Chirok.jpg

چیرۆك: ئەو ڕۆژەی كە ون بووم

نووسینی: ئایزاک باشیڤیس سینگەر ...وه‌رگێڕانى: به‌رزان مه‌حمود

پیاوێك چاكەتێكی درێژو و جووتێ پێڵاوى زلى له‌پێدايه‌. شه‌بقه‌يه‌كى پان و قووپاوی لەسەردایە. چاویلكەیەك لایەكی بێ شووشەو چەترێكی بەدەستەوەیە. گیرفانەكانی هەمیشە هەڵئاوساون بە گۆڤار و كاغەز، جانتایەكی سیخناخ و پڕ لەشت. ئەو پیاوە ناوی پڕۆفیسۆر "شلێمل" ە كە بەردەوام هەڵە دەكات.

پڕۆفیسۆر چل ساڵە لە نیۆرك دەژی. هەركاتێ بیەوێ بچێ بۆ سەرووی شار، خۆی لە خوارووی شار دەبینێتەوە، هەمیشە دوا دەكەوێت و كەس ناناسێتەوە. ڕۆژانە سەد جار لەخۆی دەپرسێ: قەڵەمەكەم لە كوێیە؟ پارەكەم لە كوێیە؟ جانتاكەم لە كوێیە؟ دەفتەری ناونیشانەكەم لە كوێیە؟ من ئەو كەسەم كە پێی دەڵێن پڕۆفیسۆری گێژو وڕ. چەند ساڵێكە بابەتی فەلسەفی لەهەمان زانكۆ دەڵێتەوە، كەچی هەتا ئێستا بە تەواوی نازانێت پۆلەكانی لە كوێن!. سەرەڕای ونكردن و هەڵەی چەوت، ماڵی خۆیشیانی بیردەچێتەوە.

