mrlyn-mwnrw_0.jpg

ژیانی مارلین مۆنرۆ دەکرێت بە فیلمێکى سینەمایى

بەمزوانە فیلمێک دەربارەی ژیانی ئەستێرەی بەناوبانگی کۆچکردوو مارلین مۆنرۆ بەرهەم دەهێندرێت.

دواى تێپەڕبوونی (58) ساڵ بەسەر مردنی گوماناوی ئەکتەری شۆخ و شەنگی جیهانی مارلین مۆنرۆ، لە ئێستادا کار بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکى سینەمایى لەسەر چیرۆکی ژیانی دەکرێت بەناوى ژنى قژ زەرد (Blonde).

چیرۆکى فیلمەکە، پێشتر لەلایەن ژنە رۆماننوس و شاعیر و شانۆنوس و نوسەری ئەمەریکی جویس کارول ئۆتس (Joyce Oates) تەمەن (82) ساڵ نوسراوە، ئێندرۆ دۆمینیک (Andrew Dominik) کاری دەرهێنانی بۆ دەکات، هاوکات ئانا دی ئارماس ژنە ئەکتەرى کوبى رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا دەگێڕێت.

بەشێک لە کارەکانی ئەم فیلمە و وێنەگرتنی تەواو بووە، بەڵام هێشتا کاتی نمایشکردنی لە سینەماکانی جیهان دیارینەکراوە.

مارلین مۆنرۆ لە چەند دێرێکدا:

- ناوى تەواوى: نۆرما جین مۆرتێنسن

- لە رۆژى 1/6/1926 لە شارى لوس ئەنجلوس لە دایکبووە.

- پیشەى ھونەرى: ئەکتەر و گۆرانییبێژى ئەمەریکى.

- لە تەمەنى منداڵیدا لە ھەتیوخانەکان ژیانى بەسەر بردووە.

- لەساڵى 1935 لە تەمەنی (9) ساڵیدا کاتێکدا دایکی بەخێوکردن و لەئەستۆگرتنی ڕەتکردەوە و پێی ڕازیی نەبووە، بۆیە لەنێو گەلێک خێزاندا پێچی خواردبوو و زۆر خێزانی دیبوو، زۆر جار تووشی دەستدرێژیی نا ئەخلاقیی بۆتەوە.

- لە تەمەنى منداڵیدا خەونى گەورەى بوون بە ئەستێرە و چونە ناو ھۆلیو بووە.

- لە ساڵى 1942 لە تەمەنی (16) ساڵیدا شووی کرد بە دراوسێکەیان، ئەم شووکردنەش یارمەتى دەر بووە بۆى بۆ ئەوەى لەماڵی ھەتیوان دووربکەوێتەوە.

- لە ساڵى 1945 لە تەمەنى (19) ساڵى یەکەمین دەستکەوتی ھونەری دەستکەوت، دوای ئەوەی کە وێنەکەی دانرا وەک مۆدیل لە لایەن کۆمپانیایەکی ڕیکلامەوە، دواتر وردە وردە بەرەو لووتکە هەنگاوى نا.

- لە رۆژى 5/8/1962 لە تەمەنى (36) ساڵى بەهۆى خۆکوشتن و خواردنى حەبی خەولێخەر و کھول لە مەڵەکەیدا خۆى لە شارى لۆس ئەنجلوس کۆچى دوایى کردووە.

- جەماوەرەکەى هەرزوو ئەو جۆرە مردنەیان رەتکردەوە و گوومانی ئەوەیان ھەبوو کە کوژرا بێت.

- لە ساڵى 1960 بەر لەوەى کۆچى دوایى بکات، لە نامەیەکدا ئەوە لەسەر ژیانى دەرکەوتووە، کە ھێندی ئەو ئازار و ناخۆشییەی کە چەشتبووی و ھەستی پێدەکرد دەرکەوت، لەنامەکەیدا ھاتووە و نووسراوە: "ھەستێکی قووڵم ھەیە بەوەی کە من تەواو (راستى) نیم، بەڵکو من (فێڵێکی کارلێکراوم و زۆر بە لێھاتووییانە درووستکراوم)، ھەموو مرۆڤێکیش لەم جیھانەدا ئەو ھەستەی بۆ دێت لە نێوان کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر، بەڵام من ئەم ھەستە بەدرێژایی کات ئەچێژم، بگرە ھەندێک جار پێموایە کە من جگە لە (بەرھەمێکی سینەمایی ھوونەریی) کە زۆر لێھاتووییانە درووستکرابێت، زۆرتر، ھیچی تر نیم. .".


ئەم بابەتە 134 جار خوێندراوەتەوە