film_Kteb.jpg

کتێبى جۆرەکانی فیلم و بەرهەمهێنانی بڵاودەکرێتەوە

کتێبى (جۆرەکانی فیلم و بەرهەمهێنانی) لە نوسینى (سەرکەش محەمەد) بڵاودەکرێتەوە.

وا بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 30/1/2020 کاژێر (3)ى پاش نیوەڕۆ لە هۆڵی سینەمای یەڵماز گونەی لە مۆزەخانەی نیشتمانی (ئەمنە سوورەکە) لە شارى سلێمانى مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبى (جۆرەکانی فیلم و بەرهەمهێنانی) لە نوسینى (سەرکەش محەمەد) بڵاوبکرێتەوە، واش بڕیارە هەمان رۆژى چەند کورتە فیلمێکی دەرهێنەرانی کورد نمایشبکرێت.

لەلایەکى دیکەوە لە رۆژانى 1 و 2 و ۳/2/2020 کاژێر (3)ى پاشنیوەڕۆ لە ئیمپایەر سینەما لە فامیلی مۆڵ لە شارى هەولێر مەراسیمی بڵاوکردنەوەی بۆ دەکرێت، هاوکات ڤیستیڤاڵی دژ بە تیرۆر ئەنجام دەدرێت و کۆمەڵێک فیلمی کوردی و بیانی نمایش دەکرێت.

کتێبەکە لە نووسینی (سەرکەش محەمەد)ە، ڕێکان تەحسین دیزاین و پێداچوونەوەی بۆکردوە، لە (170) لاپەڕەی رەنگاو ڕەنگ پێکهاتووە و لە چاپخانەی کارۆ بە تیراژی (100) دانە چاپکراوە.

نووسەر لە بارەی فیلمەوە دەڵێت: "هەریەک بەجۆرێک باس لە فیلم دەکەن، بۆچونێکی جیاواز هەیە لەبارەی فیلمەوە بەشێک لەو بۆچوونانە دەڵێن: (فیلم پیشەیە، هونەرە، پیشەسازییە، ئەخلاقە، هونەر و ئەخلاقە، پیشەسازی و هونەرە ...هتد)، من بۆچونێکی تایبەتی خۆمم هەیە فیلم "یەکگرتنی هونەر"ە، یەکگرتنی گشت ئەو بۆچوونانەی باسی لێوەکراوە لەگەڵ چەندین بۆچوونی دیکە کە هەندێکی هێشتا بیری لێنەکراوەتەوە".

ناوەڕکی کتێبەکە ئەم باسانەی لەخۆگرتووە:

فیلم چییە؟، ناساندنێک بۆ جۆرەکانی فیلم، ڕێژەی بەرهەمهێنانی فیلم، چۆن فیلمێکی باش بەرهەم دەهێنیت؟، جۆرەکانی فیلم، گۆشەو تەکنیکی کامێرا، سەرنجی کامێرا، ئاستی بینین بۆ گۆشە جیاوازەکان، جوڵەی کامێرا بەگشتی.


ئەم بابەتە 38 جار خوێندراوەتەوە