Bwar.jpg

بوار نوورەدین، بیبلیۆگرافیا و بەڵگەنامەى شانۆى شارى سلێمانى ئامادەدەکات

بوار نوورەدین، نوسەر و ئامادەکارى بیبلۆگرافیاى کورد لە نوێترین کاریدا کتێبى بیبلیۆگرافیا و بەڵگەنامەى شانۆى شارى سلێمانى ئامادەدەکات.

لە لێداونێکى تایبەت بە سایتى گەلاوێژ بوار نورەددین، نوسەر و ئامادەکارى بیبلۆگرافیاى کورد رایگەیاند، دواى ماندووبوونێکی زۆر، پڕۆژەی کۆکردنەوە، ئەرشیفکردن و ئامادەکردنی بیبلیۆگرافیای بڵاوکراوە و بەڵگەنامەی ھونەری شانۆی شاری سلێمانی تەواوبووە، ئێستا بۆ چاپکردن ئامادەیە، کە لە (3) سێ بەرگ و (1304) لاپەڕەی ئەیفۆردا تایپکراوە و لەلایەن دیزاینەر (جەلیل حسێن) دیزاینى بۆ کراوە.

هەروەک لە بانگەوازێکى بەپەلەشدا دەڵێت: "هەموو ئەوانەى زانیاریانە لایە و دەیانەوێت لە کتێبەکەدا جێگەى ببێتەوە، داواکارم لە ماوەى یەک هەفتەدا بۆمانى رەوانە بکەن، چونکە لە ئێستادا هەموو زانیارییە بەدەستهاتووەکان تایپ کراون و بەشێکى زۆریشیان دیزاینى تەواو بووە، دواى هەفتەیەک هەر زانیاریەک بەدەستمان بگات ناتوانین لە چاپى یەکەمدا جێگەیان بکەینەوە، مەگەر بۆ چاپەکانى دیکە، ئەگەر بوار برەخسێت چاپى دووەمى بۆ بکرێت:.

سەبارەت بەم کارە نوێشى ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، کە ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە، کۆکردنەوە و داتاکردنی بەرهەمەکانی شانۆی سەدەی بیستی شاری سلێمانییە. فلایەر و بروشوور، باشترین بەڵگەنامەی چالاکین. لەم هەوڵەدا بەشێک لە ئەرشیفی چالاکیی شێوەکاری، موزیک، ئەدەبی و هەمەجۆریش کۆکراونەتەوە، هێشتا دەرفەتی ئامادەکردنیان بۆ نەڕەخساوە. لە یەکەم چاپی کتێبی (بیبلیۆگرافیای بنکەی گەلاوێژ)ی ساڵی 2013دا، بەشی تایبەتیی چالاکیی بنکەی ناوبراوم بەم شێوەیە رێکخستووە، کە فلایەر و بروشووری چالاکییەکان- بێ‌ هیچ نووسینێک- تەنها بەپێی رۆژ، مانگ و ساڵ ریزبکرێن، زانیاری بە خوێنەر و بەکاربەر بدەن، کە جگە لە بیبلیۆگرافیا، هەندێ‌ بایەخی هونەریشیان هەیە، بەتایبەتی لە تەکنیکی ئامادەکردنی بەرهەمەکان و دیزاینی فلایەرەکاندا.

وتیىشى: "پایتەختی رۆشنبیری هەر بە قسە نابێت، پێویستە بە داتا بسەلمێنرێت. لە پێناوی ئەم پڕۆژەیەدا، پەیوەندیمان بە زۆربەی هونەرمەندانی شاری سلێمانییەوە کردووە، بەداخەوە هەندێکیان ئەرشیفیان نەبوو، یان هاوکارییان نەکردووین، (55) کەسایەتی، تیپ و دەزگاش هاوکارمان بوون، سوپاسیان دەکەین".

لە کۆتایشدا پرۆژەکەى بۆ خوێنەرانى سایتى گەلاوێژ رونکردەوە کە بەم شێوەیەى خوارەوە کارەکانى ئامادەکردووە:

لە بەشی سەرەوەی هەر بەرهەم و چالاکییەکدا، ناسنامەیەکی کورت نووسراوە: ناونیشان، مێژوو، ئەرشیف، هەندێکییشان لە (تێبینی)دا، زانیاریی پێویستیان بۆ نووسراوە، ئەوسا وێنەی فلایەرەکان دانراوە.

بۆ ئەم نووسینە، لە دوای هەر ناونیشانێک و لە ناو جووت کەوانەیەکدا () ژمارەی فلایەرەکان نووسراون، کە جگە لە بەڵگەنامە و سیپارەکان، هەر سێ بەرگەکە، نزیکەی (817) بەرهەم و چالاکییان تێدا کۆکراوەتەوە.

