fernando-04.jpg

ئەو پیاوەی (72) سێبەری هەبوو!!

شوان ئەحمەد

فێرناندۆ پێسوا خێوە یان مرۆڤ، ئەفسانەیە یاخود هەقیقەتە؟ بونەوەرێكە هەبووە یان دروستكراوە؟

ئەوەی دەڵێت من خاوەنی (دوكانی توتن و شوانی مێگەل و نائارامی) دەناسم، ڕاست ناكات. ئەوەی وتی من بەپێسوا ئاشنام، بڕوای پێ مەکەن.

كەسێك حەفتاو دوو سێبەری هەبێت، لیستێك ناوی هەمەجۆر و ماسكی هەمەچەشن شك بەرێت، مرۆڤ نییە تارماییە. ئەفسانەیەو تەنێكی بەرجەستەو مادی نییە.

هەر ساڵەو شتێكی لێ‌ ئاشكرا دەبێت و هەر ماوەیەو بابەتێكی لەبارەوە دەنوسرێت و دەڵێن، ئەوە پێسوا ڕاستەقینەكەیە. كەچی دوایی وا دەرناچێت.

پێسوا ناسی و شوێن كەوتنی ئەو مرۆڤە عەنتیكەیە چەند پڕ چێژە، هێندەش تاقەت پڕوكێنەو توشی سەرەگێژە و ماخۆلانت دەكات.

چەند ڕۆژێكە كتێبێكی قەوارە ئەستوری (410) لاپەڕەیی ئەوم پێگەیشتووە. لەم وێرانە خاك و هەلومەرجە پڕژاوەژاو جوگرافیا بێ‌ ئاسۆیەدا، مەگەر هەر تەنها دەست و دیارییەكی لەمجۆرە، سەبوریمان بدات و ئارامیمان پێببەخشێت.

 (نامە و تێكستەكان)، گێڕانەوەی بەشێكی دیكەی دنیا پەنهان و تەلیسماوی و ئاڵۆز و پڕ ڕازو نیازەكەی، فێرناندۆ پێسوایە. نامەو دەستنوس و سەرەپارچەو شتی تازە دۆزراوەی تێدایە.

كتێبەكە چیرۆك نوس و وەرگێڕی میسری (وائل عشری)، لەزمانی ئینگلیزیەوە كردویەتی بەعەرەبی و مانگی شوباتی ئەمساڵ (2017)، لەقاهیرە چاپكراوە.

(وائل عشری) كەلەدایك بووی ساڵی ١٩٧٤ و دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزی كۆلێژی ئادابە، لە زانكۆی نیۆركی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بڕوانامەی دكتۆرای لەئەدەبی نوێی عەرەبیدا بەدەست هێناوە.

ئەو پێشەكیە تێرو تەسەل و ئەو شرۆڤەو ڕونكردنەوانەی بۆ تێكست و نامەكانی نووسیووە، هەوڵێكی لەڕادەبەدەری ئەون بۆ نزیكردنەوەی زیاتری خوێنەران، لەپێسوا و دنیا سەیرو سەمەرەكەی.

ئەو پیاوەی كەلەبەرخۆردا ڕادەوەستا حەفتاو دوو سێبەری هەبوو، هەشتاو سێ دانە ساڵە (1888-1935) لەدنیادا نەماوە. بەدرێژایی ئەو ساڵانە هەوڵدەدرێت شوناس و وێنە ڕاستەقینەكەی نیشان بدرێت، كەچی هەر بێ‌ هودەیەو هەر كورت دێنێت.

كێ‌ چوزانێ‌ دەبێت چەند مەرەكەبی تر بڕژێت و چەند لاپەڕەی تر ڕەش بكرێتەوەو چەند كتێبی تر بنوسرێت، تاخوێنەران بتوانن دەست لەشوناسە ڕاستەقینەكەی بدەن و وێنە ئەسڵیەكەی بدۆزنەوە.

تۆبڵێی ئەو ڕۆژە بێت بڵێین ئەوەتانێ‌، ئەوە فێرناندۆ پێسوایە. خۆیەتی، بێ‌ هیچ دوودڵی و پێچ و پەنایەك؟


ئەم بابەتە 65 جار خوێندراوەتەوە