمەنی ئێمەش دەکرێت لە ڕێی باش-ژیانەوە بکشێندرێت.      

 

کەواتە گلەیی ئێمە لە سرووشت بۆچی؟ ئەو بە بەخشندەیی خۆی ژیانی داوینەتێ؛ ژیان، ئەگەر بزانین بەکاریبهێنین کەم نییە. مرۆڤ هەیە چاوچنۆکی چۆتە لاشەیەوە، هەیە هەموو کۆششێکی لە پێناو مومارەسەکردنی پرۆژە پڕوپووچەکاندایە. مرۆڤ هەیە لە شەرابدا خوساوە، هەیە کەوتۆتە تەڵەوە؛ تەڵەی گێلی. مرۆڤ هەیە شەکەتی ئارەزوویەکە کە هەمیشە پێویستی بەدەنگی ئەوانیترە تا بەدی بێت، هەیە هەموو وشکایی و تەڕاییەکان لە پێناو دنەیەکی بازرگانیدا دەپێوێت. مرۆڤ هەیە تاعوونی شوێنکەوتەیی گرتووە و بەردەوام دەیەوێت هەڕەشە لەوانیتر بکات یاخود لە هەڕەشەکانی ئەوانیتر بترسێت. هەندێک هەیە لەژێر کۆمەڵێک یاسای ناپێویستی خۆ-سەپێندا پڕووکاوە، هەیە هەر خۆ-هەڵقورتێن و بەگلەییە. مرۆڤ هەیە بەردەوام لەنێوان بەتاڵاییە جۆراوجۆرەکاندا دەخولێتەوە، بەتاڵاییەک واز لێدێنێت بۆ بەتاڵاییەکی تر، خەڵەفانێک بۆ دانەیەکی تر، بێزارییەک بۆ دانەیەکی تر، هەیە هیچ ئامانجێکی نییە و بەدەم باوێشکدانەوە قەدەر دەیهێنێت و دەیبات و دەیشێلێت. بۆیە من ناتوانم بڕوا بەڕاستی ئەو پەیڤەی شاعیری گەورە بکەم کە بە نەفەسێکی پێغەمبەرانەوە دەڵێت: "بەشمان لە ژیان کەمە." ئەمە ژیان نییە، خڵتەکەیەتی، کات-بەفیڕۆدانە.   

 

پووچیەتی لە هەر چوارلاوە گەمارۆیداوین، تا دێت زنجیرمان دەکات، نغرۆی چڵێسیەکانی دەبین و بیناییمان بە ڕووی ڕاستیەکاندا هەڵنایەت. زیندانیەکان ڕێ نادرێن بگەڕێنەوە سەر ڕەسەنیی خۆیان، ئەگەر لێرەولەوێ شانسی بردنەوەیەکیان هەبوو لە دواجاردا هەر لوول دەبن و خل دەبنەوە، دەریا دوای زریانیش هێمن نابێتەوە، چڵێسی دەردێکی بێ دەوایە. تۆ پێت وایە من بەتەنها مەبەستم لەو بەدبەختانەیە کە بەئاشکرا هەست بە هەڵەکانیان دەکەین؟ نا، تەماشای ئەو مرۆڤانە بکە کە هەموان وەکو مرۆڤی بەختەوەر دەیانبینن، ببینە چۆن لەناو سەرکەوتنەکانیاندا خنکاون. چەندت بینی کە سامانەکەی فەوتاندی. چەندی تر بەهۆی ڕەوانبێژیەکەیەوە خوێنی ڕژا. چەندێکی تر زیادەڕۆیی لانەوازی کرد. زۆرن ئەوانەی کە کڕیارەکانیان ئازادی لێ سەندوونەتەوە. لەسەرەوە تا خوارەوە بە لیستەکەدا بڕۆ: یەکێک هاوڕێکەی ڕاپێچی دادگا دەکات، ئەمیان بریکاری خۆیەتی، ئەویان بەرگریکارەکەیە، یەکێ پارێزەرەکەیە، یەکێکیش دادوەر؛ کەچی کەسیان شکاتی خۆی ناباتە لای خۆی، هەموان لەپێناوی ئەوانیتردا بەکاردەبرێن. سەرنجی کەسایەتیە بەناوبانگەکان بدە، ئەوانەی هەموان بە ناوەکانیان ئاشناین، بۆت دەردەکەوێت کە دەبن بەم چەند بەشەی لای خوارەوە: ئەلف مەراییکەری بایە و باش هی دال، هیچیان نیشتیمانی خۆیان نین. 

