Danaz.jpg

کۆچ و هەتاوى شاعیر داناز عەبدولڕەحمان بڵاوکرایەوە

کۆچ و هەتاو کتێبێکی نوێیە لە نوسینی شاعیر داناز عەبدولڕەحمان، لە چەند رۆژى رابردوودا بڵاوکرایەوە.

ئەم کتێبە لە ئامادەکردن و پێشەکی (دکتۆر عەبدوڵڵا ئاگرین)ەو لە دووتوێی (143) لاپەڕە پێکدێت، کتێبەکە بریتییە لە چامەی شیعری بەناونیشانی (خاتوو شەمی ئەوڵا ئاگرین)ەو بریتییە لە (80) دێڕی شیعری یەک بەدوی یەکدا هاتووەو هەر هەموویان یەک کێش و سەروایان هەیە و خاوەنی یەک ریتم و لەشێوەی چیرۆکێکی ئەدەبی تەواو دایە، (سەرەتا، گەیشتنە لوتکە، کۆتایی و ئەنجام) تێدا بەرجەستە بوون.

د. عەبدوڵڵا ئاگرین، لەم کتێبەدا دەڵێت: "ئەم چامە شیعرییە، بەزمانێکی پاراوی تەڕو ناسکی هەست بزوێن هۆنراوەتەوەو یەک پارچەی تەواوە و کەرت پەرت و پارچە پارچە نییە، وەلێ ئەو دابەشکردنەی ئێستا بەسەر (20) کۆپلەی چوار دێڕیدا کراوە، تا مەودای پشوی ئیقاع و ئاوازی مۆسیقی شیعری بۆ ئاوازی گۆرانی بڕەخسێت. دەنا هیچ دابڕانێک لەنێوان چامەکەدا نییە!! و وەک چامەکەی نالی بۆ سالم وایە، ئەو بۆچونەی شاعیر (داناز) بۆ چامەکە دەریبڕیوە بە (20) چوار دانراوە بۆخۆی. ئەوەش بە ئەفراندنێکی نوێی شاعیر دادەنرێت، چامەکە لەڕووی بنیات و هارمونیی واتاو چێژو بینای هونەرییەوە، لەیەکەم دێڕەوە تاکو دوادێڕ. یەکێتییەکی ئۆرگانی پێکدەهێنێت و خەسڵەتێکی فەلسەفەی سەرەکی و بنچینەیی چامەکەیە کە یەکێتییەکی تۆکمە و پتەوی نەپچڕاوی سەرتاپای چامەکەی، ناخ و ڕووخساری پێکهێناوە".

ئاگرین لەبارەی شاعیریشەوە دەنوسێت: "کاکە داناز عەبدولڕەحمان، شاعیرێکی لاوی تازە پێگەیشتووی، ئێستای نێو کایەی ئەدەبی جوان و نوێی کوردییە، ئەگەرچی وەک پێویست و لەچاو تواناو لێهاتوویی و بەهرەی داهێنانی نوێی شیعری لەئەندازە بەدەری، مافی خۆی نەدراوەتێ.... دڵنیام لەئایندەیەکی نزیکداو بەپێی پێوەری زانستییانە و ئیسپاتی بوونی شاعیرێتی خۆی و داهێنانی بلیمەتانەی لە زەمینەی بەرینی شیعری کوردیدا، مەنزڵێکی باڵا باڵای شیاوی بۆ خۆی مسۆگەرکردووە، هەر ئەو خەسڵەت و هەلومەرجە زانستییانەیە وایکردووە دەیان پسپۆڕی دنیای ئەدەب لە مامۆستایانی زانکۆو پڕۆفیسۆرو دکتۆرو ئەدیب و شارەزایانی شیعرو ئەدەبیاتی کوردی، ئەکادیمیانە، بەشێوازی داڕشتن و بینای شیعرەکانی ڕازی بن و لایان پەسەند بێت و دەم و دەستخۆشی و ئافەرینی لێبکەن".


ئەم بابەتە 478 جار خوێندراوەتەوە