دەچێتە قاوەخانەو چاكەتەكەی هەڵدەواسێ، كاتی ڕۆیشتنی لەبیری دەچێ، كە بۆی دەگەڕێتەوە شوێنەكەی بیرنەماوە. شەبقە، چەتر ،كتێب ،قەڵەم ،ون دەكات. لەهەمووی زیاتر دەستنووسەكانی، هەندێ جار ناونیشانی ماڵەكەی خۆیشی بیردەچێت. ڕۆژێك تاكسییەك ڕادەگرێ، چونكە دەیوست بەپەلە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. شۆفێرەكە لێی دەپرسێ: بۆ كوێ؟ دەڵێ: بۆ ماڵەوە. شۆفێری تەكسییەكە بە سەرسامییەوە پێی دەڵێ: ماڵەوە لە كوێیە؟. دەڵێ: لە بیرم نییە. ناوت چییە؟ دەڵێ: پڕۆفیسۆر. شۆفێرەكە دەیبات بۆ كۆشكی تەلەفۆن تا ماڵەوە بدۆزێتەوە، بەڵام ڕازی نابێ لەسەری بووەستێ. كاتێ پڕۆفیسۆر دادەبەزێ، جانتاكەی بیردەچێ لە ناو تەكسییەكە. بانگی دەكات و شۆفێرەكە دووركەوتۆتەوە و ئاگای لێ نییە. دەفتەری تیانووسەكەی بیردەچێ كە ژمارە تەلەفۆنی تیایە، ئەو ڕۆژە یادی لەدایكبوونی پڕۆفیسۆرە. خێزانەكەی كۆمەڵێ هاوڕێی بانگكردووە و كێكی گەورەی دروستكردوە چاوەڕێی هاتنەوەی پڕۆفیسۆرن بۆ ئەوەی پیرۆزبایی لێ بكەن. ئەمیش لەو كۆشكەیەو بیری چووە كە لەكوێ دەژی. پاشان تەلەفۆنی هاوڕێیەكی بیردەكەوێتەوە و ژمارەكە لێدەدات تا یارمەتی بدات، بەڵام كچێك وەڵامدەداتەوە - دكتۆر لەماڵە؟. - نەخێر - ئەی ژنەكەی؟. - هەردوكیان لەدەرەوەن. - دەتوانی پێم بڵێی چوون بۆ كوێ؟ - كچە گوتی: چوون بۆ ئاهەنگێك بۆ ماڵی پڕۆفیسۆر شلێمل. - من پڕۆفیسۆر شلێملم -سەعاتێك پێش ئێستا چوون بۆ ماڵی ئێوە. - ئاخر ماڵی ئێمە لە كوێیە؟. - كچە گوتی ڕادەبوێریت!. تەلەفۆنەكە دادەخاتەوە. بارانێكی بەخوڕ دەبارێت، لەپڕ تەكسییەك دەوەستێ و گوێی لێ دەبێ كە بانگی دەكەن شلێمل! سەر هەڵدەبڕێ و دەبینێ دەرگای تەكسییەك كراوەیەو سەری یەكێك لەهاوڕێكانی دەبێنێ پێی دەڵێن: شلێمل ئەوە چی دەكەیت لێرە؟چاوەڕوانی كێ دەكەیت؟ پڕۆفیسۆر دەڵێ: تۆ بۆ كوێ دەچی؟. - بۆ ماڵی ئێوە. بێگومان بمبوورە كەدرەنگ هاتم بۆ ئاهەنگەكەت، بەڵام بۆچی لەماڵەوە نیت؟ پڕۆفیسۆر گوتی: تۆ خودا ناردویتی. ئەی چ شەوێك بوو ناونیشانی ماڵی خۆمانم لەبیرچوو. كە دەچنەوە ماڵ هەمووی چاوەڕێی پڕۆفیسۆر دەكەن و وایاندەزانی شتێكی بەسەر هاتووە. پڕۆفیسۆر جانتاو چەتر و دەستكێش و كڵاوەكەی هەرگیز نەدۆزییەوە. ئێستا دەستیكردووە بە نووسینی كتێبێك بەناونیشانی "یادەوەرییەكانی شلێمك". گەر دەستنووسینەكەم لە تەكسییەك یان چێشتخانەیەك یان لەسەر كورسی باخچەیەكی گشتی لەبیرنەچێ لەوانەیە ڕۆژێ لە ڕۆژان بیخوێننەوە كە ئەمەش نموونەیەكە لەو یادەوەریانە.

 

مەبەست لەم چیرۆكەی '' ئایزاك '' كێشەی مرۆڤە لەنێوان دەرەوە و ماڵەوە، یان دەرەوە و ناوەوەی خود. وردتر دیقەت بدەین، ئەوا ئایزاک لەدیدی تاکە کەسەوە باس لە کودەتای مۆدێرنە دەکات کە لەسەدەی شانزە تا سەدەی نۆزدە و کۆتایی سەدەی بیست لە ئەوروپا سەری هەڵدا، جگە لە پێشکەوتن و خالە پۆزەتیڤەکانی، ئەم دێت لایەنە سلبییەکانی مۆدێرنە پشان دەدات، کە چەندەها باڵەخانە هەیە و بەمرۆڤ نامۆیە، مرۆڤ ئازادە بەڵام سەنتەر نییە، لەژیانی مۆدێرنەتدا ئازادی و ماف هەیە، پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی ڕوو لەزیادبوونە، بەڵام مرۆڤی تووشی دابڕان و ترس نامۆیی کردووە. گونجان هەیە، ئاشتی هەیە، سەرجەمی مرۆڤ یەکگرتوو دەکات بەڵام ئەو یەکگرتنە مرۆڤ لەناوەوە تووشی دڵەراوکێ و پەلپەلبوونی دەکات. واتە ماڵ پەناگەیەكە بۆ مانەوە، بۆ ئارامی. ماڵ تاكە ئومێدە بۆ دڵتەنگییەكانت، كۆتا شوێنە بۆ حەسانەوەی ماندوبوونیەکانت.


ئەم بابەتە 107 جار خوێندراوەتەوە