Razazi.jpg

ناسرى رەزازى ڤیدیۆ کلیپى (شارەکەم)ى بڵاوکردەوە

لە نوێترین کارى هونەریدا هونەرمەندى کورد ناسرى رەزاى ڤیدیۆ کلیپى شارەکەمى بڵاوکردەوە.

دواى ئەوەى لە چەند رۆژى رابردودا کۆمپانیاى هێڵى دەنگ بۆ بەدیجتاڵکردنى دەنگ و رەنگى کوردى لە واڵى تایبەتى خۆیان لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک موژدەى بڵاوکردنەوە نوێترین ڤیدیۆ کلیپی هونەرمەندی گەورە (ناسرى رەزازى)یان بڵاوکردەوە، لە ئێستادا ناوەندەکە لە یوتوب گۆرانیەکەى بڵاوکردۆتەوە.

ڤیدیۆ کلیپى (شارەکەم)، یەکێکە لە تراکەکانی ئەلبومە نوێیەکەی رەزازی کە هەر بە ناوی (شارەکەم)ەوەیە، هۆنراوەی گۆرانیەکە لەلایەن (سەعیدی شێخ ئیسلام) نوسراوە، (ئەردەشیر کامکار) ئاواز و میوزیکی بۆ گۆرانیەکە داناوە، (عەبدولغەفار عەبدوڵڵا) کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، (دیار ئەسکەندەر) کاری وێنەگرتنی بۆ بەئەنجام گەیاندووە.

ناسر رەزازی لە چەند دیرێکدا:

- ناوى تەواوى: ناسر محەمەد ساڵح.

- لە رۆژى 21/7/1955 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان له‌دایکبووە.

- له‌ ساڵى 1961 لە ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵاندا له‌ خوێندنگه‌ی هه‌دایه‌ت له‌ شاری سنه‌ خراوەتە بەرخوێندن.

- باوکی ناردوویەتە لای مەلایەک بۆ خوێندنی قورئان، ماوەیەک بانگبێژی گەڕەکی خۆیان بووە.

- لە ساڵی ١٩٦٨ بۆیەکەمجار چووەتە سەرشانۆ و گۆرانیی وتووە، لە ڕادیۆ سنە گۆرانییەکە تۆمارکراوە.

- لە ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ هونەرمەند مەرزییە فەریقی هاوسەرگیریی کردووە.

- لە ساڵی ١٩٧٩ یەکەمین ئەلبومی بەناوی دێوانە خۆم بڵاوکردۆتەوە.

- لە ساڵی ١٩٨٥ لەگەڵ خێزانەکی چوونەتە تاراوگە و لە سوید نیشتەجێ بووە.

- لە ساڵی ٢٠٠٤ گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

- لە ساڵى 2015 لە ریزبەندى یەکەمدا بە باشترین هونەرمەندى نیشتەجێى وڵاتى سوید دیاریکراوە و خەڵاتى پێبەخشراوە.

- لە رۆژى 30/1/2016 لەلایەن زانکۆی سواس کە یەکێکە لە زانکۆکانی شاری لەندەن خەڵاتى ھونەرمەندە نەتەوەییەکانى پێبەخشراوە.

- دبلۆمیی وێژەی وەرگرتووە و بووە بە مامۆستای سەرەتایی.

- ئاوازی بۆ چەند گۆرانییەکی خۆی داناوە.

- چەندین کۆنسێرت و ئاهەنگ لە دەرەوەی و ناوەوەی کوردستان ئەنجامداوە.

- خاوەنى چەندین ڤیدیۆکلیپە.

- جگە لە گۆرانیی وتن شارەزایی لەبواری شیعر و ئەدەبیاتدا هەیە.

- تا ئێستا ١٣ ئەلبومی بڵاوکردووەتەوە.

- لەگەڵ چەندین هونەرمەندی ناسراو گۆرانی تۆمار کردوە، لەوانە (مەرزیە فەریفی، تۆفیق رەزایی، موحەمەد ماملێ، عەزیز شاھڕۆخ، موحەمەد جەزا،جەماڵ موفتی، نەجمەدین غوڵامی).


ئەم بابەتە 64 جار خوێندراوەتەوە