 

هەرچەندە بە درێژایی مێژوو منەوەرەکان بە تێکڕای تواناو بەهرە جیاوازەکانەوە خۆیان بۆ چارەسەری ئەم تێزە تەرخان کردووە، کەچی هەرگیز چارەسەرێکی ڕوون و قایلکەر بۆ ئەم تەمە ڕەشانەی ئاکاری مرۆڤ نەدۆزراوەتەوە. مرۆڤ هەرگیز ڕێگە نادات  ئەوانیتر شمەکەکانی زەوت بکەن، بۆیە لە کەمترین ناخۆشیدا پەلاماری بەرد و دار دەدات و سەنگەر ساز دەکات، کەچی بەئاسانی ڕێ دەدات ئەوانیتر حەرەمی ژیانی ببەزێنن، تەنانەت بەدەستی خۆی کلیلی ژیانی دەخاتە دەستی ئەوانیترەوە. هیچ کەسێک لەسەر  زەوی نییە ڕێ بدات سامانەکەی بەسەر ئەوانیتردا دابەش بکرێت، کەچی ئامادەیە ڕۆژانە ژیانی بەبەرچاویەوە بدزرێت. مرڤەکان زۆر بە وردی ئاگاداری بڕە میراتەکانیانن و بەردەوام چاوچنۆکانە لە پارێزیدان، کەچی وەختێک دێتە سەر پارێزکردنی کات دەستبڵاوانە تێیدا گەندەڵن، لە کاتێکدا چاوچنۆکی تەنها لە کاتدا شایانی ڕێزە.      

 

دەمەوێت بەرۆکی یەکێک لە پیرەکان بگرم و لێیپرسم: "تۆ کە ئێستا گەیشتوویتە هەموو چاوەڕوانییەکانت و قەڕنێک ژیانت کردووە؛ دەتوانیت تێمانبگەیەنیت ساڵەکانت چۆن تێپەڕاند. پێمان بڵێ چەندێکی ئەو ساڵانە چوونە مەسرەفی ڕاکەڕاکەوە، چەندی بۆ عەشیقەکان بوو، چەندی پارێزەرەکان و دەمەقاڵێی خانمەکەت بردیان، ئەی تەنبێکردنی کۆیلەکان و چەنە-چەنەی فەرمانگەکانی دەوڵەت. سەرئەنجامی ئەمانە و کۆی هەموو دەرد و نەخۆشییە خۆ-کردەکان و هەموو ئەو وەختانەی بە بەتاڵایی پڕکرانەوە دەکاتە وەختێکی کەمتر لەو وەختەی کە تۆ ڕۆژژمێرەکەت لەسەر میقات کردووە. بە یادەوەریتدا بگەڕێوە: چەندە دەگمەن توانیوتە شانبەشانی پلانەکانت بژیت، چەندێکی تەمەنت ڕێکەوتی بەدیهاتنی نیازەکانتی کردووە، یاخود لە چەندێکیدا توانیوتە چێژ ببەیت و کۆڵەواری خەفەت نەبوویت. بەم هەموو تەمەنەوە سەرکەوتنەکانت کامانەن کە بتوانیت پیشانمان بدەیت، بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت چەندێکی تەمەنت دزراوە، چەندێکیت بۆ ئەبەد لێ ون بووە، چەندێکی سەرفی خەمت بوو، چەندێکی بە شادمانییە درۆینەکان و ئارەزووە گەوجەکانەوە ڕۆشت، ئەی چەندێکی کۆمەڵگا بردی هەی پیری جوانەمەرگ."

 

بۆ دەبێت بارودۆخەکە بەم جۆرە بێت؟ چونکە تۆ پێت وایە تا هەتایە دەژیت؛ ئەوەی بیری لێ ناکەیتەوە پەژمووردەیی ژیانە، هێشتا ئاگاداری ئەوە نیت کە چەندێکی ژیانت ڕۆشتووە. بەجۆرێک سەرفی دەکەیت وەکو ئەوەی چەند قاسەیەکی پڕ لە ژیانت لە شوێنی تر پەنا دابێت، لە کاتێکدا دەکرێت ئەمڕۆ لە کۆتاهەمین ڕۆژەکانت بێت. تۆیەکی فانی کە هەمیشە نغرۆی دوودڵی و نیگەرانییەکانیت، بە هۆی ئارەزووە نەبڕاوەکانتەوە خۆت لێ بووەتە نەمر. لە هەندێکم بیستووە گوایە "بەنیازن لە پاش پەنجاساڵی خۆ خانەنشین بکەن و نەختێک بحەسێنەوە، یان دەڵێن لە دوای شەستساڵی ئیتر ئەرکمان ئەوەندە لەسەر نامێنێت." من تێناگەم، بۆچی ئەوەندە متمانەیان بەهێزە کە ڕۆژێک دوای گەیشتن بەو تەمەنە دەژین؟ کێ چرپاندوویەتی بە گوێیاندا کە مەرامەکان ڕێک وەکو پلانەکان دێنە دی؟ شەرم لەوە ناکەن دەست بە کلکی تەمەنەوە بگرن، چما ئەوە نییە خۆشاوەکەیان وەکو شیری بەیانی لە دەست ڕژاوە؟ وەختی سەرەمەرگ بیرکردنەوە لە ژیان بیکردنەوەیەکی ناوەخت و گوزەشتەیە. لە ڕاستیدا بێئاگاییەکی تەواو ئەحمەقانەیە وەختێک کە پێت وایە لە پەنجاوشەستەکانی تەمەندا هۆش و هەلی ژیانت وەبەرخۆدا دێتەوە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی کەم بەو تەمەنانە دەگەن.