پڕۆژەکە بەم شێوەیە رێکخراوە، بەرگی یەکەم- چالاکیی تیپەکانی پێش راپەڕین 1949- 2017 (288 بەرهەم و چالاکی):

بەڵگەنامە و بەرهەمی هەمەجۆر 1949- 1990 (15)

تیپی نواندنی سلێمانی 1969- 2010 (41)

تیپی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد 1970- 2016 (55)

تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی 1973- 2013 (27)

تیپی چالاکیی قوتابخانەکان 1974-2000

تیپی هونەریی میللیی یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی سلێمانی 1974- 1988 (5)

تیپەکانی سەر بەرێکخراوەکان و حکومی1975- 1990 (44)

بەرهەمی هاوبەش 1976- 1990 (4)

تیپەکانی زانکۆی سلێمانی 1978- 2002 (9)

تیپی شانۆی سالار 1984- 2017 (39)

تیپەکانی دەزگای رۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی- لقی سلێمانی 1985- 1989 (8)

تیپی شانۆی ئەزموونگەری 1988- 1992 (5)

تیپی شانۆی ئاشتی 1990- 2011 (8)

بەرگی دووەم: پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی 1982- 2017 (201 بەرهەم و چالاکی).

بەرگی سێیەم- چالاکیی تیپەکانی دوای راپەڕین 1991- 2018 (328 بەرهەم و چالاکی):

یەکێتیی هونەرمەندان و کۆمەڵەی هونەرمەندانی کوردستان 1991- 2009 (9)

بەڵگەنامە و بەرهەمی هەمەجۆر 1991- 2017 (72)

وەزارەتی رۆشنبیریی کوردستان 1991- 2010 (67)

تیپی شانۆی ئەزمەڕ 1991- 1996 (4)

تیپەکانی شانۆی منداڵان 1991- 2000 (16)

تیپی حەوتی ئازار 1992- 1997 (4)

تیپی شانۆی نینا 1992- 1999 (11)

تیپی وێستگەی هونەریی نوێژین 1992- 1994 (6)

کاری هاوبەش 1994- 2018 (51)

تیپی شانۆی کوردستان 1995- 2013 (9)

تیپی شانۆی هەڵەبجە 1996- 2013 (4)

تیپی ستۆدیۆ ئەکتەر 1997- 2017 (22)

تیپی هونەریی رەنگاڵە 1998- 2013 (12)

تیپی شانۆی نەتەوەیی 1999- 1999 (5)

تیپی هاوڕێیانی گەزیزە 2012- 2018 (12)

تیپی کۆڕی شانۆی با 2004- 2014 (7)

گرووپی لەیزین بۆ سەمای بالێ‌ 2012- 2018 (17)

 

بوار نوورەدین لە چەند دێرێکدا:

- ناوى تەواوى: بوارنوورەدین سابیر.

- ساڵی 1962 لەشارۆچکەی قەڵادزێ‌ لەدایکبووە.

- سەرەتای هەشتاکان دەستی بەنووسین کردووە.

لەساڵی 1987 لەشاخ یەکەم بەرهەمی بەناوی خوازراوی (کارا)، لەژمارە (3)ى گۆڤاری قەندیل بڵاوبۆتەوە.

- ساڵانی 2002- 2012 لەئینستیتیوتی کەلەپووری کوردکاری کردووە.

- چەند ساڵێک هاوکاری بنکەی ژین بووە.

- لەساڵى 2013 بووە بە بەرپرسی (ئەرشیڤی بڵاوکراوەکان)ی دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم.

- ساڵانی 2014- 2018، ئیدیتۆری پڕۆژەی ئینسایکلۆپیدیای پارێزگای سلێمانی بووە.

- دەیان بابەت، لێکۆڵینەوەو بیبلیۆگرافیای تایبەتی بڵاوکردووەتەوە، کاری ئیدیت و پێداچوونەوەی بۆ زیاتر لە (100) کتێب کردووە.

- تاکو ئێستاکە (24) بەرهەمى چاپکراوى هەیە.

- دوو (2) بەرهەمى دیکەى کارى لەسەرکراون و ئامادەن بۆ چاپکردن.

- تاکو ئێستاکە (10) خەڵات وڕێزلێنانى پێبەخشراوە لەلایەن دەزگاکان ىحکومەت وناوەندە چاپەمەنى و کەسایەتییەکان.


ئەم بابەتە 143 جار خوێندراوەتەوە