EFayOjOWkAYUcya.jpg

دەرگەکە دانەخراوە، بەڵام من دیلم

ڕوئیا شاهحسێنزادە/ و: شاڵاو حەبیبە

هەموو شەوێک
بیر لە ڕۆیشتن دەکەمەوە بەڵام
هەموو بەیانییەک
کراسەکەم لەو جانتایەی لە خەیاڵمدا پێچابوومەوە
دەردەهێنم

 

هەموو شەوێک بیر لە ڕۆیشتن دەکەمەوە بەڵام
هەموو بەیانییەک
قژم دەکەم بە پرچ
دەچمە سەر ئیش و
درێژە بە نەڕۆیشتن دەدەم.

 

چەند ژن
وەکوو من
بەردەوام لای پەرداخەکانی ئەوسەری دۆڵابەکەوە
بە دوای دەرگەیەکی بەرەو کۆچکردنن؟
چەند ژن وەکوو من
چەرچەفەکان
بە جۆرێک ساف دەکەنەوە
وەک بڵێی
سەرقاڵی سافکردنی جادەکانی جیهانن بۆ ڕۆیشتن؟

 

تۆ تا ئێستا
لە ماڵەکەت لە دوانهۆمی ئەپارتمانێکدا
تونێلێکت بۆ هەڵاتن هەڵکەندووە؟
تۆ تا ئێستا
کاتی ئوتووکردن
نەخشەی ڕاکردنەکەتت داڕشتووە؟
بۆیە دەدەم لە نینۆکم تا ئاسەواری خوێن بشارمەوە
تا کەس نەزانێت
لە بیرکردنەوەکانمدا بەردەوام
دیوارەکانی کات هەڵدەکەنم
هیی ئێستا
داهاتوو ڕابردوو

 

مرۆڤ چۆن دەتوانێت
لە پشت دەرگەیەکەوە کە قفڵ نییە
ئەوەندە
بە دیلی
مابێتەوە؟

 

 

| ڕوئیا شاهحسێنزادە، شاعیرێکی ئێرانییە و چەندین کتێبی شیعریی هەیە. 

 


ئەم بابەتە 105 جار خوێندراوەتەوە