 

لە هەموان خاتابارتر ئەوانەن کە تەواوی کاتەکانیان لە چڵێسی و خواردنەوەدا بەهەدەر دەدەن، بۆ من ئەمە خەمهێنەرترین جۆری کاتکوشتنە. هەرچەندە ئەوانەی بانگەشەی شکۆمەندی و گەورەیی دەکەن بانگەشەکەیان لە گرێیەکی وەهمی زیاتر نییە، بەڵام هیچ نەبێ ئەوان لە شتێکدا هەڵەن. هەرچەندە چاوچنۆکەکان، سەرسەرییەکان و هەموو نەگریسە ستەمکارەکان لە تاوانبارە لەپێشینەکانن، بەڵام دیسان ئەمانیش هیچ نەبێت لە شتێکدا هەڵەن. ئەمما ئەو پەڵەیەی کەوتۆتە سەر پیاوانێک کە تەنها لە پێناو ورگ و چڵێسییەکاندا دەژین پەڵەیەکی تەواو بێنرخ و دەنییە. تەماشایەکی خشتەی کاتەکانیان بکە و بزانە چەندێکی لە ژماردنی پارەکانیاندا خەرج دەکەن، چەندێکی بۆ موئامەرەگێڕییە، چەندێکی بۆ کارڕاییکردن و ماستاوچێتی و مەراییە، چەندێکی بۆ مشەخۆری و بۆرە-خزمی و بانگهێشت-کارییە، ئەوسا دەبینیت ئەم دێوانەگی و داخوراوییە چۆن هەموو کاتەکانی پەرت کردوون و گرفتاری بێدەرفەتیی کردوون.

 

بەختەوەری ڕاستەقینە ئەوانەن کە کاتەکانیان بۆ فەلسەفە تەرخان کردووە. تەنها ئەوان تامی ڕاستەقینەی ژیان دەکەن. فەیلەسووفەکان تەنها لە بەسەربردنی ژیانەکەی خۆیاندا وریا نین، بەڵکە سەرزەمینی دەورانەکانی تریش دەگەڕێن و بە شێوەیەک لە شێوەکان تێیاندا دەژین. مەگەر خۆمان بەدنمەکی لە ڕاستییەکاندا بکەین، دەنا لە پێناوی ئێمەدا بوو کە خوێندنگە بەناوبانگەکان دامەزرێنران، لە پێناوی ئێمەدا ئامادەکاری بۆ باشترین شێوەژیان کرا. بە ڕەنج و ماندووبوونەکانی ئەوانیتر ئێمە ڕێبەرایەتی کراین بۆ گەنجینەکانی ڕووناکی و لە داڵانە تاریکەکان دەرهێنراین. هیچ سەردەمێک لە ئێمە قەدەغەکراو نییە، مۆڵەتی هەموو سەردەمەکانمان پێیە، هەر وەختێکیش ویستمان تەنکاییەکانی ئاکاری مرۆڤ تێپەڕێنین بە عەقڵدا هەڵدەکشێینە سەرەوە و لە کاتە بەرفراوانەکاندا هاتوچۆ دەکەین. دەتوانین گفتوگۆ لەگەڵ سوکرات بکەین و ڕەخنەی بکەین، لەگەڵ کارنایەدیز فێری گومان بین، لەگەڵ ئیپیکیوریەس ئارام بینەوە، لەگەڵ ڕەواقییەکاندا سروشتی مرۆڤ بپشکنین، لەگەڵ سینیکەکاندا فێری گوتنی نەخێر بین. وەختێک کە سرووشت ئەم دەرگایەی بە ڕووی ئێمەدا کردۆتەوە،  بۆ دەبێت لێوەی نەچینە ژوورەوە و خۆمان لە بیستی ئەو گوتارە ئایەخ و بەسەرچووە ڕزگار نەکەین کە هیچ چاکەیەکی لە دەست نایەت؟

 

تا وەختێک مرۆڤ تاڵان بکرێت و تاڵانکاری بکات، تا سەرقاڵی ڕووخاندی ئەوانیتر و بەدبەختکردنی خۆی بێت، ژیان هەروا بێفەڕ دەبێت، بێچێژ دەبێت، بێئەخلاق دەبێت. هیچ کەسێ مردنی بە لاوە گرنگ نییە، هەموان چاویان لەسەر ئارەزووە دوورەکانیانە. تەنانەت هەندێک بەرنامەکانیان بۆ دوای مردنیان هەڵگرتووە، دەیانەوێت گۆڕی گەورەیان بۆ درووست بکرێت، باڵەخانەیان بەناوەوە بکرێت، گلادیەیتۆرەکان دوای مردنیان ناویان بهێنن، جەنازەکانیان لەخۆبایەتیی پێوە بکرێت. بەڵام لە ڕاستیدا پرسەی ئەم جۆرەکەسانە پێویستە وەکو پرسەی منداڵێکی ساوا بەڕێ بکرێت، مۆمێکی تێدا دابگیرسێنرێت، چونکە ئەوانە لە پیرییشدا بە منداڵی دەمرن.

 


ئەم بابەتە 123 جار خوێندراوەتەوە