kteb.jpg

بەشی سێهه‌م: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث الی الاول)

مەلا بەختیار

دامه‌زراندنی سوپا، له‌وڵاتانی تازه‌ ئازادكراو، یان كۆلۆنیالیستیی، یاخود دواكه‌وتوو، پرۆسه‌یه‌كی زۆر زۆر قورس‌و ئاڵۆزه‌. به‌تایبه‌تی له‌وڵاتانی فره‌ پێكهاته‌و چوارده‌ورگیراو به‌ دوژمنی جۆراوجۆر. سه‌ره‌ڕای ئه‌و راستییه‌، سه‌نگاپوره‌، ورده‌ ورده‌ متمانه‌ی رای گشتی بۆ پێكه‌وه‌نانی سوپا، سازدراوه‌. ده‌رگاكانی پشتیوانیه‌كانیشی، بێ‌ سڵه‌مینه‌وه‌، كردۆته‌وه‌. سوپاكه‌یان له‌سه‌ر مۆدێلی ئیسرائیل دامه‌زراندووه‌و ته‌نانه‌ت ناوه‌كه‌شی.

سوپای ئیسرائیل ناوی (سوپای به‌رگری ئیسرائیل)ه‌. هی سه‌نگاپوره‌ش ناوی (هێزی به‌رگری گه‌ل). سوپای ئیسرائیل، كه‌مترین سه‌ربازی ره‌سمی‌و زۆرترین هێزی یه‌ده‌كی مه‌شقپێكراویان هه‌یه‌، سه‌نگاپوره‌ش وای كردووه‌. به‌مه‌ش، سوپایان له‌ بیروكراسی دوورخستووه‌. بودجه‌یه‌كی كه‌میشیان بۆ ته‌رخان كردووه‌. واتا به‌ نه‌هاتون، ده‌یان هه‌زار سه‌رباز به‌ موچه‌و چه‌كی زۆره‌وه‌ بودجه‌یه‌كی زۆریشی تێ بچێ‌، پێكبهێنن.

له‌ لاپه‌ڕه‌ (55)دا سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ ده‌ڵێ‌: به‌ریتانیا ئه‌وپه‌ڕی بایه‌خ به‌ پاكی‌و خاوێنی‌و جل‌وبه‌رگی رێك‌وپێك‌و دیسپلینی سه‌ربازی‌و ملكه‌چكردنی بۆ سه‌روی خۆیان ده‌دات. به‌ڵام ئیسرائیل كارامه‌یی سه‌ربازی‌و هانده‌ری خۆبه‌خشی ده‌ده‌ن. سوپای سه‌نگاپوره‌، بۆیه‌ فێری ئیستعرازی عه‌سكه‌ری نه‌بوون.

سه‌نگاپوره‌و سه‌رۆكه‌كه‌یان، پشتیان به‌ پسپۆڕه‌كانی ئیسرائیل به‌ستووه‌. به‌قسه‌یان كردوون بۆ رێكخستنی سوپا. به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا، فشاری ئیسرائیلیان قبوڵ نه‌كردووه‌ كه‌ سه‌نگاپوره‌ دان به‌ ئیسرائیل بنێ‌‌و سه‌فاره‌ت له‌وكاته‌دا له‌وڵاته‌كه‌یان بكه‌نه‌وه‌.
ئه‌م سه‌رۆكه‌، له‌گه‌رمه‌ی بوژاندنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی‌و گه‌له‌كه‌ی‌و ژێرخانی ئابورییان بووه‌، به‌ڵام لوتبه‌رز نه‌بووه‌. كه‌سوكاری خۆیان پێشنه‌خستووه‌. چاوی له‌ هیچ كه‌موكوڕییه‌ك نه‌پۆشیووه‌. ماندوو نه‌بووه‌. ته‌نانه‌ت قبوڵی نه‌كردووه‌، به‌ شان‌و باڵیدا هه‌ڵبده‌ن. دژی ئه‌وه‌ش بووه‌ وێنه‌ی هه‌ڵبواسرێ‌‌و په‌یكه‌ری بۆ داتاشرێ‌. (بڕوانه‌ لاپه‌ڕه‌ -81-)

كاتێك سوپای به‌ریتانیاش (1971) ئۆردوگا سه‌ربازییه‌كانی جێهێشتووه‌و بایی سه‌دان ملیۆن دۆلار كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی‌و ئیداریی تیا بووه‌. شوێنه‌كانیشیان (15 هه‌زار) هێكهتار زه‌وی بووه‌. تێكڕا (11%)ی سه‌رزه‌مینی وڵاته‌كه‌یان له‌ژێر ده‌ستدا بووه‌. كه‌چی نه‌ك رێگه‌ی نه‌داوه‌ تاڵان بكرێ‌، به‌ڵكو به‌ پرۆژه‌یه‌ك كردویه‌تیه‌ شوێنی به‌رهه‌مهێنان‌و وه‌به‌رهێنان. به‌نده‌ له‌په‌راوێزی لاپه‌ڕه‌ (85)دا له‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ نوسیومه‌:
"ئه‌مه‌یه‌ په‌رۆشیی بۆ وڵات. شوێنه‌واری داگیركاری ده‌كه‌نه‌ بنه‌ماو سه‌رچاوه‌ی ئابوری".

له‌كوردستانیشدا، كوت‌ومت پێچه‌وانه‌كه‌ی كراو له‌دوای راپه‌ڕین، نه‌ك سه‌ربازگه‌و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی، به‌ڵكو ئامێرو كه‌ره‌سه‌و شۆڤڵ‌و بلدۆزه‌رو سه‌یاره‌و ته‌نانه‌ت مه‌وادی خامی یه‌ده‌كیش، تاڵان كران‌و كه‌ره‌سه‌ی سه‌دان ملیۆن دۆلار هه‌رزانفرۆش كران له‌سه‌ر ده‌ستی قاره‌مانه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی!!


ئەم بابەتە 79 جار خوێندراوەتەوە