4.jpg

دەقى وتارى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ لە چلەى ماتەمینى ئاسۆ عومەر سوارە

ماتەم گێڕانى ئازیز

خۆشەویستانى کاکە ئاسۆ سوارەى ئازیز

رۆژتان باش...

چل رۆژ پێش ئێستا مۆمێکى باڵا بەرزى پڕ شریخەى باران... لە گرمەگرم وەستاو... چل رۆژ پێش ئێستا شۆڕەشوارى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ بووە بە میوانى فریشتەکانى بەهەشت و لەوێ لەگەڵ گەورە پیاوان و کەڵە زاناکانى ترى کاروانى خەباتى روناکبیریى کورد دەست لەملان بوو.

ئازیزان...

وەک بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ پرسە و سەرەخۆشى خۆمان ئاراستەى بنەماڵەى کۆچکردوو کاکە ئاسۆ سوارە دەکەین و زۆر قوڕسە ئەمڕۆ ئێمە لەچلەى ئەودا ئامادە دەبین و مەراسیمى بۆ دەگێڕین.

بەڕێزان...

سوارە وەک لاى هەموان ئاشکرایە کەسێکى رۆح سوک و دەم بەخەندە و هەمیشە قسە خۆشەکانى بەردەوام لەگوێمان دەزرنگێتەوە، ئەو هیچ ساتێک دڵى نەدەهات بەرامبەرەکەى بڕەنجێنێ، ئەو هەموو هەوڵەکانى لەپێناو جوانى و کوردایەتى و خۆشەویستى خاکدا بووە...

بزانن لە فەرمانگەکەى هەموو بەداخن... هاوڕێکانى لە کوردسات... قارەمانەکانى زیندانى هەموو باس لەو دەکەن و لە جوامێرییەکانى دەدوێن.

ئەو لەناو خێزانى بنکەى گەلاوێژ کەسێکى ئارام و کارامە بوو... لەهەر شەوێنێک کارێک ببوایە ئەو دەچوو و ئۆقرەى نەدەگرت و پشووى نەدەدا تا کارەکەى تەواو دەکرد، بەڵام مەخابن ئەمساڵ فێستیڤاڵى گەلاوێژ ماڵئاوایى لە ئەستێرەیەکى دەکات، ئەمساڵ نابینین ئەو بەرەو رووى مێوانەکان بێت و پێشوازییان لێبکات، هەمیشە لەناو خێزانى گەلاوێژ ئەو پێشنیار و بۆچوونى هەبووە بۆ جوانکردنى چالاکیەکانمان، بەسەرنجەکانى، بەراوێژەکانى، بریسکە و شەونمى دەخستە سەر چەپکە گوڵى گەلاوێژ...

بەڕێزان... تا ئێستاش دەبینین جەماوەرى شارى سلێمانى و شارەکانى ترى کوردستان لە خەمى سوارەن و ئەوان دەیانویست بۆ دواجار گوێ لە تریقەى پێکەنینى بگرن، ئەوان هاتن بەدواى پاڵەوانى گەردەلوودا دەگەڕان... دەبێ لەکوێ بێت؟ و چى بەدەستەوە بێت، نەیاندەزانى لەگەڵ پشتیوانى هاوڕێى بەیەکەوە دیداریان هەیە.

تۆ هەمیشە باست لە خۆشەویستى سلێمانى و پێنجوێن دەکرد، تۆ هەمیشە باست لەپیاو ماقوڵانى شار و خاتوونە میهرەبانەکانى دەکرد، هەمیشە خەونەکانت باڵە فڕەیان بوو بۆ گەیشتن بەکەنارى ئارام..

لە راگەیاندن، لە هونەر، لەناو خەڵکدا هەمیشە چیرۆکەکانى زیندانیت و ئینجانەکانى موحیبەت دەبوونە باعیسى ورەو هیوا بەژیان، بەرنامەى وێنەکانى دوێنێ بێ مۆڵەت لەناو شاشەوە دەچووە دڵى هەموو بینەرانت، کەواو سەڵتە و دەرگا کۆنەکان و حێل مێخەک، مێژووى ئەم شارە و هەڵوێستە جوانەکان، هەمووى دەبووە حیکایەتى جوانى و گوێمان لێ دەگرت...

سەد حەیف و مەخابن، هەزار جار حەیف..

درود بۆ گیانى پاکى ئاسۆ سوارە شۆڕەسوارەکەى گەلاوێژ، خوا سەبورى کەس و کار و هاوڕێ و هاوکارانى بدات، ماڵئاوا ئاسۆ ماڵئاوا...

بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ

7/2/2020


ئەم بابەتە 108 جار خوێندراوەتەوە